پرسی ئافرەت لەناو سێکتەرەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان

دیمانە
02/09/2019

  لێدوانی بەرێز ناسک سعید ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان تایبەت بە پرسی ئافرەت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان:   گرنگیدان بە پرسەكانی ئافرەتان لەكۆی سێكتەرەكان لەناو دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە یەكێتی ئافرەتان ئەو كارەی كردوە بە ئەولەویەتی خۆی و لەچوارچێوەی بەرنامەی كاردا فۆكسی زیاتری دەخاتە سەر. بۆچونمان وایە بەشداری كارای ئافرەتان لەناو دامەزراوە و بەرێوەبردندا فاكتەری سەرەكی دەبێت بۆ دروستبونی ئافرەتی سەركردە لەهەموو بوارە جیاوازەكاندا و هاوكات هۆكارێكیش دەبێت بۆ بەشداریكردنی ئافرەت لە ئاراستەكردن و جێبەجێكردنی ستراتیژییەتی حكومەت، هەموو ئەمانەش دەتوانن كاریگەری لەسەر روئیای خەڵك دروست بكەن كە ئافرەتان دەتوانن كارەكتەرێكی ئیداری، سیاسی بن و بەم رێگەیەش كۆمەڵگەیەكی مۆدێرن بەرجەستە دەبێت لەم سۆنگەوە بوو كە ئێمە لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان داواکاریمان ئاراستەی بەرێز كاك مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بەهۆی كارە لەپێشینە سەركەوتوەكانی لەبواری ئارامی و ئاسایشی كوردستان و ئەزمونی جیاوازی ئەو دڵنییامان پێدەبەخشێت لە سەركەوتنی كارەكانی لە كابینەی نۆیەمدا، وە پەسەندكردنی ئەو پێشنیارانەی تایبەتن بە ماف و پرسی ئافرەتان بەشێك دەبن لە پاكێجەكانی حوكمڕانیكردندا. وێنا دەكەین بەشداری ئافرەت لە پێكهاتەی حكومەت لە پێشینەی بایەخ و گرنگیدان بێ و پرسی ئافرەت لە كارنامەی حكومەت بە شێوەی تیۆری جێگەی بكرێتەوە و، بە میكانیزمی نوێ و گونجاو لەگەڵ ئەم قۆناخەدا كار بۆ جێبەجێکردنی بكرێت، بە شێوەیەک کە بارودۆخی هەمەلایەنەی ئافرەت و هەلومەرجی گشت ئافرەتان لەبەرچاو بگرێت و خواست و پێداویستیەكانیان لە چوارچێوەی كارنامەی حكومەت رٍەنگ بداتەوە. چەند داواكاری و پێشنیازێكمان پێشكەش بە بەرێزیان كرد و تیشكمان خستە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە: 1- لەسەر بنەمای، یەکسانی ڕەگەزی پێشمەرجی حوکمڕانی مەدەنی و مۆدێرنە؛ داواکاری تەرخانکردنی ڕێژەی ٣٠% ین، بۆ ئافرەتان لە پێکهاتەی حکومەت لەسەر ئاستی وەزیر و لەناو وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکانی حکومەت و سلکی دیبلۆماسی و نوێنەرایەتیەکانی حکومەت و بەخشینی پلە و بەرپرسیاریەتیەکانیش، تەنها لەسەر بنەمای ناوەڕۆک و پسپۆڕی و لێهاتوویی بێت. ٢- باشکردنی هەلومەرجی ئافرەتان و ڕەچاوکردنی هاوسەنگی جیندەری لە دەرفەتی خوێندن و پرۆژەی تواناسازی و بەشداری لە خول و ڕاهێنانەکان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم. ٣- دانانی بەرنامەی گەشەپێدانی ئابوری ئافرەتان و گرنگیدان بە سەرچاوەی وزەی مرۆیی ئافرەتان، و کارکردن بۆ چەسپاندنی هاوسەنگی جێندەری لە بازاڕی کار . ٤- دانانی میکانیزمەکانی خستنەسەر کار و ڕەخساندنی هەلی کار بە هاوسەنگی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر بۆ قوتابیانی کچی دەرچووی کۆلێژەکان. ٥- هاوکاری توێژە لاواز و پەراوێزخراوەکان و دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی بۆیان(ئافرەتانی بێ هاوژین و جیابوەوە، ئافرەتانی بەسالاچوو) . ٦- پابەندکردنی کەرتی تایبەت بۆ دابینکردنی مۆڵەتی دایکایەتی بۆ کارمەندانی ئافرەت. ٧- نەبواردنی ئەنجامدەرانی توندوتیژی دژی ئافرەت لە ژێر هیچ پاساوێکدا لە سزادان بۆ ئەوەی توندیژی دژی ئافرەتان کەم ببێتەوە. ٨- زیادکردنی پەناگەکانی داڵدەدانی ئافرەتانی توندوتیژی لە دژکراو لە شوێنی گونجاو و پڕ هۆکارەکانی ئاسایش و ئارامی و ڕاهێنانەوە و پێگەیاندن. ٩- ڕێگەنەدان بە تەدەخولکردنی مەکتەبە کۆمەڵایەتییەکان لەو کەیسانەی کە تایبەتن بە توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت و بە ڕەهایی سەروەربوونی یاسا و ڕێکارە یاساییەکان لە کەیسەکانی توندوتیژی و ستەم لە ئافرەت. ١٠- پێکهێنانی دامەزراوەیەکی گشتگیر و کارای تایبەت بە ئافرەت بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی گشتی ئافرەت و باری هاوسەنگی جێندەری و کارکردن بۆ تواناسازی ئافرەت و کاراکردنی ڕۆڵی لە کۆمەڵگەدا. ١١-تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی بەرنامەکانی پەرەپێدانی تواناکانی ئافرەت و کاروباری ئافرەت و یەکسانی جێندەری، ئەویش لە ڕێگای ڕەچاوکردنی جێندەر لە بودجە و داهاتی حکومەت.

رۆژنامەی خەبات

Designed and developed by AVESTA GROUP