ئاینوور دۆغان زنجیرە کۆنسێرتەکانی لە باکووری کوردستان دواخست

هونەر
04/03/2020

ئاینوور دۆغان، خانمە هونەرمەندی ناوداری باکووری کوردستان، بڕیاربوو زنجیرە کۆنسێرتێک لە چەند شارێکی باکووری کوردستان ئەنجامبدات، بەڵام هەموو کۆنسێرتەکانی بۆ ماوەی یەک مانگ دواخست.

ئاینوور لە پەیجەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی رایگەیاندووە، کەوا کۆنسێرتەکانی بۆ یەک مانگ لە باکووری کوردستان دواخستووە، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکات، کۆنسێرتەکانی ئاینوور لە شاری روها رۆژی 5ی نیسان و لە رۆژی 8ی نیسان لە مێردین، 9ی نیسانیش لە ئامەد سازدەکرێت، ئەو کەسانەی پێشتریش تکتی کۆنسێرتەکەیان کڕیوە دەتوانن بە هەمان تکت لەم کۆنسێرتانەی ئاینوور ئامادەبن. 
ئاینور دۆغان،  ساڵی ١٩٧٥ لە پارێزگای دێرسم لەدایکبووە،  لە ساڵی  ١٩٩٢ەوە دەچێتە ئیستەنبووڵ و لەوێ میوزیک بەشێوەیەکی ئەکادیمی دەخوێنێت، یەکەمین ئەلبوومی لە ساڵی ٢٠٠٢ بەهاوبەشی بەناوی سایر بڵاوکردووەتەوە. ئەم هونەرمەندە زیاتر بە ھۆی گۆرانیی کەچا کوردان ناسرا، ئەلبوومی کەچا کوردان لە ساڵی 2004 بڵاوکرایەوە، ئەلبوومی دووەمی  تایبەت بەخۆی بەناوی نووپەل لە ساڵی 2005 بڵاوکردەوە، ئەلبوومی رەوەندی لە ساڵی 2010 بڵاوکردەوە، ساڵی 2014 ئەلبوومی گۆرانی بەناوی (هەڤڕا) لەلایەن دەزگای سۆنی میوزیك كلاسیك بەرهەمهێنرا و بڵاوكرایەوە. ئەلبوومی هەدوور دەبێتە پێنجەمین ئەلبوومی تایبەتی ئاینوور دۆغان.   سه‌رچاوه‌: رووداو

Designed and developed by AVESTA GROUP