ئافرەت پیاو دەخوڵقێنێت

پرسی ئافرەتان
02/09/2019

ئافرەت پیاو دەخوڵقێنێت
 حەمەسەعید حەسەن

خۆشەویستی وەک فرۆید دەیویست پیشانی بدات، هەر سێکس نییە،
بەڵکوو سێکس، ئەگەر لە سنوورێکی گونجاودا بێت،
جۆرێکە لە دەربڕینی هەستی خۆشەویستی.

هەن پێیان وایە، خۆشەویستی بە کۆسپەوە خۆشە و ئەگەر هیچ بەربەستێک لە ئارادا نەبێت، پێویستە بە ئەنقەست، تەگەرە لە بەردەمیدا دروست بکەین! ئۆڤیدی شاعیری ڕۆمانی دەڵێت:

هەر چی بە ئاسانی دەستمان بکەوێت،
تەمەنکورت دەبێت،
پیاو چونکە بە ئاسانی پێی دەگات،
زوو لە ژنی خۆی بێزار دەبێت.

خۆشەویستی هەندێک جار لە وەختی نەگونجاودا پەیدا دەبێت، یان لە کاتی چاوەڕواننەکراودا، بزر دەبێت. خۆشەویستی کانییەکە لە وشکبوون نایەت و بارانێکی بەخۆڕە، خۆش ناکاتەوە. خۆشەویستی هەر لە ژانی منداڵبوون دەچێت، ژانێک کە ژن بە پیرییەوە دەچێت و لە پێناوی ئەوەدا ببێت بە دایک، سڵی لێ ناکاتەوە.

ئەگەر هاوسەرگیری، لە ئەنجامی خۆشەویستییەکی ڕاستەقینەوە سەری هەڵنەدابێت، بە جیابوونەوە کۆتایی دێت و لە حاڵەتی وەهادا، منداڵ باجی هەڵەی گەورەکان دەدات. با باوک یان دایک کەسی دیکەی خۆش بوێت و نیازی پێکەوەنانی ژیانی تازەیشی هەبێت، هێشتا هەر ئەوە هەڵەی خۆشەویستی نییە کە باوك یان دایک دەست لە منداڵی خۆی هەڵدەگرێت، بەڵکوو هەڵویستی وا نائینسانی، بڕوابوونە بە تۆڵەسەندنەوە و زادەی هەستنەکردنە بە بەرپرسیاری و لە سۆنگەی لاوازی و خۆپەرستییەوەیە.

خۆشەویستی هەستێکی پاکژ و جوانە و هەمیشە ئەویندار، ڕێزێکی زۆر و قووڵی بۆ خۆشەویستەکەی هەیە، وەک نموونەی باڵا سەرنجی دەدات و تەنانەت ئەوەندە بە پیرۆزی دەزانێت، ئامادەیە  کڕنووشی بۆ ببات و ژیانی خۆی بە قوربانی بکات، بۆیە خۆشەویستی هەرگیز ڕووخێنەر نییە، هەمیشە بونیادنەرە و پێوەندییەکە، ئینسان لە ڕێیەوە بە هەواری کامڵبوون دەگات. خۆشەویستی، واقیعێکە تەمومژاوی و ئاڵۆز، ئاخر ئەوە تەنیا داوێکە قین لە ئەوین جودا دەکاتەوە و ڕەنگە یەک هەنگاوی هەڵە، ئەوین بگۆڕێت بە قین. لە ئەویندا ئینسان نابێت بایەخ بە شتە بچووکەکان بدات و ئەویندار پێویستە کەسێکی زیرەک و سینگفراوان بێت، کەسێک توانای ئەوەی هەبێت، بە چاوی دڵ ببینێت، نەک تەنیا بە چاوی سەر، کەسێک گەردێک لە خۆپەرستیی تێدا نەبێت، ئەگەر نا ڕەنگە ئەوین، لە بەختەوەرییەوە بگۆڕێت بە نەفرەت.

خۆشەویستی سەرچاوەیەکی ڕۆشنە، ڕۆشنتر لە خۆر، ژیانی مرۆڤایەتی ڕووناک دەکاتەوە. خۆشەویستی، وەک چاکە و  سۆز و دلۆڤانی وایە، بە گژ قین و شەڕ و تاواندا دەچێتەوە. خۆشەویستی نە سەرچاوەی شەڕە، نە هەوێنە بۆ کاری خراپ و قەتیش ناکەوێتە خانەی بەدڕەوشتییەوە. ئەو تاوانانەی ڕوو دەدەن، بە زەبری ئەوین ئەنجام نادرێن، ئاخر بەدگومانی و قین، تاوانیان لێ دەکەوێتەوە، نەک سۆز و ئەوین. بە هۆی ئەوینەوە نەبوو کە ئۆتێللۆ دێزدەموونەی بەوەفای کوشت، لە ئەنجامی بەدگومانییەوە بوو. بەدگومانی، کاتێک سەرهەڵدەدا، ئینسان بڕوای بە خۆی لاواز بێت، بە دەربڕینێکی دیکە، گرێی هەستکردن بە کەموکووڕیی هەبێت. زۆر جار بەدگومانی لەوەوە پەیدا دەبێت، ئەم ئەوی دیکە بە موڵکی خۆی دەزانێت، بە مەرجێک لە نێوان دوو ئەوینداردا، نە موڵک هەیە، نە خاوەن موڵک.

کەسێک خۆپەرست بێت، نە بۆ هاوڕێیەتی دەشێت، نە بۆ خۆشەویستی، ئاخر خۆپەرست، نە هاوسۆزیی لێ دەوەشێتەوە و نە ددان بە دڵسۆزیی ئەوانی تردا دەانێت، خۆپەرست نە متمانەی بە خۆی هەیە، نە بە کەسانی دیکە و هەمیشە گومان دەروونی دەکرۆژێت. گومان جنۆکەیەکە باڵی مەلی خۆشەویستی دەشکێنێت و درەختی متمانەبوون بەوی دیکە، بنکۆڵ دەکات. گومان هەستێکە، هەق بوو نەبێت، ئاخر ئەگەر کەسێک خۆشی بوێین، پێویستمان بەوە نابێت گومانی لێ بکەین، ئەگەر هیچ خۆشەویستیشی بۆمان نەبێت، ئیدی لە پای چی گومانی لێ بکەین؟ ئەگەر گومانمان لە کەسێک هەبێت، دەیخەینە ژێر چاودێرییەوە، چاودێریکردنیش، هیچ لەگەڵ ئەویندا کۆی ناکاتەوە و بە چاوی گومانەوە سەرنجدانی ئەم و ئەو، هەم ئازادی لێ زەوتکردنە و هەم ئەوپەڕی بێڕێزی پێکردن.

خۆشەویستی بەدەر لە ویستی خۆمان ڕوو دەدات و ئەگەر بەرەو ڕووی ببینەوە، ئەوە گرنگترین ڕووداو دەبێت لە ژیانماندا، ئاخر دەستبەجێ پێمان وا دەبێت، بووین بە خاوەنی هەموو شتێک. ئەوە خۆشەویستییە وامان لێ دەکات، هەست بکەین لە تەلاری بەختەوەریدا ژیان بەسەر دەبەین، بە پێچەوانەی هاوسەرگیرییەکەوە، خوێنی ئەوین بە دەماریدا نەگەڕێت، کە لە زیندان دەچێت، زیندانێک خۆمان دروستمان کردبێت.

خۆشەویستی بناغەی ژیانە و هەر چی دیکە هەیە، دوای ئەوین دێت، چونکە لووتکەی بەختەوەری ئەوەیە، دوو کەس پێکەوە کۆشکی ئەوین ڕۆ بنێن، کۆشکێک هێلانەی دوو ڕۆحی ئازاد بێت، ئاخر خۆشەویستیی ڕاستەقینە، لە سەرەتاوە ڕۆحییە و دواتر لێک نزیکبوونەوەی جەستەیی دێتە ئاراوە. شاعیری ئەڵمانیایی هۆڵدەرلین (١٧٧٠ - ١٨٤٣) دەڵێت:

 لەمێژبوو چاوەڕێم دەکردی،
پێش ئەوەی پێت بگەم،
دڵم پێی گوتبووم،
ڕۆژێ دێی.

کە دوو کەس بە ڕاستی یەکدییان خۆش دەوێت و لەگەڵ یەکتردا دەگونجێن، بەوە نەک هەر کەسیان دەستبەرداری لایەنە تایبەتییەکانی خۆی نابێت، بەڵکوو تایبەتمەندییەکانی هەر یەکێکیان دەوڵەمەندتر دەبێت و تۆختر دەبێتەوە. تا تایبەتمەندییەکانی هەر یەکێکیان زێتر گەشە بکات، خۆشەویستییەکەیان بەهێزتر و پێکەوە گونجاوییەکەیان پتەوتر دەبێت، ئاخر جیاوازییە تایبەتییەکانی نێوانیان، دەبێتە هۆی ئەوەی زێتر پێویستیان بە یەکدی ببێت، زێتر لە یەکدی نزیک ببنەوە، یەکتری دەوڵەمەندتر و کامڵتر بکەن و هەر یەکێکیان بەبێ ئەوی تریان، خودی خۆی بە هەژار و ناکامڵ بزانێت. فیورباخ دەڵێت: (ژن و پیاو پێکەوە ئینسانێکی کامڵ پێک دەهێنن، بێ ئەو یەکبوونە، ئینسانی کامڵ نین، هەر یەکێکیان بەشێکە لە ئینسانێک.)

لە خۆشەویستیدا، جیاوازی و تایبەتمەندییەکانی نێوان دوو ئەویندار، دەبێتە هۆی ئەوەی هەر یەکێکیان زێتر پێویستی بەوی دیکەیان ببێت و هاوسۆزی لە نێوانیاندا پتەوتر ببێت. جیاوازییە تایبەتییەکانی نێوان نێر و مێ، دەبێتە هۆی ئەوەی لە یەکدی نزیکتر ببنەوە و زێتر حەوجەیان بە یەکدی ببێت. ئەوە ئەو جیاوازی و تایبەتمەندییانەیە، وا دەکەن ئینسان چۆن پێویستی بە خۆر و هەوا هەیە، هەر وایش پێویستیی بە سۆز و خۆشەویستی هەبێت. نابێت ئەوینداران لێ بگەڕێن، خۆشەویستی وەک خوویەکی جێگیری لێ بێت، ئاخر ئەوسا لە یەکدی تێر دەبن و یەکدییان لەبەر چاو دەکەوێت. ئەوە هەوڵدانە بۆ بەرپاکردنی گۆڕانکاری لە خۆشەویستیدا، وا دەکات بەردەوام خۆشەویستی نوێ ببێتەوە و بە زیندوویی بمێنێتەوە. هەندێک جار بە ئەنقەست لە یەکدی دوورکەوتنەوەی کاتەکی، خۆشەویستی دەبووژێنێتەوە و لێ ناگەڕێت ئەوینێکی ماندوو، ببێتە ئەوینێکی مردوو. ئەلێکسی تۆلستۆی (١٨٨٢ - ١٩٤٥) دەڵێت:


خۆشەویستم!
کە بەڵا بەسەرمدا دەبارێت،
ئەگەر گوتم ئیدی خۆشم ناوێی،
بڕوام پێ مەکە،
کە زەریا لە سەروەختی داکشاندا بوو،
پێت وا نەبێ
ناپاکیی کردووە،
ئاخر هێندە نابا،
دیسان زەوین
پڕ دەکاتەوە لە ئەڤین.

ئینسان خۆی چۆن بێت، خۆشەویستییەکەیشی وەها دەبێت، ئینسانێکی بچووک، ناتوانێت ئەویندارێکی مەزن بێت. خۆشەویستی تا لە بواری غەیری سێکسیدا بەرفراوانتر و دەوڵەمەندتر بێت، لە بواری سێکسیشدا پتەوتر و دەوڵەمەندتر دەبێت. کەسێک نە خەڵکی خۆش بوێت، نە نیشتمانی خۆش بوێت، نە سروشتی خۆش بوێت و نە ئەدەب و موزیکی خۆش بوێت، ئەستەمە بە قووڵی تاقە ئینسانێکی خۆش بوێت. ئینسان ئەگەر خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی گشتی نەبێت، ئەگەر هەستی ناسینەوەی جوانی شک نەبات، ئەگەر ڕێز لە بەها بڵندە ئینسانییەکان نەگرێت، ناتوانێت خاوەنی خۆشەویستییەکی مەزن بێت. وەک چۆن لە هەناوی هەموو بەردێکدا، پەیکەرێک زیندانی کراوە و تەنیا پەیکەرتاشی هونەرمەند لە توانایدا هەیە، دەرگای لێ بکاتەوە، تەنیا عاشقی لێزانیش، لە توانایدا هەیە، بوار نەدات ئەو گوڵی ئەوینەی لە ناخی ئینساندایە، بژاکێت و هەڵبوەرێت.

نووسەری ڕووس سۆخۆملینسکی (١٩١٨ - ١٩٧٠) کە لە بواری پەروەردەدا زانایە، دەڵێت: (لە پەروەردەکردنی خۆشەویستیدا، ژن ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت، ئاخر ژن هەر دایکی منداڵ نییە، پیاویش پەروەردە دەکات، ئەوە ژنی ئازا و بەهێز و دڵسۆزە، پیاوی ئازا و بەهێز و دڵسۆز دەخوڵقێنێت و پیاو لە ژنی ڕۆحدەوڵەمەندەوە، فێر دەبێت، قەدری جوانی بگرێت.) وەک چۆن لە هونەردا، بەهرەمەندی گەورە هەیە، لە ئەوینیشدا، عاشقی مەزن هەیە، ئەوینی مەزن، وەک ئەوینی (جیهان شا)یە، بۆ (مومتاز)ی ژنی، کە پەرستگەی (تاج مەحەل)ی لە کەناری ڕووباری جەمنا، بۆ بونیاد نا و تا مرد ناپاکیی لە یادەوەریی ژنەکەی نەکرد. فەیلەسووفی ئەڵمانیایی شیلینگ (١٧٧٥ - ١٨٥٤)  کە ئەویش ئەویندارێکی گەورە بوو، لەسەر کێلی مەزاری ژنەکەی دەنووسێت: (خوا تۆی بە من بەخشیوە، مەرگ ناتوانێت تۆم لێ بسەنێتەوە.) شاعیری بەلچیک، ئێمیل فێرهارن (١٨٥٥ - ١٩١٦) خەوی بەوەوە دەدی، ئەم پێش مارتای ژنی بمرێت، تا ئەو بە دەست و پەنجەی خۆی، چاوەکانی ئەم دابخات.

لای شاعیری ڕووس سۆلۆڤیۆڤ (١٨٥٣ - ١٩٠٠) سێ جۆر لە ئەوین هەیە: ئەوینی داکشاو کە زێتر دەبەخشێت وەک لەوەی وەربگرێت، وەکوو خۆشەویستیی باوک و دایک بۆ منداڵەکانیان. ئەوینی هەڵکشاو کە زێتر وەردەگرێت وەک لەوەی ببەخشێت، وەکوو خۆشەویستیی منداڵان بۆ دایک و باوکیان. ئەوینێک کە  بەخشین و وەرگرتن تێیدا یەکسانن، وەکوو خۆشەویستیی جەستەیی نێوان ژن و مێرد. ئیفلاتوون لە هەوڵی ئەوەدابوو، ئەو خۆشەویستییە سێکسییە ڕووکەشەی نێوان ژن و پیاو، بۆ خۆشەویستییەکی باڵا بگۆڕێت، بۆ خۆشەویستییەک کە ڕۆحە جوانەکان پێکەوە ببەستێتەوە و ببێتە خۆشویستنی جوانی و خێر و حەقیقەت و خودا. ئیفلاتوون پێی وابوو، خۆشویستنی ئینسان، هەنگاوی یەکەمە بەرەو سەرهەڵدانی هەستی باڵا و پاکژی ئایینی و بەرەو خۆشویستنی خودامان دەبات. بەڵام سیمۆن فرانک (١٨٧٧ - ١٩٥٠) کە فەیلەسووفێکی ڕووسە، پێی وایە، چونکە خۆشویستنی ئینسان، خۆشەویستییەکی واقیعی و هەستپێکراوە، بۆیە باڵاترین و زیندووترین جۆری خۆشەویستییە. مارکس لە نامەیەکدا بۆ (جێنی)ی ژنی دەنووسێت: (هەست دەکەم پڕ بە پێستی وشەکە، ئینسانم، ئینسانێکی تەواو، چونکە خۆشەویستیی تۆ شک دەبەم. ئاخر تەنیا بە هۆی خۆشویستنی ئینسانەوە، بە تایبەتی ئینسانێکی وەک تۆ، ئینسان سەرلەنوێ لە دایک دەبێتەوە.)

ئینسان ئەگەر خودی خۆی خۆش نەوێت، ناتوانێت هەبوونی خۆی وەک ئینسان بسەلمێنێت و پێی ناکرێت، کەسی تریشی خۆش بوێت. بۆ ئەوەی ببین بە ئینسانی تەواو، تەنیا ئەوە بەس نییە، یەک ئینسانی دیاریکراومان خۆش بوێت، ئاخر خۆشویستنێک ئاوێتە نەبێت بە خۆشویستنی مرۆڤایەتی، بەرەو ئەوەمان دەبات، هەوڵ بدەین، ئەو تاقە ئینسانە بکەین بە موڵکی خۆمان و ویستی خۆمانی بەسەردا بسەپێنین. ئینسان چونکە خۆیشی ئینسانە، بۆیە دەبێت خۆیشی خۆش بوێت و وەک چۆن خۆی خۆش دەوێت، خەڵکی تریشی خۆش بوێت، بە چاوپۆشین لەوەی ئەو خەڵکە دەناسێت، یان نا. خۆخۆشویستن، خۆپەرستی نییە، ڕێز لە خۆ گرتنە، ڕێز لە خۆ گرتنیش، ڕێز لە کەسانی دیکە گرتنە، ئاخر ئەوی ڕێز لە خودی خۆی نەگرێت، وەک مەحاڵ وایە، ڕێز لە کەسانی تر بگرێت. پاسکاڵ فێرمان دەکات، قینمان لە لایەنە تاریکەکانی خۆمان بێت و تەنیا لایەنە گەشەکانی خۆمان خۆش بوێت، ئەگەر نا لەگەڵ حەقیقەت و دادپەروەریدا دەکەوینە ناکۆکییەوە، ئەگەر نا ناتوانین بەسەر خۆپەرستیی خۆماندا زاڵ ببین.
*

(١) ستریلتسوفا، مصیر الحب الیوم، بحث سیکولوجی أخلاقي.
(٢) أ. أ. إیفین، عالم الحب المتعدد
(٣) فلسفة الحب، مجموعة من المٶلفین، ترجمة: هیثم صعب، الجزء الأول، دار المدی للثقافة والنشر ٢٠١٠ دمشق.

 * ئەم بابەتە لە گۆڤاری شیکار ژمارە (٢٦) بەهاری ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە
شیکار گۆڤارێکی وەرزی هزرییە و تایبەتە بە لێکۆڵینەوە. پەیمانگای یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بۆ پرسە کۆمەڵایەتیەکاندەریدەکات



Designed and developed by AVESTA GROUP