پەیامی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بەبۆنەی ٨ی مارس، رۆژی جیهانی ئافرەتان

پرسی ئافرەتان
08/03/2020


٨ی مارس، رۆژی جیهانی ئافرەتان، رۆژی ناساندنی پرسى ئافرەت بە کۆمەڵگە ، سەرەتای وەرچەرخانێک بۆ گەشەکردن و هاتنە مەیدانی ئافرەتان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆیان لەچوارچێوەی یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
ئەگەرچی لەئێستادا هەموو جیهان لە هەوڵی بەرجەستەکردنی یەکسانی رەگەزی لەناوژیانی کۆمەڵگەدایە و تواناسازی ئافرەت بوویتە پێوەرێکی پێشکەوتوویی وڵاتان، بەڵام هیچ وڵاتێک نییە کە یەکسانی تێیدا بەتەواوی بەرجەستە بووبێت، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆهەبوونی ئەو رێگریانەی بەناوی کلتور و ئایدیا جیاوازەکانەوە هەیە و بوونەتە بەربەست بۆ هاتنەکایەی یەکسانی رەگەزی لەکۆمەڵگەدا.
لەهەرێمی کوردستان، پرسی ئافرەتان قۆناغی سەختی بڕیوە و بۆتە پرسێکی گشتی کۆمەڵگە ، ئەمەش دەبێتە فاکتەرێک کە دەبێ بزوتنەوەی ئافرەتان بە بیری نوێ و شێوازو میکانیزمی نوێی کارکردنی سەردەمیانەتر بەشدار بن لە ئاراستەکردنی گۆڕانکارییە هزری و مادییەکانی کۆمەڵگە و بەدیهێنانی یەکسانی.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان وێڕای پیرۆزکردنی ئەم ڕۆژە و تەواوی دەستکەوتەکانی لە تەواوی ئافرەتانی جیهان و کوردستان؛ لەم رۆژە مەزنەدا؛ جەخت دەکاتە سەر جێبەجێکردنی ئەوهەنگاوانەی بە زەرووری دەزانێت بۆ پێشخستنی پرسی ئافرەتان لە کوردستاندا بهاوێژرێن و دەیکاتە کارنامەی داهاتووی خۆی لە خەبات وتێکۆشانی یەکسانیدا ، هاوکات تەبا و هەماهەنگ دەبێت لە گەل تەواوی ڕێکخراو و چالاکوانەکانی یەکسانیخواز و جەخت لە کاری پێکەوەیی و یەکهەلوێستی لەبەرامبەر پێشهاتە و پرسەکانی یەکسانی و نیشتیمانی دەکات. دووپاتی دەکات بەشێک دەبێت لە سەرکەوتن و جێبەجێبوونی ئەو راسپاردەو کارانەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ پشتگیری و دەستبەرکردنی مافەکانی ئافرەتان دەدرێت.
لەم یادەدا، سەری ڕێزو نەوازش دادەنوێنین بۆ شەهیدانی ڕێگای خەباتی یەكسانی و نەتەوەیی و پێشەنگانیان لە هاوڕەگەزە شەهیدبووەکانمان لە ئێزدییەکان بە دەستی تاریکپەرستانی داعش. پاڵپشتی و دەستخۆشی لەو ئافرەتانە دەكەین كە بەردەوام بێ ماندووبوون تێدەكۆشن بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی و ئازادی بۆ خۆیان وکۆمەڵگەکەیان، دەیانەوێت وئامادەن قوربانی بدەن بۆ نەهێشتنی ئەو نەریتانەی کە بوونەتە بەربەست بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە.
سڵاو لە سیمبوولەکانی بەخشندەیی دایکانی شەهیدان
سڵاو لە ئافرەتە ڕچەشکێنەکانی پێشمەرگە.
سڵاو لە ئافرەتە بوێر و ماندوونەناسەکانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان.
سڵاو لە تێکڕای ئافرەتە ئازادیخوازەکانی کوردستان و جیهان؛ ئەم یادە لە هەمووان پیرۆز.
هەر دوو نیشتیمان ئازاد : نیشتیمانی دایک و نیشتیمانی خاک

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان

Designed and developed by AVESTA GROUP