تیۆری و مێژووی فێمینیزم

پرسی ئافرەتان
14/10/2019

تیۆری و مێژووی فێمینیزم
بەشی یەکەم

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: مەهاباد قەرەداغی

دەستەواژەی فێمینیزم دەکرێت بۆ وەسفکردنی بزوتنەوەی سیاسی، کولتووری یان ئابووری بەکار ببرێت کە ئامانج لێی بەدەستهێنانی مافی یەکسان و بەرگریکردن بێت لە ئافرەتان. فێمینیزم ئاوێتەی تیۆرییەکانی سیاسەت، کۆمەڵناسی و فەلسەفە دەبێت و لەو بوارەیاندا کە بایەخ بە جیاوازی جێندەر دەدەن، وەک چۆن ئاوێتەوی ئەو بزوتنەوانە دەبێت کە بەرگری لە مافی جێندەری یەکسان دەکەن بۆ ژنان و ئەو هەڵمەتانەی بۆ بەرژەوەندی و مافەکانی ژنان دانراون و دامەزراون. گەرچی دەستەواژەکانی"فێمینزم" و"فێمینیست" تا ساڵانی ١٩٧٠کان زۆر بەربڵاو نەبوون، بەڵام لە زمانی رۆژانەی گشتیدا پێشتریش بەکار براون، بۆ نموونە، کاترین هێپبورن لە ساڵی ١٨٤٢ دا لە فیلمی ژنی ساڵ دا باسی بزوتنەوەی فێمینیزم دەکات.

بە پێی ماگی هیوم و رێبیکا وۆڵکەر، مێژووی فێمینیزم دابەش دەکرێتە سەر سێ شەپۆل. یەکەمین شەپۆلی فێمینیزم لە سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم بوو. دووەمین شەپۆلی فێمینیزم لە نێوان ١٩٦٠ەکان و ١٩٧٠کان بوو. سێیەمین شەپۆلیش لە ساڵانی ١٩٩٠ەکانەوە دەستی پێکردووە و تا کاتی ئێستا درێژەی هەیە. تیۆری فێمینیست لەم جوڵانەوە فێمینیستیانەوە سەرچاوەی گرتووە. بریتییە لە دیسپیلینی جۆراوجۆری وەکو جوگرافیای فێمینیست، مێژووی فێمینیست، و ئەدەبیاتی ڕەخنەیی فێمینیزم.

فێمینیزم لە کۆمەڵگەکانی رۆژئاوادا بووە هۆی گۆڕینی ژمارەیەکی زۆر لە تێڕوانینە باوەکان، هەر لە کولتوورەوە بگرە تا دەگاتە یاساکان. چالاکوانە فێمینیستەکان هەڵمەتی جۆراوجۆریان رێکخست بۆ بەدەستهێنانی مافە یاساییەکانی ژنان(مافی بەڵیننامە، مافی خاوەندارێتی، مافی دەنگدان)؛ هەروەها بۆ مافی ئۆتۆنۆمی ژنان سەبارەت بە جەستەی خۆیان، مافی لەباربردنی منداڵ و وەچەنانەوە(لە نێویاندا مافی بەدەستهێنانی ئامرازەکانی بەرگرتن لە منداڵبوون و مافی سەرپەرشتی تەندروستی لە کاتی دووگیانیدا)، هەروەها مافی پارێزگاریکردن لە ژنان و کچان لە تووندوتیژی ناوخۆیی خێزان، هەراسانکردنی سێکسی، پاراستنیان لە شوێنی کارکردنیان، لە نێو ئەوانەشدا مافی مۆڵەتی دایکایەتی و مافی کرێی یەکسان بۆ کاری هاوسان، دژ بە هەڵاواردنی ڕەگەزی و دژی هەموو جۆرەکانی جیاکاری جێندەری لە بەرامبەر ژندا.
لە میانەی زۆرێک لەم مێژووەدا، بزوتنەوە فێمینیستیییەکان سەرکردەیان هەبووە و لە ناو چینی ناوەڕاستی ژنانی سپی پێستدا لە باکووری ئەمریکا و رۆژئاوای ئەوروپادا، هەڵکەوتوون. لای کەم لە وتاری سوجونەر تروث ەوە کە لە ساڵی ١٨٥١ ئاراستەی فێمنیستەکانی ئەمریکا، پێشنیاری بۆ فێمینیستەکانی نەژادەکانی تر کرد کە بزوتنەوەی فێمینیستی جێگرەوە دابنێن. ئەم رەوتە تا ساڵانی ١٩٦٠ەکان درێژەی کێشا و داخوازی مافە مەدەنییەکانی ژنانیان دەکرد لە ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەمریکای لاتین، هەروەها لە کاتی هەرەسی کۆلۆنیالیزم لە ئەفریقیا و ناوچەی کاریبی و چەند بەشێکی ئەمریکای لاتین و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا. لەو کاتانەوە، ژنان لە وڵاتانی داگیرکراوی پێشووی ئەوروپا و لە جیهانی سێیەمدا، وەکو چاندرا تاڵپەید موهانتی، ڕەخنەیان لە فێمینیزمی رۆژئاوایی دەگرت بەوەی کە چڕبوونەوەیان لەسەر نەژادە. فێمینیستە ڕەشەکانیش، وەک ئەنجێلا داڤیس و ئەلیس وۆڵکەر، هەمان گۆشەنیگایان هەبوو.

مێژوو:
سیمۆن دی بۆڤوار وای نووسی "یەکەم جار کە ژن پێنووسی هەڵگرت و بەرگری لە توخمی خۆی کرد" کرستین دی پیزان بوو کە لە سەدەی پانزەیەمدا کتێبی " Epitre au Dieu d'Amour - پەیام بۆ خواوەندی خۆشەویستی" نووسی. لە سەدەی شانزەشدا هێنریک کۆرنەلیس ئاگریپا و مۆدێستا دی پۆزۆ کاریان لەسەر کرد. لە سەدەی حەڤدەشدا ماریا لی جارس دی گورنای، ئانا برادستریت و فرانچیس پاولین دی لابار، شتیان لەو بارەیەوە نووسی.

فێمینیستەکان و لێکۆڵەران مێژووی بزوتنەوەکەیان دابەش کردە سەر سێ شەپۆل. شەپۆلی یەکەم ئاماژە بە بزوتنەوەکانی ژنان بۆ مافی دەنگدان دەگرێتەوە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا دەستی پێکرد (کە داخوازی سەرەکییان بەدەستهێنانی مافی دەنگدان بوو بۆ ژنان). شەپۆلی دووەم بیرۆکە و ئەو هەڵمەت و چالاکیانە بوو کە پەیوەست بوون بە بزوتنەوەی ئازادی ژنەوە کە لە سەرەتای ١٩٦٠ەکانەوە دەستی پێکرد(کە هەڵمەت بوو بۆ مافە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی ژنانەوە). سێیەمین شەپۆل بریتی بوو لە بەردەوامی ئەو چالاکی و داخوازییانەی کە شەپۆلی دووەمی فێمینیستەکان نەیانتوانیبوو بەدەستی بهێنن، لە سەرەتای ١٩٩٠ەکانەوە دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.

شەپۆلی یەکەم:
بریتییە لە درێژکراوەی چالاکییەکانی ژنان لە سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لە بەریتانیا و ئەمریکا. لە بنەڕەتدا هاندان و هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی مافی یەکسان بوو لە نێوان ئافرەتان و پیاواندا لە بواری مافی بەڵیننامەکان، مافی خاوەندارێتی لە موڵکوماڵدا، قەدەغەکردنی هاوسەرگیری زۆرەملێ و قەدەغەکردنی خاوەندارێتی مێرد بۆ ئافرەتانی هاوسەریان و(هەروەها منداڵەکانیان). هەروەها، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا، چالاکوانان جەختیان دەکردەوە لەسەر بەدەستهێنانی مافە سیاسییەکان و گەیشتنی ژنان بۆ ناوەندەکانی سیاسەت و بڕیاڕ، بە تایبەتیش بەدەستهێنانی مافی بەشداری لە دەنگدان و خۆپاڵاوتن لە هەڵبژاردنەکان. لە نێو ئەو ئافرەتانەی کە لەو سەردەمەدا چالاک بوون، ڤۆڵتارین دی کلێر و مارگەرێت سەنگەر، هێشتا هەڵمەتی بەدەستهێنانی مافە سیاسی و ئابوورییەکانی ئافرەتانیان رێکدەخست. لە ساڵی ١٨٥٤دا، فلۆرەنس نایتینگال رێکخراوی پەرستارانی ژنی دامەزراند و بە سوپاوە گرێدران.

لە بەریتانیا، بزوتنەوەی مافی دەنگدان بە شێوەیەکی زۆر کاریگەرتر و چالاکتر، چالاکییەکان بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان، دەستی پێکرد. لە ساڵی ١٩١٨ دا و چالاکییەکانی ئەوساڵە گەرەنتی ئەوەی کرد کە ئافرەتانی تەمەن سەرووی ٣٠ ساڵ کە خاوەنی خانوویەکن، مافی دەنگدانیان هەبێت. لە ساڵی ١٩٢٨ ئەم مافە بۆ هەموو ئافرەتانی تەمەن بیست و یەک و سەرووتر، دابین کرا. لە ئەمریکا، سەرکردەکانی بزوتنەوەی ژنان، لە نێویاندا لوکرێتیا مووت، ئیلیزابیث کادی ستاتۆن، سوزان ب ئەنتۆنی، کە هەڵمەتیان بۆ لەناوبردنی کۆیلایەتی کردبوو لە پێش هەڵمەتی داخوازی مافی دەنگدانەوە، هەموویان لەژێر کاریگەری هێزی بیری کواکەر بوون. شەپۆلی یەکەمی فێمینیزمی ئەمریکایی، ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی گرتەوە. وەکو فرانسیس ویلارد، کە سەر بە یەکێتی ژنانی سەر بە گروپی کرستیانی کۆنەپارێز بوو. جگە لەویش، ماتیلدا جۆسلین، کە ڕادیکاڵتر بوو، کە خۆیان وەک کۆمەڵەی ژنانی ناسیۆنالیستی بۆ مافەکانی دەنگدان دەناساند. شەپۆلی یەکەمی فێمینزمی ئەمریکا وا دادەنرێت لە سەرەتای دانانی دەستووری ئەمریکا لە ساڵی ١٩١٩ دا کۆتایی هاتبێت، چونکە لە دەستووردا مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتن بۆ ژنان لە سەرتاسەری وڵاتدا، چەسپێندرا.
دەستەواژەی شەپۆلی یەکەمی فێمینیزم بە دەسپێکردنی ناونانی شەپۆلی دووەمی فێمینیزم کۆتایی بە قۆناغەکەی هات و بزوتنەوە فێمینستییە نوێیەکان دەستیان بە چالاکی کردەوە و جەختیان لەسەر بەڕەنگاربوونەوەی نایەکسانییە کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، دەکردەوە.

شەپۆلی دووەم:
شەپۆلی دووەمی فێمینیزم، بریتییە لە قۆناغی چالاکییەکانی سەرەتاکانی ١٩٦٠کان و تا کۆتاییەکانی ١٩٨٠کان. لێکۆڵەر، ئەمێلدا ویڵهان وای دادەنێت ئەم شەپۆلە بەردەوای شەپۆلی یەکەمی فێمینیزمە کە لە بەریتانیا و ئەمریکا بزوتنەوەی مافی دەنگدانیان دەست پێکرد. شەپۆلی دووەمی فێمینیزم تا دەستپێکی ناولێنانی قۆناغی شەپۆلی سێیەمی فێمینیزم، درێژەی هەبوو. لێکۆڵەر ئێستیل فرێدمان، بەراوردی شەپۆلی یەکەم و دووەمی فێمینیزم دەکات کە جەختیان لەسەر بزوتنەوەی مافەکانی دەنگدان دەکردەوە، هەرچی شەپۆلی دووەمە جەختیان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی نایەکسانی لە مافە کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەکردەوە.

سیمۆن دی بۆڤوار و ڕەگەزی دووەم
نووسەر و فەیلەسوفی فەرەنسی سیمۆن دی بۆڤوار، ڕۆمان، فەلسەفە، سیاسەت و لەبارەی مەسەلە کۆمەڵایەتییەکان، لێکۆڵینەوە، بیرەوەری و ژیاننامەی نووسی. ئەو بە ڕۆمانە میتافیزیکییەکانییەوە زیاتر لە هەموو ژانرەکانی تر، ناسرا، بە تایبەت ڕۆمانەکانی "هات بمێنێتەوە" و " لالەنگییەکان" و نامەی دکتۆراکەی" ڕەگەزی دووەم" کە ناوەڕۆکەکەی وردەکاری چەوساندنەوەی ئافرەتانی ڕوون دەکردەوە و تیایدا سەبارەت بە فێمینیزمی بونیادگەری دواوە کە شۆرشی ئەخلاقی ئامانجیان بووە و لە ساڵی ١٩٤٩ چاپ بووە و وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەشی ساڵی ١٩٥٢ بڵاو بووەوە. وەک بونیادگەرێک پرەنسیپەکانی جان پۆڵ سارتەری قبوڵ کرد سەبارەت بە بونیادگەریی و ئەوەی کە " مێ وەک ژن لەدایک نابێت، بەڵکو دەکرێت بە ژن"، تیایدا جەخت لەسەر سترکتور و پێگەی کۆمەڵایەتی هەر یەک لە ژن و ئەوانی تر دەکاتەوە، کە دی بۆڤوار ئەمە بە بناغەی چەوساندنەوەی ئافرەتان دادەنێت. پێی وایە هەر لە سەرەتای مێژووەوە ژن وەکو ناسروشتی و لادەر دانراوە و پیاو وەک ئاسایی زانراوە، تەنانەت ماری وڵستۆنکرافتیش پیاوی وەک نمونەی باڵا داناوە بۆ ئەوەی ژن پێی بگات. دی بۆڤوار تاوتوێی ئەوە دەکات و دەڵێت بۆ ئەوەی فێمێنیزم بۆ پێشەوە هەنگاو بنێت، دەبێت ئەم نمونەیە فەرامۆش بکات.
لوغزی مێینە:
لە کتێبی "لوغزی مێینە"ی بێتی فرێدان لە ساڵی ١٩٦٣، ڕەخنە لەو ڕوانینە گیراوە کە ژن تەنیا لە چوارچێوەی ماڵ و ماڵداری و منداڵداریدا قەتیس بکرێت. ئەو سەرکۆنەیەی کە فرێدان لە رۆژنامەی نیۆرک تایمز کردی و کتێبی "لوغزی مێینە"ش لەملاوە، بزوتنەوەی هاوچەرخی ژنانی هان دا و لە ساڵی ١٩٦٣دا چنینی کۆمەڵایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە جارێ هەڵوەشاندەوە و کاریگەری لەسەر وڵاتانی تری جیهانیش دانا و وەک یەکێک لە کاریگەرترین کتێبی سەدەی بیستەم دانرا. لە کتێبەکەدا فرێدان ژن وەکو قوربانی باوەڕ و سیستەمی هەڵە دادەنێت و وایان لێ دەکات کە ناسنامەی خۆیان ون بکەن و مانایان بۆ ژیانی خۆیان نەدۆزنەوە ناسنامەی خۆیان تەنها لە نێو ناسنامەی خێزانەکانیان بدۆزنەوە. فرێدان بە تایبەتیش ئەو سیستەمە وا دەستنیشان دەکات کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە نێو چینی ناوەڕستدا و لە شارۆچکەکاندا باڵادەست بوو. لە هەمان کاتدا، دوای جەنگی ئەمریکا و هەرەسهێنانی ئابوورییەکەی، کە بووە هۆی گەشەسەندنی تەکنەلۆجیای نوێ کە وای کرد ئامرازەکانی کارکردنی ناوماڵ بە ئاسانتر بێنە دەست لە هەمان کاتدا کاری ناوماڵی ژن کەمبایەختر و بێنرختر دەکات.

ئازادبوونی ژن لە ئەمریکا:
دەستەواژەی "ئازادی ژن" یەکەمجار لە ئەمریکا لە ساڵی ١٩٦٤ بەکار هات و لە چاپەمەنیدا لە ساڵی ١٩٦٦ بەکار برا. لە ١٩٦٨، هەروەها دەستەواژەی ئازادی ژن لە گۆڤاری ڕامپارتەکان دەرکەوت، کە بە مانای تەواوی بزوتنەوەکانی ژن دەهات. تەنانەت سوتانی بەروانکەی سنگیش پەیوەست کرا بە بزوتنەوەی ژنانەوە، ئەگەرچی دیاردەی سوتانی بەروانکە گفتوگۆی زۆری لێکەوتەوە. یەکێک لە رەخنە هەرە تووندەکان لە بزوتنەوەی ئازادی ژنی فێمینیستی ئەفریقا ئەمریکایی بوو بە ناوی گلۆریا جین واتکینس(کە نازناوی "بێڵ هووکس"ی هەبوو)، کە مشتومری لەبارەی بزوتنەوەکە دەکرد کە نەژاد و بنەچە و چینی کۆمەڵایەتی لێکدەداتەوە و بەوەش ژنان دابەش دەکات. هەروەها لە کتێبی تیۆری فێمینیستی لە پەراوێزەوە بۆ ناوەند، لە سالی ١٩٦٤، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دەنگی ژنانی کەمایەتییەکان لە نێو بزوتنەوەی ژناندا دەرناکەوێت.

شەپۆلی سێیەم:
شەپۆلی سێیەمی فێمینیزم لە سەرەتاکانی ١٩٩٠ەکان دەستی پێکرد، وەک وەڵامدەرەوەیەکی ئەو داخوازییانەی کە شەپۆلی دووەمی فێمینیزم نەیانتوانیبوو بەدی بهێنن و هەروەها وەک کاردانەوەی ئەو بزوتنەوەیەی کە شەپۆلی دووەم بەڕێیان خستبوو. شەپۆلی سێیەمی فێمینیزم بە دوای ئەو ئاڵنگارییانەدا دەگەڕا و هەوڵی خۆبەدوورگرتنی دەدا لەو پێناسە جەوهەرییانەی کە شەپۆلی دووەم دایاننابوون بۆ مێیەتی، کە بە پێی ئەوان جەختی دەکردەوە لەسەر ژنانی چینی سەرەوە و ناوەڕاست لە سپی پێستەکان.

لێکدانەوەی پۆست ستراکچەرالیستەکان بۆ جێندەر و بۆ سێکسوالێتی، چەقی بیرکردنەوە و ئایدۆلۆژیای شەپۆلی سێیەمی فێمینیزمە. شەپۆلی سێیەمی فێمینیزم زۆر جار جەخت لەسەر مایکرۆ پۆلیتیک دەکاتەوە و ئاڵنگاری شەپۆلی دووەم دەبێتەوە لەوەی چی باشە و چی خراپە بۆ مێینە. ڕەگی شەپۆلی سێیەم لە ناوەڕاستی ١٩٨٠کانەوە داکوترا. سەرکردە فێمینیستەکانی شەپۆلی دووەم وەک گلۆریا ئەنزاڵدوا، بێڵ هووکس، چێلا ساندۆڤال، چێری مۆرگا، ئاودرێ لۆرد، ماکسین هۆنگ کینگستۆن و زۆری تر لە فێمینیستە ڕەشەکان، دانوستانیان دەکرد لە نێو فیکری فێمینیستیدا سەبارەت بە پرسی نەژاد لە نێو فێمینیزمدا.
شەپۆلی سێیەمی فێمینیزم، لەناوخۆی خۆشیاندا گفتوگۆیان سەبارەت بە جیاوازی نێوانجۆرەکانی فێمینیست دەکرد، وەکو دەروونناس کارۆل گیلیجان، کە باسی لە جیاوازی زۆر گرنگ دەکردەوە لە نێوان ژن و پیاو)، هەروەها ئەوانەی کە باوەڕیان وابوو کە جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە لە نێوان جەندەر و جیاوازی نێوان ژن و پیاو پەیوەستە بە بارودۆخی کۆمەڵایەتییەوە.

Designed and developed by AVESTA GROUP