دیداری ڕۆژنامەوانی د.ڤیان سلێمان سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لەگەڵ ڕۆژنامەی هەولێر

دیمانە
15/12/2019

یەكێتی ئافرتان تەمەنێك لەخزمەتكردنی بە ئافرەتان هەیە، ئایا ئەوەی كە كردوتانە لەئاست چاوەڕوانی ئێوەبووە یاخود تموحی زیاترتان هەیە؟
یەکێتی ئافرەتان؛ وەک ڕێکخراوێکی تەمەن درێژی بەردەوام لە خەباتی پێگە فراوان، خۆی بە نوێنەری پرسی ئافرەتانی کوردستان دەزانێت، بە دڵنیاییەوە ڕێکخراوەکەمان دەسکەوتی بەرچاوی بۆ ئافرەتان بەدیهێناوەو ڕۆڵی کاریگەری هەبووە. ئەمەش بە هەوڵی هەموو ئەو کادرە پێشەنگانەی ڕابردووی خەباتی ئەم ڕێکخراوەو لە ئێستاشدا خۆم و هەڤاڵانم لە مەکتەبی سکرتاریەت و گشت کادرانمان لە سەرانسەری کوردستان، بەڵام ئامانجمان مانەوە نییە لەم پێگەیەدا، بەڵکو ئامانجمان زیاتر پێشکەوتن و زیاتر فراوانبوونی پێگەی جەماوەری ڕێکخراوەکەمانە، مەبەستمانە پرسی ئافرەت بکەین بە پرسێکی سەرەکی ڕای گشتی و پرسێکی ستراتیژی سیستەم و دەسەڵات، ئامانجمانە ئافرەت پێگەی یەکسانی هەبێت لە ئاست ڕەگەزەکەی دیکەی کۆمەڵگە، بۆ ئەم ئامانجانەش دەبێت خواستی زیاترمان هەبێت.



- دۆخی ئافرەتان لەئێستادا چۆنە ئایا توندوتیژی كەمی كردووە؟
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لە نۆ مانگی ئەمساڵدا هەشت هەزار و 509 ئافرەت توندوتیژیان بەرامبەر كراوە، لەكاتێكدا لە نۆ مانگی ساڵی ڕابردوو حەوت هەزار و 192 حاڵەت بووە،هاوكات لە نۆ مانگی ئەمساڵدا 30 حاڵەتی كوشتنی ئافرەتان تۆماركراوە بەڵام لە نۆ مانگی ساڵی ڕابردوودا 37 حاڵەتی كوشتنی ئافرەتان هەبووە، ئەوەش دەریدەخات ڕێژەی كوشتن لەمساڵدا بەرامبەر ساڵی رابردوو كەم بۆتەوە. ئێمە لێرەدا ناتوانین بڵێین توندوتیژی کەمی کردووە یاخود زیادی کردووە، بەوپێیەی جۆرێک توندوتیژی کەم بوەتەوە جۆرێکی دیکە زیادی کردووە، ئەمە بە شێوەیەکی گشتی، بە بڕوای من لە ئەنجامی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و کرانەوەی کۆمەڵگە بەرەوڕووی جیهانی پێشکەوتوو و گۆڕانە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییەکان، کاری ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و بەڕێوبەرایەتییەکانی توندوتیژی؛ ئافرەتان هۆشیار بوونەتەوە لە ئاست توندوتیژییەکان بێدەنگ نابن، هەربۆیە زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی دەگەڕێتەوە بۆ کەم بوونەوەی بێدەنگی لە ئاست توندوتیژی، ئەمەش زیادبوونی توندوتیژی ناگەیەنێت..

-هەنگاوی بەڕێز سەرۆك وەزیران چۆن دەبینی لەوەی لەیەكەم رۆژی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سەردانی شەڵتەرێكی كرد، نەوەك بەوتارێك لەهۆڵێك بەشداری هەڵمەتەكە بكات؟ -هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەم چۆن دەبینی لە بەشداری ئافرەتان؟ ئەی لە كەمكردنەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان؟
سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەنتەری داڵدەدانی ئافرەتان، دەتوانم بڵێم گشت ئافرەتانی کوردستانی دڵخۆش کرد، ئەم سەردانە چەندین مانا لەخۆی دەگرێت، گرنگترینیان شکاندنی ئەو تابۆ کۆمەڵایەتیەیە سەبارەت بەو پەنایە کە جێگای ئافرەتانی قوربانی داب و نەریتە کۆمەڵایەتیەکان و توندوتیژییە خێزانییەکانن، کە چیدیکە ئافرەتان سڵ نەکەنەوە لەوەی لە کاتی دووچاربوونیان بە توندوتیژی ڕووی تێ بکەن، چونکە سەردانەکە جیا لەوەی پشتیوانی حکومەتی بۆ ئەو ئافرەتانە خستەڕوو. لەهەمانکات بۆ ئەو مێنتاڵیەتەش کە پێیوایە؛ نابێت ئافرەتان سکاڵاکانیان ببەنە دەرەوە، پەیامێک بوو کە توندوتیژی دژی ئافرەت لەلایەن حکومەتەوە قبوڵکراو نییە و حکومەت پشتیوانی ئافرەتانی توندوتیژی لە دژ کراوە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە وێنایەکی جوانی پیشان داین چ لە ئاستی بەشداری ئافرەت لە پێکهاتەی ئەنجومەنی وەزیران یاخود لە کارنامەی حکومەت، ئەمەش دڵخۆشی کردین لەوەی کە حکومەت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر گرنگی بە پرسی ئافرەت دەدات. چونکە حکومەتی هەرێم لە کابینەکانی پێشتریش گرنگی زۆری بە پرسی ئافرەت داوە و پرسی ئافرەت هەمیشە لە چوارچێوەی ستراتیژی حکومەت بووە.
-وەرگرتنی بەرپرسیارەتی سیاسی و ئیداری دروشمی چەندین هەڵمەتی ئێوەبووە ئایا وەك پێویست ئەو دوو بەرپرسیارەتیە بە ئافرەتان دراوە؟
دەتوانم بڵێم تا ڕادەیەک پەیام و داخوازییەکانمان بۆ بەرەوپێشبردنی پرسی ئافرەت و بەشداری ئافرەت جێی خۆی گرتووە و ئافرەتان لە سەرجەم جومگەکانی دەسەڵات ئامادەبوونی بەرچاویان هەیە، ئەگەر لەگەڵ ساڵانی سەرەتای ڕاپەڕین بەراورد بکەین جیاکاری ڕوون بەدی دەکەین، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە، کە تەواوی خواستەکانمان بۆ ئافرەت جێبەجێ کرابن، بەڵکو خواست و داواکاری ئێمە ئەوەیە؛ ئافرەت بەشدارێکی کارا و یەکسان بێت لە گشت بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کارگێڕی، ئابوری و بازرگانی و فەرهەنگی.
-جەنابت ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بوویت، سیستەمی كۆتا تاچەند خزمەتی بە ئافرەتان كردووە؟
کۆتای ئافرەتان بۆ ئەوەیە تا پشتگیری لە بەشداری ئافرەت بکرێت لەو وڵاتانەی کە دەرفەت و بوار بۆ ئافرەتان نەڕەخساوە بەشداری پرۆسەی سیاسی بکەن و ململانێێەکی هاوتای پیاو بکەن بۆ گەیشتن بە پەرلەمان، بۆ ئەو مەبەستە پەیماننامەی نەهیشتنی جیاکاری لە دژی ئافرەت (سیداو) لە ساڵی ١٩٧٩ کۆتای ڕەگەزی بە ڕێژەی ٣٠٪ لەسەر وڵاتە ئەندامەکانی ئیلزام کرد، هەرێمی کوردستان سەرەرای ئەوەی کە تا ئێستا وڵاتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵام لە پێڕەوکردنی کۆتای ئافرەتان پێش عێراقیش کەوتووە و ڕێژەی ٣٠٪ بۆ ئافرەت ئیلزام کردووە، بە دڵنیاییەوە سیستەمی کۆتا خزمەتێکی بەرچاوی لە ڕووی بەشداری چەندایەتی ئافرەت لە دەسەڵاتی یاسادانان کردووەو هۆکار بووە بۆ هاتنەپێشەوەی ڕێژەیەک لە ئافرەتان و سەلماندنی ئەوەی کە ئافرەتیش دەتوانێت ڕۆڵی کاریگەر و پێویست ببینێت لەهەر بوارێک کە دەرفەتی بۆ بڕەخسێت.
-بەشێك لە ئافرەتان دەڵێن، پێویستە ئافرەتان خۆیان هەوڵ بدەن نەوەك بە سیستەمی كۆتا بگەن بەپەرلەمان؟
بۆ ئەوکاتەی کە سیستەمی کۆتای ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان بڕیاری لێدرا و تا ئێستاش سیتەمی کۆتا بە پیویست دەزانم و لاموایە تا ماوەیەکی تریش دەبێت پێڕەوی لێ بکرێ، نەوەک هەر لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان، بەڵکو لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەریش، دیدگای ڕێکخراوەکەشمان هەر بەو شێوەیەو داکۆکی لە پێڕەوکردنی سیستەمی کۆتا دەکەین و داوای بەرزبوونەوەی ڕێژەکەی و تەنانەت هەمەبوارکردنیشی دەکەین، تا ئەو کاتەی زەمینە و پێگەیشتنی کۆمەڵایەتی لەبار دەبێت و مێنتاڵیەتی کۆمەڵایەتی ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی متمانە بە مرۆڤەکان بکات نەوەک لەسەر بنەمای ڕەگەز. بۆ سەلماندنی ڕەوایەتی ئەم دیدگایەمان، دەتوانین دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە پێوەر وەربگرین، کە لە كۆی گشتی دەنگی شەش قەوارەی سەرەكی رێژەی لە15% دەنگەكان بۆ ئافرەت بووە، ئەمەش پێوستی سیستەمی کۆتا دەسەلمێنێت.

-ئایا رێژەی ئافرەتان لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان چۆنە لە وەرگرتنی بەرپرسیارەتی؟
بەشداری ئافرەت لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان مێژوویەکی دێرینی هەیە و پارتی لە سەرەتای درووستبوونیەوە ئافرەتی گەیاندۆتە سەرکردایەتی حیزب، هەروەها هەر شەش ساڵ دوای دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی دامەزراند، لە ئێستاشدا ئافرەتان بەشێکی بەرچاوی بنکە جەماوەرییەکەی پارتی پێکدەهێنن، هەروەها بە شێوەیەکی بەرچاو کادری ئافرەت لەلایەن پارتییەوە کاندید دەکرێن بۆ وەرگرتنی بەرپرسیاریەتی لە بوارە جیاوازەکان، بۆیە دەتوانم بڵێم پارتی بایەخێکی بەرچاو بە بەشداری ئافرەت دەدات، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئاستی ئەم گرنگیدانە لە ئاست خواستی ئافرەتانی پارتی بێت. کە دێێنە سەر ئاستی بەشداری ئافرەت لە ئۆرگانە حیزبییەکانی پارتی ئەم ڕێژەیە وەک پێویست نییە، تەنانەت ئەم بارە لە هەندێک حاڵەتدا خودی سەرۆک بارزانی، نیگەران کرد و لە کۆنگرەی هەشتەمی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، (سەرۆک بارزانی) بە توندی جەختی کردەوە لەوەی کە پێویستە بایەخ بە بەشداری کچانی لاو بدرێت و نابێت سەرکردایەتی ئەمجارەی لاوان ئافرەتی تێدا نەبێت. ئەمەش ڕوانگەی سەرۆکە بۆ پرسی ئافرەت لای پارتی و بەشداری ئافرەت لە ئۆرگانەکانی پارتی، هەربۆیە وەک کادرێکی پارتی هیوادارم ئاستی ئەم گرنگیدانە بە بەشداری ئافرەت لەلایەن پارتییەوە زیاتر و زیاتر بێت.
- کاتی ئەوە نەھاتوە سەنتەرو ڕێکخراوەکانی ئافرەتان میکانیزمی تازەیان ھەبێت شێوازی کاریان بگۆڕن ؟ ئەو شێوازەی تا ئێستا کارتان پێکردوە گونجاوە؟ بەرھەمەکەی چییە؟
ئەوەی پەیوەندی بە یەکێتی ئافرەتانەوە هەیە، شێوازی کارکردن و بەرهەمەکەی ڕوون و ئاشکرایە، ئێمە بەردەوام پێڕەوی لە نوێگەری لە بەرێوەبردن و میکانیزمی کاری رێکخراوەییدا دەکەین و ساڵی ڕابردوو هەشتەمین کۆنگرەمان بەست. گۆڕانکاریمان لە ستراکچەر و پرۆگرام و میکانیزمی کارمان کرد، فراوانبوونی پێگەی کارکردنمان، زۆربوون و جۆراوجۆربوونی ڕێژەی پرۆژە و چالاکییەکانمان، بەدەستهێنانی متمانەی ئافرەتان، گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکان لە پرسی ئافرەت، بەرهەمی کاری ڕێکخراوەییمانە.یەکێتی ئافرەتان ڕێکخراوێکی چەقبەستوو نییە و وابەستە نییە بە دۆخێکی تایبەتی کارکردنەوە، بەڵکو ئەو پرسەی کاری لەسەر دەکەین هاوکات ئەو زەمینەی کاری تێدا دەکەین بڕیار لەسەر شێواز و میکانیزمی کارمان دەدات.
- چەند ھەوڵتان داوە ھۆشیاری زیاتر بڵاو بکەنەوەو ژنان خاوەن ئازادی خۆیان بن؟
ئەم خاڵە سنورێکی فراوانی لە بواری کار و چالاکییەکانمان گرتووە و لە بنەڕەتدا یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی کارمان، بلاوکردنەوەی پرۆسەی هۆشیاری بۆ سەرجەم ئافرەتان پرۆسەەیکی هەمیشەیی و گشتگیرە بەلای ڕێکخراوەکەمانەوە، ئەمەش لەبەر گرنگی هۆشیاری. ئافرەت کە هۆشیاربوو هەوڵی بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانی خۆی دەدات و ئەو بەربەستانە دەشکێنێت کە چەندین ساڵە کۆمەڵگە و نۆرمە کۆمەڵایەتیەکانی بۆیان دروستکردووەو رێگرن لە بەردەم ئازادی و پێشکەوتنی، ئەمەش ئەو قۆناغەیە کە ئافرەتی کورد لە ئێستادا پێیدا تێپەردەبێت و چیدیکە بۆ دواوە ناگەرێتەوە،
- هیچ پڕۆژەیەكتان بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی رێژەی ئافرەتان زیاتر بكرێت لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان؟
بێگومان زیادکردنی ڕێژەی ئافرەت لە پارتی؛ یەکێکە لە خواستە هەنوکەیی و ستراتیژییەکانمان، بە شێوەیەک کە هاوشێوەی ڕێژەی بەشداری ئافرەت بێت لە پەرلەمانی کوردستان، بەرەو بەدیهێنانی یەکسانی تەواو. گرتنەبەری هەنگاوی لەو شێوەیەش دەبێت لە کات و دۆخی گونجاودا بڕیاری لێ بدرێت. پارتی حیزبێکی خاوەن تایبەتمەندی مەدەنییە و توانای گۆڕانکاری و سازانی هەیە لەگەڵ سەردەم و گۆڕانکارییەکاندا، گومانیش لەوەدا نییە لە ئێستادا ڕێژەی بەشداری ئافرەت و ڕۆڵی ئافرەت یەکێکە لە پێداویستی و پێوەرەکانی هەر حیزبێک کە بیەوێ بە گۆڕانکارییەکاندا بگات هاوکات پێگە جەماوەرییەکەی خۆی فراوان بکات، بۆیە ڕێکخراوەکەمان وەک ئۆرگانێکی کۆمەڵایەتی و جەماوەری پارتی یاخود وەک پرۆژەیەکی مەدەنی پارتی بۆ تەواوکاری پرۆژە سیاسی و جەماوەرییەکەی پارتی، بە ئەرکی سەرەکی خۆی دەزانێت، کە بەشێک بێت یاخود پرۆژەی هەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداری ئافرەت لە پێکهاتەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرجەم ئاستەکاندا.

- یەكێتی ئافرەتان چ پڕۆژەیەكی بەدەستەوەیە بۆ باشتركردنی دۆخی ئافرەتان؟
لە مانگی سێبتەمبەری ئەمساڵ و دوای یەک ساڵ کار کردن پاش دوایین کۆنگرەی ڕێکخراوەکەمان کۆنفرانسێکمان ئەنجامدا و لەوێدا وێڕای خستنەڕووی داتای چالاکییەکانی یەک ساڵ چەندین پرۆژە و دۆسیەی دیکەمان ڕاگەیاند کە لەمساڵدا دەبنە بەرنامەی کارمان، بە پێویستی دەزانم لێرەدا ئەوە ڕوون بکەمەوە کە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە چوارچێوەی کارکردنی بۆ پرسی ئافرەت چەند پرسێکی وەک بنەڕەتی وەرگرتووە و پەیوەستی نەکردووە بە کاتەوە، بۆ نمونە ئێمە بەردەوام کار بۆ بەرەنگاری و نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەت دەکەین، بەردەوام پێشوازی لە کەیسەکانی توندوتیژی دەکەین، خزمەتکردنی خێزانی شەهیدانی شەری داعش لە گرنگترین ئەو کارانەیە کە لە پلانی کاری خۆمان دامانناوە و دەمانەوێت لە هەموو لایەکەوە هاوکاری ئەو ئافرتانە بکەین کە لەو جەنگەدا هاوسەرەکانیان شەهیدبوون، بەردەوامیش کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداری ئافرەت لە کایە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە دەکەین. بە شێوەیەکی هەمیشەیی هەوڵی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەدەین.                                         دیداری ڕۆژنامەوانی د.ڤیان سلێمان سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لەگەڵ ڕۆژنامەی هەولێر

https://www.hawler.in/index.php/2017-12-28-23-17-12/item/17549-30?fbclid=IwAR3wFP-eZ_qldcTo_6TStBz2brvlhyIjlmT02RiV3hiSH21PUbPR-P8HAUk
Designed and developed by AVESTA GROUP