ئافرەتێکی نووسەر و سینەماکارێکی کورد، لە ئێران زیندانی دەکرێت

هونەر
03/06/2020

دادگای جێبەجیکردنی ئێران بڕیاری دا سزای خانمە نووسەر و سینەماکاری کورد موژگان کاووسی جێبەجێبکات و بخرێتە زیندانەوە.
موژگان کاووسی شیعر دەهۆنێتەوە، لێکۆڵەر و وەرگێڕیشە. دوو فیلمی بە ناوەکانی هیوا و بەرباد بەرهەمهێناوە. ماستەری لە بەشی هونەرەجوانەکاندا هەیە. لەو کوردانەیە کە بەدرێژایی مێژوو بۆ باکووری ئێران کۆچیان پێکراوە. رێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران 20ی نۆڤەمبەری ساڵی 2019 لە شاری نەوشەهر لە پارێزگای مازندەران دەستبەسەری کرد.
لە سەروبەندی ناڕەزایەتییەکانی پاییزی رابردووی ئێران، کە بەبیانووی گرانبوونی بەنزین دەیان شاری ئێرانی گرتەوە. موژگان کاووسی تۆمەتی  پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی، هاندانی خەڵک بۆ ئاژاوەنانەوە و ئەندامێتی لە رێکخراوەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی دراوەتەپاڵ. بەم تۆمەتانەوە 36 مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.
مستەفا نیلی، پارێزەری موژگان کاووسی دەڵێ: "ئەو نووسەر و لێکۆڵەرە کوردە بۆ جێبەجێکردنی حکومەکەی دەستبەسەر کراوە. کە جێبەجێکردنی ئەو حوکمە بەوجۆرە یاسایی نەبووە، چونکە پێشتر ئاگادار نەکراوەتەوە".
هاوکات 10 هاووڵاتی دیکەش سەرجەمیان بە 104 مانگ زیندان مەحکوم کراون. ئەوان هەروەها بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەندامبوون لە حیزب و گرووپە سیاسییەکان، چالاکی لە ئینتەرنێت و راگەیاندنەکان و گەشتی دەرەوەیان لێ قەدەخە کراوە. دادگای سەرەتایی ئەم حکومەی بەسەر ئەو کەسانەدا سەپاندبوو، دادگای پێداچوونەوەش رۆژی سێشەممە وەک خۆی پەسندی کرد.
ئەمانیش تۆمەتبار کراون کە خەڵکیان دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆکردووەتەوە، سوکایەتییان بە پیرۆزییەکان کردووە، پڕەپاگەندەیان دژی کۆماری ئیسلامی کردووە و سوکایەتییان بە رێبەری پێشوو و ئێستا ئێران کردووە.
ئەم کەسانە لە وەرزەکانی بەهار و هاوینی ساڵی رابردوو لە 10 شاری ئێرانەوە  دەستبەسەر کرابوون و لە زیندانە ئەمنییەکانی تاران و قومدا راگیراون.
ئەبولقاسم سەڵەواتی و محەممەد موقەیسە حکومیان بەسەر ئەم گیراوانەدا سەپاندووە، دوو دادوەر کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گەمارۆی بەسەردا سەپاندوون. بەگوتەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەم دوو دادوەرە لە دادگا نمایشییەکاندا حوکمی نادادپەروەرانە بەسەر گیراواندا دەسەپێنن.   سەرچاوە: رووداو

Designed and developed by AVESTA GROUP