من کۆڵم نەدا و بەردەوام بووم

دیمانە
24/08/2020

سه‌ره‌ڕای هەبوونی گرفت و ئاستەنگ لەبەردەم کارکردنی ئافرەتان لەدەرەوەی ماڵدا، دەبینین ئافرەتان بەدەر لە ڕاپەڕاندنی کارەکانی ماڵەوە و په روه‌رده‌کردنی منداڵ، هەوڵیانداوە بۆ په‌یداکردنی بژێوی ژیان و ده‌سته‌به‌رکردنی ئابورییه‌کی سه‌ربه‌خۆ بەهاوشانی پیاوان به‌شداربن له‌ کارکردن له‌ که‌رتی گشتی و تایبه‌تدا، دەیانەوێت لەرێگەی کارکردنەوە هێزو توانای خۆیان بخەنەگەڕ و بەشێک بن لە پێشخستنی ئابووری کۆمەڵگەکەیاندا.
ئەو ئافرەتانەی بوێرانە دەستیان کردوە بە کاری سەربەخۆی خۆیان، رۆژ بەرۆژ لەناو کۆمەڵگەی کوردی بەرەو زیادبوون دەچێت '' ئاواز عەلی مزوری'' دانیشتووی شاری سۆرانە و خاوەنی سەنتەرێکی تایبەت بە جوانکاری و جلوبەرگی بووکە.

ئاواز عەلی لەبارەی کارەکەیەوە دەڵێت: زۆر دەمێک بوو حەزم لەکارێک دەکرد کە خۆم خاوەنی بم و بتوانم بەپێی توانای خۆم بەڕێوەی بەرم، هەرچەند بۆ ئەم کارە پێشتر پلانم نەبووە چونکە بەشێوەیەک بوو کە لەرێگەی هاورێیەکی برایەکەمەوە پێشنیاری کارێکی لەو جۆرەی بۆ براکەم کردبوو بەڵام لەبەرئەوەی براکەم ئارەزووی لەسەر ئەو کارە نەبوو، داوای کرد من ئەنجامی بدەم، منیش بەخۆشحاڵیەوە پەسەندم کرد و دەستم بەکارکردن کرد.

''پاڵپشتیکردن هۆکاری سەرکەوتنمە''
ئاواز دەڵێت: ئەندامانی خێزانەکەم بەتایبەت براکەم زۆر پاڵپشتیم دەکەن وهاوکارمن بۆ بەردەوامبوونم لەسەر کارەکەم، بەڵام بەداخەوە هاوپیشەکانم بەجۆرێک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرم کە هەوڵیان ئەدا لەم کارە پەشیمانم بکەنەوە و دەستبەرداری کارەکەم بم چونکە دەیانزانی رۆژ بە رۆژ بەرەو پێشکەوتن وناوبانگ دەرکردن دەچووم.
''من کۆڵم نەدا و بەردەوام بووم''
هەرچەند زۆر هەوڵیاندا وازبێنم و کۆڵ بدەم  بە پێچەوانەوە ئەو کارەکەی ئەوان هاندەرێکی  سەرەکی بوو بۆ من تابتوانم بیرۆکەی زیاتر و باشتر لەسەنتەرەکەم و بزنسەکەمدا بەکاربێنم وا فراوانتری بکەم. 
ئاواز دەڵێت: دەمەوێت زیاتر خزمەتی کۆمەڵگەکەم بکەم لەرێگەی پێشخستنی کارەکەمەوە، ئومێدەوارم ئێمەی ئافرەتیش بەشێک بین لەبەرەوپێشچوونی ئابووری خێزان و کۆمەڵگەکەماندا، هەمیشە  سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە رێز لەماندووبوونی ئافرەتانی خاوەنکار و ماندوو دەگرن.


پەری نەجم - سۆران

Designed and developed by AVESTA GROUP