سه‌ردانی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان بۆ سه‌ر ئارامگه‌ی شه‌هید خه‌جه‌ باوه‌

ڤیدیۆ
11/03/2021

ئەمڕۆ ١١ی ئازار لە ساڵیادی ڕاپەڕینی جەماوەری ھەولێری پایتەخت و ھاوکات ساڵڕۆژی شەهیدبوونی (خەجە باوە) سیمبولی ڕاپەڕینی شاری هەولێر؛ بە ئامادەبوونی خاتوو فەریدە کچی گەورەی خەجەباوە لەسەر ئارامگەی شەھید یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان سەری ڕێزیان دانواند لە ئاست ڕۆحی ئەو ئافرەتە پێشەنگە و گەورەیی ڕۆڵ و تێکۆشانی. ئەمەش لە چوارچێوەی گرنگیدانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بە مێژووی بەشداری ئافرەت لە بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کوردستان و زیندوو ڕاگرتنی ناو و یادی ھەموو ئەو تێکۆشەرانەی لە پێناو سەربەخۆیی و سەربەرزی نەتەوەمان، بۆ پاراستنی شکۆمەندی خاکمان، بەبێ جیاوازی بیروڕا خۆیان فیدای نیشتیمان کرد. خەجەباوە، ئەو ئافرەتە تێکۆشەر و بوێرەی بوو بە پێشەنگ و سەرمەشقی جەماوەری هەولێر بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ستەمکاری ڕژێمی بەعس و بە خوێنی گەشی ڕاپەڕینی ھەولێر سەرکەوتنی بەدەستھێنا. خەجەباوە ئەو کەڵەئافرەتەی سەلماندی ھیچ بوار و مەیدانێک نییە؛ ئافرەت نەتوانێ سەرمەشق و ئاڵاھەڵگری نەبێ، ئیتر با ڕووبەڕووبوونەوەی ناھەموارترین دەسەڵاتی ستەمکار و خوێنڕێژیش بێت، ئەو بە خوێنی گەشی سەلماندی قەڵغانی گوللە سینگی کچانە لە هەڵمەتا.  

Designed and developed by AVESTA GROUP