خولێكی رۆژنامهوانی لهسهر پرسی ئافرهت و جێندهر ئهنجامدرا
رۆژی 31ی ئاب، خولێکی ڕۆژنامەوانیی
تایبەت بە (پرسی ژن و یەكسانیی جێندەر، ڕۆڵی زمانی ڕاگەیاندن لە بە
كۆمەڵایەتیكردنی جێندەر، ڕۆڵی بنیادنانی تواناكان بۆ كەرتی میدیا لەبارەی جێندەر و
میدیا) بۆ (15) ڕۆژنامەنووسی شاری هەولێر كرایهوه.
ئاڤان جاف، بەرێوەبەری خول بە هێلین میدیای ڕاگەیاند، ”کردنەوەی
خولەكە بۆ شارەزابوونە لەسەر پرسی ڕەگەز و جێندە، بۆ ئەوەی ئەو رۆژنامەنووسانەی لە
دەزگا جیاوازەكان کاردەکەن بتوانن، نیشانە میدیاییەکان لە ڕوماڵەكانیاندا
یەکسانخوازان ڕەنگبداتەوە و هەوڵ بدەن زمانی ڕاگەیاندنیان پڕبێت لە خۆشەویستی و
یەکسانی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان.”
وتیشی، ”پێویستە ڕێکخراوەکان پێكەوە هاوپەیمانیەتی بكەن و
بەوشێوەیە کاربکەن، لەبەرئەوەی کاری میدیایی کارێکی مڕۆڤانەیە و پێویستی بە وزەیە
و گۆڕانکاریشی بەسەر دادێت بە گوێرەی كات و شوێن.”
باسی لەوەشكرد، ”گرنگە ڕۆژنامەنووسان خۆیان نوێ بكەنەوەو پاشخانی
زانیارییان بەهێزبکەن لەڕیگای بەشداریکردن لە خولەکانی ڕاهێنانی ڕۆژنامەوانی.”
هودا حەوێزی، یەكێك لە بەشداربووانی خول و قوتابی بەشی ڕاگەیاندن
بە ”هێلین”ی وت، ”سودی زۆری لە خولەكە بینیوە و داواشیكرد، ئەم خولانە بەردەوامیی
هەبێت، بۆ ئەوەی خزمەت بە پرسی ئافرەتان بكرێت و ببێتە فاكتەرێكیش بۆ زیاتر
هاتنە پێشەوەی ئافرەتان بۆ ناو بواری ڕاگەیاندن و لەو ڕێگەیەوە یەكسانی جێندەری
بێتە كایەوە.”
فەرمان سادق، یەكێكی ترە لە بەشداربووانی خول بە ”هێلین”ی وت،
”پرسی جێندەر لە هەرێمی كوردستان پرسێکی گرنگە و پێویستە بەردەوام خول و وۆركشۆپ
بکرێتەوە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش بابەتی هۆشیاری بە پرسی جێندەر بڵاوبکەنەوەو
دەرفەت بڕەخسێنن بۆ کچان و ژنان لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی باڵانسی جێندەری
هاوسەنگ بكرێت.”
ئاماژەی بەوەشكرد، ”دەیان ئافرەتی بەتوانا هەیە پلەی باڵایان
هەبووە و زۆر لێهاتوانەش ئیدارەی کوردستانیان بەڕێوەبردووە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە
ئیتر ئافرەتان لە ناوەندەكانی بڕیاردان بەشداریان پێبكرێت و ڕۆڵ و دەرفەتیان
پێبدرێت.”
جەختیشی كردەوە، ”لەمەودوا پێویست ناکات ئافرەتان لەژێر سێبەری
پیاواندا سیاسەت بكەن و پێویستە ئەو دەرفەتەی بۆ پیاوان ڕەخسێنراوە و زەمینەسازی
بۆ كراوە، بە هەمان شێوە بۆ ئافرەتانیش بکرێت.”
ڕێژین محەممەد، بەشداربوویەكی تری خول و قوتابی زانکۆ بە هێلین
میدیای وت، ”ئەم خولانە كە لەسەر پرسی جێندەر و مافە یاساییەکانی مرۆڤ دەكرێتەوە،
سودێکی زۆری بۆ ئافرەتانی میدیاکار و قوتابیانی ڕاگەیاندن هەیە لەناو میدیای کوردی
و کۆمهڵگەی کوردیدا.”
داواشیكرد، ”ئەم جۆرە خولانە بەردەوامیی پێبدرێت، بۆ ئەوەی
ئافرەتانی میدیاکار بتوانن، لەڕێگای ئەم خولانەوە پەرەی زیاتر بە تواناکانیان بدەن
و سوودێك بە ڕەوشی ئافرەتان و پرسی جێندەر بگەیەنن.”
خولەكە لهلایهن رێکخراوی ئیمە” بۆ گەشەپێدانی مرۆیی
كرابۆوه و بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بەردەوام بوو، تیایدا (15) فێرخواز بەشداربوون و
بابەتەكانیشی لەلایەن، هەردوو ڕاهێنەر (ئاڤان جاف، پهیڕهو ئەنوەر) پێشكەش كراو
لەکۆتاییدا بڕوانامە بەخشرا بە بەشداربووان.
رێژین سیامند