دروستە ئەرکەکانی ناوماڵ بەمنداڵان بسپێرین؟

پەروەردەی خێزان
21/09/2020

 
زۆربەی جار باوان لەخۆشەویستیان ڕێگەنادەن بەمنداڵەکان تاکو هەرلەمنداڵی یەوەفێری بەجێهێنانی ئەرکەکان ببن و هەستی بەرپرسیارێتیان لا دروست بێت بەڵکو هەمیشەدەڵێن( وازی لێ بێنە هێشتا مناڵە ) بەڵام منداڵان زۆر شت فێردەبن لەبەجێ هێنانی ئەرکی سوکی ناوماڵ ، ئەنجامدانی ئەم ئەرکانە فێری خزمەتکردنی خود، خێزان، ماڵیان دەکات. فێری کارامەیی جۆراوجۆر دەبن کە لەداهاتوودا بۆیان بەسودە وەک چێشت لێنان، ڕێکخستنی کەل وپەل و ناوماڵ، شۆردنی جل ، ئاگاداری گوڵ و باخچە....هتد.
لەلایەکی ترەوە یارمەتیدەرە بۆ پتەوکردنی بیروباوەڕی هەرەوەزی، یارمەتیدان، کارکردنی بەکۆمەڵ، کۆکردنەوەی خێزان پێکەوە لەکاتی ئەنجامدانی کاروبارەکان وکەم کردنەوەی فشاری دەروونی. ڕاسپاردنی ئەرکی سوک بەمنداڵان دەبێتەهۆی دروست بوونی هەستی بەرپرسیاریەتی و باوەڕبەخۆبوون، پشت بەخۆبەستن، ڕێزگرتن کەهەمووی چەمکی گرنگن بۆ بنیاتنانی کەسێتی منداڵەکە. هەربۆیە واباشترە لەمنداڵی یەوە فێری بەجێهێنانی ئەرکەکانیان بکەین بەبێ جیاوازی کردن لەنێوان ڕەگەزی نێرو مێ کەبۆ داهاتوویان باشترە لەوەی زۆربەی کاتەکانیان بەفیڕۆبدەن بەدیار یارییەئەلکترۆنیەکان.

دەتوانین منداڵەکان بەشداری پێبکەین بەڕەچاوکردنی ئەم
خاڵانەی لای خوارەوە:

١.لەسەرەتادا باوان لەگەڵ منداڵەکە پێکەوە ئەرکەکە ئەنجام
بدەن تاکو فێردەبێت پاشان بەتەنیا جێیهێڵە خۆی بیکات.
٢.ئەرکەکان بەڕوونی دابەش بکە واباشترە بنووسرێت و هەڵواسرێت تاکو لەبەرچاودابێت و لەیادی نەکات.
٣.باسی گرنگی ئەنجام گەیاندنی کارەکەی بۆبکرێت.
٤.بایەخدان و گرنگی پیشان بدە کاتێک منداڵەکە کارەکە ئەنجام دەگەیەنێت.
٥.دەست خۆشی و پیاهەڵدانی هەوڵەکانی منداڵەکە بۆ ئەنجام گەیاندنی کارەکان کە زۆرگرنگە.
٦.خەڵاتکردنی منداڵەکەو پەیڕەوکردنی سستمی پاداشت کردنەوە کاتێک کارەکان ئەنجام دەگەیەنێت باشتر وایە خەڵاتەکان مەعنەوی بێت و پارە نەبێت وەک ڕێگەپێدانی بۆ یاری کردن یان خواردنی خواردەمەنیەک منداڵەکە ئارەزووی دەکات...هتد ،پێویستە خەڵات کردنەکە ڕاستەوخۆ دوای ئەنجامدانی کارەکەبێت و دوانەخرێت تاکو منداڵەکە فێربێت ئەنجامدانی کارەکە شتێکی پۆزەتیفەو خەڵات دەکرێت لەسەری.

نمونەی هەندێک ئەرک کەبەپێی تەمەنەجیاوازەکان دەتوانرێت بەمنداڵان ڕاسپێردرێت بێگومان ئەگەر هەستدەکەیت منداڵەکەت زیرەکەو توانای ئەنجام گەیاندنی ئەرکی زیاتری هەیە دەتوانیت خشتەکە دەستکاری بکەیت کەبەپێی توانای منداڵەکان دەگۆڕێت:

تەمەنی تازە پێگرتوو (٢-٣ساڵ):
هەڵگرتنەوەی یاریەکان.
هێنان و بردنی کەلوپەلی سوک و بچوک بۆ باوان.
تەمەنی پێش خوێندنگا(٤-٥ساڵ):
فێرکردنی گرنگی دەست شۆردن پاش تەوالێت.
ڕێکخستنی پێخەف و شوێنی نوستن لەژێر چاودێری.
ڕێکخستنی پۆشاک لەژێر چاودێری.
تەمەنی خوێندنگە(٦ساڵ بەرەوژوور):
ئاودانی گو ڵ و باخچە.
پاککردنەوەی تەوالێت و گەرماو، سڕین و پاککردنەوەی ناوماڵ، شۆردنی حەوشەوبان، بردنەدەرەوەی خۆڵ.
یارمەتیدان لەهەڵخستنی جل و بەرگ.
یارمەتیدانی باوان لە ئامادەکردنی خواردن لەژێر چاودێری.
ئامادەکردنی خوان و ڕیزکردنی قاپ و کەوچک ...هتد لەژێر چاودێری.
یارمەتیدانی باوان لەکاتی بازاڕکردن و ڕێکخستنی کەلو پەلەکان پاش گەڕاندنەوە.



ئامادەکردنی د. لاڤە دارا علی/ پسپۆری نەخۆشی یە دەروونی یەکان

Designed and developed by AVESTA GROUP