رۆڵی په‌روه‌رده‌ی خێزان لە کەمکردنەوەی تاوان

پەروەردەی خێزان
30/05/2022



سیستەمی پەروەردە و فێرکردن بە سیستەمێکی چالاک و بنەڕەتی دادەنرێت بۆ بەرهەمهێنان و دروستکردنی تاکێکی تەندروست ، دەتوانین بلێن پەروەردەیەکی دروستی تاکەکان وا دەکات کە کۆمەڵگایەک تەندروست بەرهەم بێت کە دووربێت لە بیری توندوتیژی. (فێرکردن و ڕاهێنان و پەرەپێدان) بە تاکەکان لەڕووی گوفتار و کردەوەکانیان بە سێ بابەتی گرنگ دادەنرێت تاکو منداڵ هەر لە قۆناغەکانی (منداڵی، هەرزەکاری و گەنجی) تێپەڕ دەکات، پێویستی بە ئاراستەکردن و هاندان و ڕاهێنان هەیە، بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکانی ژیان، چونکە گۆڕانکارییەکان کە ڕوودەدەن لە توانای کۆمەڵگادا نین بەڵام پەروەردەکردن و تێگەیاندنیان لە گۆڕانکاریەکان ئەرکی خێزان و کۆمەڵگه‌یە بیگرێتە ئەستۆ تاکو تاک دەگات بە لوتکەی پێگەیشتن و ئاستی معریفی بە تەواوی گەشە دەکات.
هەمیشە دایکان و باوکان لە هەوڵدانێکی زۆردان بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە منداڵەکانیان بەخێوبکەن، بەڵام هەندێک جار لایەنی پەروەردەیی منداڵ فەرامۆش دەکرێت، ئەوەندەی گرنگی بە دابینکردنی پێداویستیەکان دەدرێت ئەوەندە گرنگی بە لایەنی پەروەردە نادرێت. بەمەش لەنگیەک لە پەروەردەی تاک دروست دەبێت، زۆر جار گرفت بۆ کۆمەڵگاکەش ساز دەبێت.
هەمیشە پەروەردەیەکی تەندروست بۆ تاک ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لە کەمکردنەوەی (تاوان) زۆر گرینگە دایکان و باوکان و خێزان کۆمەڵگا و سیستەمی پەروەردە قوتابخانەکان و دایانگاو بەخچەکان پەروەردەکردنی منداڵ وەكو بابەتێكی فیزیكی سادە سەیر نەكەن ،بەڵکو پێویستە زیاتر لە چوارچێوەی پەروەردەیەکی تەندروست بێت نەک بە تەنها خۆی لە دابین کردنی پێویستییەکانی ژیاندا خۆی ببینێتەوە، پەروەردەی منداڵ وەك بەرپرسیارێتییەكی گەورە وپرۆسەیەکی دوور مەودا سەیربکرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کۆمەڵگایەکی ئارام بێتە کایەوە دووربن لە بیرو هزری تاوانکاری.
وەک دەبینین و دەبیستین ڕۆژانە کۆمەڵگه‌ ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ڕووداوی نەخوازراوی تاوان و کوشتن دەبێتەوە کە کۆمەڵگا دەهەژێت لەگەڵ هەر ڕووداوێک دەبێتە جێگای باس و خواس بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دووبارە و دە بارە دەبێتەوە ،کە لە ئەنجامی لە دەستدانی بەها گرنگەکانی تاک دێتە ئاراوە ،دەروونی تاک شێواوە پەروەردەیەکی تەندروست نەکراوە کە بتوانێت بەسەر هەموو بارودۆخەکاندا زاڵ بێت  .
هەبوونی گیانی بەرپرسیارێتی دایک و باوک لە بەرامبەر پەروەردەکردنی منداڵەکاندا زۆر کاریگەرە و بە یەکەمین قوتابخانەی منداڵ دادەنرێت ئەرکی دایک وباوکە وەک بەرپرسی منداڵ لە بناغەوە جوانی و بەهاکانی ژیانی فێر بکات ، ، چونكە هەر كەم تەرخەمی و هەڵەیەك لە لایەن دایک و باوکەوە دەبێتە مایەی لادان و گێژاو شێواوی لە دەروونی منداڵدا کە کاریگەری گەورە لەسەر داهاتووی جێدەهێڵێت زۆبەی کات پێشینەی تاوانەکان لەمەوە سەری هەڵداوە لە ئەنجامی هەڵەو و توندوتیژیەکی ڕابردوو پێگەیاندنی تاک و پەروەردەیەکی دروست هەمووکاتێک ڕێگا خۆشکەرە بۆ فەراهەم کردنی کۆمەلگایەکی تەندروست .

ڕێژین قاسم محمود

Designed and developed by AVESTA GROUP