نەخۆشییەکی دەگمەن کچێکی هەورامانی تەخت دەکاتە نووسەر

پرسی ئافرەتان
17/10/2020

ئامینە رەحیمی، کچە نووسەری گەنجی هەورامی، ناسراو بە "ژوان" کە شەش ساڵ پێش ئێستا و لە تەمەنی 23 ساڵیدا، کاتێک کە خوێندکاری بەشی بایۆلۆژیی زانکۆ سنە دەبێت، تووشی نەخۆشیی رەقبوونی دەمار، ناسراو بە "ئێم ئێس" دەبێت.

دوای تووشبوونی بە نەخۆشییەکە، ئامینە ماوەی سێ مانگ لە ژووری چاودێریی چڕدا خەوێندرا و لە مەرگ نزیکبووەوە، بەڵام ئەو بیری هەر لای ژیان بوو. دوای ئەوە تەنیا یەک رێگەی هەڵبژارد، ئەویش نووسین بوو. ئامینە گەڕایەوە هەورامانی تەخت و لە ژوورەکەیدا بە نووسین درێژەی بە ژیانی دا. ئەو بۆ ئاماژەکردن بە زامەکانی کۆمەڵگە، رۆمان دەنووسێت.

ناوەڕۆکی رۆمانەکانی لە چواردەوری ژیانی ئافرەتانی پەراوێزخراوی کورد دەخولێنەوە، ئەو ژنانەی دوای لەدەستدانی هاوژینەکانیان، بەزۆری گەورە و ریش سپییەکانی خێزان، لە هێوەرەکانیان مارە دەکرێنەوە، ئەو ژنانەی گوشاری ژیان ناچاریان دەکات خۆیان بسووتێنن و ئەوانەش کە بە هەموو ئێش و ئازاری داسەپاوی کۆمەڵگاوە، واز لە خەونەکانیان ناهێنن.

دوای چاپکردنی چوار کتێب و دەیان چیرۆک و گوتار، ئامینە پێیوایە لەو رێگەیەی کە هەڵیبژاردووە، هێشتا چەند هەنگاوێکی کەمی هاوێشتووە، بەڵام ماندوو نییە و بیر لە ئامانجی گەورەی خۆی دەکاتەوە بۆ گەشەی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا.

ئێستا ژیانی ئامینە شەوانە لەژێر ئاسمانی ژوورەکەیدا بە نووسین و خوێندنەوەوە تێدەپەڕێت و رۆژانەش، لەم دووکانە بچکۆلە، لەگەڵ خوێندنەوە و نووسین، بە فرۆشتنی جلوبەرگی منداڵان، بژێویی ژیانی دابیندەکات.

Designed and developed by AVESTA GROUP