ڕۆژی جیهانی کرێکاران

کوردستان
پێش 3 هەفتە

سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بەرێز زیبا تەها لە مەراسیمێکی تایبەتدا پیرۆزبای رۆژی جیهانی کرێکارانی لە کرێکارانی کوردستان بە گشتی و کرێکارانی ئافرەت بە تایبەتی کرد و وتارێکی تایبەتی بە ئافرەتانی کرێکار پێشکەش کردن ئەمەش دەقی وتارەکەیەتی. ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە سەرجەم کرێکارانی کوردستان بە تایبەتی لە کرێکارانی ئافرەت لە هەموو سێکتەرەکانی کار پیرۆز بێت لە هەموو ئەو ئافرەتانەش کە ئازایانە کۆت و بەندەکانی داب و نەریتیان پساندووە و هاتونەتە گۆڕەپانی کار.. بەوەش هەم بژێوی خۆیان پەیدا دەکەن هەم بەشدار و هاوبەشن لە دابینکردنی بژێوی خێزان، هەم لە گەشەکردنی ئابووری هەروەها بەخشینی سیمایەکی شارستانیانە بە کۆمەڵگەکەمان...
ئێمە لە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان ئامانجی سەرەكی كار كردنمان ئەوەیە کە پەیوەندی لە نێوان مرۆڤەكان و لەگەڵ مرۆڤ تەنیا لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی بێت..  بوونی دەرفەتەکانی کار و پێگەیاندن و تواناسازی بۆ هەر دوو ڕەگەز یەکسان بێت و، تەنیا پێوەری دەستکەوتنی کار ئاستی توانا و کارامەیی بێت، نەک ڕەگەزی مرۆڤ، یاخود لەپێشدانانی ڕەگەزێک و فەرامۆشکردنی ڕيگەزێکی دیکە.. چونکە ناهاوسەنگی دەرفەت لە نێوان ئافرەت و پیاو زیان بە کۆمەڵگە و وڵاتەکەمان دەگەیەنێت.

لەو چوارچێوەیەدا، یەکێک لەو بوارانەی کە لای ئێمە گرنگی لەڕادەبەدەری هەیە، بواری کار و کارکردنی ئافرەتە، ڕەخساندنی دەرفەتی کاری یەکسانە لە بازاڕی کاردا بۆ هەر دوو ڕەگەزی مرۆڤ..چالاکی ئەمڕۆشمان و ڕێکخستنی ئەم ڕێزلێنانە بۆ ئێوەی بەڕێز وەک هاندانێکە بۆ بەردەوامی و کۆڵنەدان و پشودرێژیتان.. چونکە بەدڵناییەوە، ئێمە بە تەواوی ئەوە دەزانین، کە بەهۆی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان، کارکردنی ئافرەت ڕێگری و ئاستەنگی زۆری لە پێشە...
ئێمە لە یەکێتی ئافرەتان گرنگییەکی زۆر بە تواناسازی پیشەیی ئافرەتان دەدەین، تەنانەت بەشێکمان تەرخانی ئەم بوارە کردووە و لە ڕێگەی خولەکانمانەوە ساڵانە هەزاران ئافرەت فێری پیشە دەکەین و بۆ کار ڕایان دەهێنین.. چونکە بڕوای تەواومان بەوە هەیە، کە کۆمەڵگە بە توانای هەر دوو ڕەگەز پێش دەکەوێت .. هاوکات بڕوامان بە گرنگی ئابووری سەربەخۆ بۆ ئازادی ئافرەت و دەربازبوونی لە ژێردەستەیی و پاشکۆیی هەیە..
هەر بۆیە، پشتیوانی خۆمان بۆ ئێوەی بەڕێز و بۆ هەموو ئافرەتان کە کار دەکەن دەردەبڕین و هیوادارین هەموو ئافرەتان کە بێکارن و چاوەڕێی دەستی خەڵکانی ترن، بژێوییان دابین بکات هەمان ڕێگای ئێوە بگرنە بەر و کار بکەن..
هیوادارم لە شوێنی کارزەمینەی لەبارتان هەبێت و شوێنکارەکان بە تەواوی بۆ کاری ئافرەت گونجاو بن،، لە هەرێمی کوردستان و لە سایەی کارەکانی حکومەتی هەرێم یاسا پشتیوانی ئافرەتە و هیچ ڕێگرییەکی یاسایی لە پێش دەرکەوتنی ئافرەت نییە، هیوادارم هەموومان سوود لەو دەفەتە وەربگرین و خزمەتی کوردستان بکەین...پشتیوانی حکومەت بین و بە کار و بە خۆپێگەیاندن و خۆ پێشخستن کۆمەڵگەکەمان بەرەو پێش ببەین..

Designed and developed by AVESTA GROUP