سارا عومه‌ر خەڵاتی ئەدەبی لۆریاڵی زێڕینی پێبه‌خشرا

پەروەردە و پێگەیاندن
20/11/2020

 ڕێكەوتی 18ی نۆڤەمبەری  2020 لە شاری کۆپنھاگن لە وڵاتی دانیمارک خەڵاتی ئەدەبی ”لۆریاڵی زێڕین“(The Golden Laurel) بە خاتوو ( سارا عومەر) بەخشرا.

 سارا عومه‌ر له‌ ئه‌كاوتنی فه‌یسبوكی خۆیدا ده‌ڵێت: لە لای من بەرگریکردن لە ئازادی نووسین و ڕادەربڕین بابەتی ھەرە گرنگی ئەم سەردەمەی ئێستامانە. ئەم ئازادییە لە ئێستادا لەژێر ھەڕەشەیەکی بەردەوام و ھەمەلایەندایە. نەک تەنھا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵکو لەناو ئەوروپا خۆشیدا. باشترین نموونەیەک ئەم ھەڕەشەیەمان نیشانبدات سەربڕینی ئەو امۆستا فەرەنسییە بوو لەسەر بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین و ھەوڵدان بۆ ناساندنی منداڵان بەم ئازادییە و فێرکردنیان، کە ڕێزی لێبگرن. من وەک نووسەرێک ناتوانم ھەرگیز بەرامبەر بەم ھێرش و پەلامارەی ئازادیی نووسین و ڕادەربڕین بەگشتیی و ئازادی مرۆڤ لە ھەموو شێوەکانیدا بەتایبەتی، بێدەنگ بم.

 هه‌روه‌ها سارا : ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه کتێبەکانی بۆنی خوێنیان لێدێت، بەڵام خوێنی کێ؟ خوێنی ئەو ژن و کچانەی ڕۆژانە بە تۆمەتی جیاواز دەکوژرێن و لەدوای مردنیشیانەوە گۆڕێکیان پێ ڕەوا نابینرێت.
ده‌ڵێت: وەک نووسەرێک و وەک مرۆڤێک باوەڕی تەواوم بەوەیە، کە پێویستە ھەمیشە ڕووبەرێکی ئازاد بۆ ئەدەبیات ھەبێت و پارێزراوبێت، ڕووبەرێک بۆ ئەو شێوازانەش لە ھونەر، کە سنوورەکان دەشکێنن و ناترسن لەوەی شتێک بڵێن قبووڵنەکراو بێت و زۆرینەی کۆمەڵگا نەیەوێت بیبیستێ و بیبینێت.

ھیوادارم ئەم خەڵاتە شتێک لە ئومێد و باوەڕ لەناو ئەو کچ و ژنانەدا بچێنێت، کە وەک من لە ڕۆژگارێکدا بێدەنگ و بێکەسایەتی کراون، بەڵام بەپێداگرتن لەسەر تەسلیمنەبوون و لەسەر بەرەنگاربوونەوە، دەبنە خاوەنی دەنگی خۆیان. دەنگێک، کە دەشێت دنیا بیبیسێت و دانی پێدابنێت.

لۆریاڵی زێڕین، خەڵاتێکی ئەدەبیی دانیمارکییە، کە لە ساڵی ١٩٤٩دا دامەزرێندراوە، ساڵانه‌ بە یەکێک لە نووسەرەکانی وڵاتی دانیمارک دەبەخشرێت.
سارا عومه‌ر یەکەمین نووسەره‌ کە پاشخانێکی کوردیی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی ھەیە و پێشتر ئەو خەڵاتە بە کەسێکی ھەڵگری ئەو پاشخانە نەدراوە. ھەروەھا یەکەمین نووسەری پەناھەندەیه‌ کە ئەو خەڵاتە وەرده‌گرێت.

Designed and developed by AVESTA GROUP