لە میونشن یەکەمین فیستیڤاڵی کولتووری نوێ بەرێوەدەچێت
لە ئەڵمانیا لە شاری میونشن یەکەمین فیستیڤاڵی کولتووری نوێ بەڕێوەدەچێت، کە بەشانۆگەری رووبەڕووبوونەوە دەستپێدەکات، کە شانۆگەرییەکی کوردییە.
رۆژی سێشەمە 5-11-2019 کاژێر 07:00ی ئێوارە بەکاتی ئەڵمانیا فیستیڤاڵەکە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری رۆشنبیری شاری میونشن دەستی پێکرد.
شانۆگەری رووبەڕووبوونەوە یەکەمین نمایشی فیستیڤاڵەکەی میونشنە. لە نووسین و دەرهێنانی هاوڕێ زەنگەنەیە، کە هونەرمەندێکی کوردە و ساڵانێکی زۆرە لە میونشن دەژی و لە بواری کولتووری و زمان و فەرهەنگی کوردی رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە نێو رەوەندی کوردی لەو شارەدا.
لە شانۆگەرییەکەدا ئەکتەری کورد و ئەڵمانی بەشداری دەکەن، بەناوەکانی (بیاتریکس لایتل، لانە هادی، فارووق میرزا، تۆم ڤیلمێرسدۆرفەر، شەوبۆ ئەزیز و زەبینا بیۆلاو).
هاوڕێ زەنگەنە، نووسەرو دەرهێنەری ئەم شانۆگەرییە دەڵێت: زۆر زەحمەتی تێدایە بکوژ و قوربانی لەسەر شانۆ رووبەڕووی یەکتر ببنەوە، ئازاری سەختی دایکێک دەکاتە بابەت، کاتێک لە کەرکووک لەسەروەختی 16ی ئۆکتۆبەر، گەنجێک گوتی خۆڵ دەخۆم و خاک نافرۆشم، ئەمە دەبێتە بابەتی دایکێک بە ئامانجی نەهێشتنی خیانەت.
سەرچاوە: رووداو