کاریگەريیەكانى دوای جیابوونەوەی دایک و باوک لەسەر منداڵ
منداڵ بوونەوەرێکی لاوازە و بەردەوام
پێویستی بە هاوکاری خێزان و ژینگەیەکی ئارام هەیە. بۆئەوەی دڵنیا بێت لەلایەنی
دەروونی، بەڵام جیابوونەوەی دایک و باوك لە یەکتری دەبێتە هۆی تێکدانی ژینگەی
خێزانی و زەرەرمەندبوونی منداڵ بە پلەی یەکەم. چونکە منداڵ تەنها لە باوەشی دایک و
باوک هەست بە ئاسودەی و دڵنیایی وئاسایشی کۆمەڵایەتیدەکات. بۆیە لەهەر کاتێکدا
بنچینەی خێزان لێکترازا دایک و باوك لەیەکتری جیابوونەوە منداڵ دەبێتە قوربانی
نەمانی پەیوەندی نێوان دایک و باوک، لەهەمان کاتدا بێبەش دەبێت لە سۆزو خۆشەویستی و
باوەشی پرسۆزی دایک یان باوک، چونکە لەئەنجامی جیابوونەوە منداڵ لەگەڵ دایك دەژیت
یان لەگەڵ باوك دەژیت بەپێی مەرجەکانی دوای جیابوونەوە لەیەکتری، کەواتە منداڵ
دەبێتە قوربانی و زەرەرمەندی یەکەم بەهۆی جیابوونەوەی دایک وباوک. لەئەنجامی
ئەمەشدا منداڵ توشی خەمۆکی و گۆشەگیری و لاوازی ئەقلی و مەعریفی دەبێتەوە.
زۆر لە توێژینەوەکان گرنگی دەدەن بە جیاوازی لە نێوان
منداڵی خێزانی جیابۆوە و خێزانی ئاسایی بۆ ئەوەی بزانن جیابوونەوە چ کاریگەریکی
نەرێنی هەیە لەسەر منداڵ بەشێوەیەکی گشتی لە قۆناغە جیاجیاکانی ژیانی. بۆ نموونە
بێبەشبوونی منداڵ لە سەرپەرشتی باوانی هۆکارێکی گرنگە بۆ ئەوەی ئەو منداڵە ژیانی
ناخۆش بێت و بێبەش بێت لەناسنامەی کەسایەتی خۆی و رق و گومانی لە ڕەگەزی بەرامبەرهەبێت،
هەروەها دووچاری کێشەی دەروونی وجەستەی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی تەندروستی و
ناهاوسەنگی لە ناسنامەی تاک وخێزانی دەبێتەوە، لەئەنجامدا منداڵ توشی تاوان و
لادان و کێشەی جۆراوجۆر دەبێتەوە.
وەکو توێژینەوە دەروونیەکان و
کۆمەڵناسیەکان ئەو کاریگەری و کێشانە دیار دەکەن لەسەر منداڵ لەدوای جیابوونەوە،
وەکو ئەوەی زۆرێک لەو منداڵانە ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە بەهۆی بێ سەرپەرشتی
و بێنازی و فەرامۆشکردن و بێ ئاگایی دایک و باوك لە پەروەردەکردنی منداڵەکەیان
بەشێوەیەکی تەندروست. هەندێ لەمنداڵەکان دەکەونە سەرشەقامەکان بۆکارکردن یاخود
کاری سواڵکردن کە ئەمەش دەبێتەهۆی بێبەشبوون لە خوێندن و چێژ وەرگرتن لە قۆناغی
منداڵی و زۆربەی جاریش ڕووبەڕووی دەستدریژی سیکسی دەبنەوە. هەروەها زۆرێک لەو مندڵانەی
لەگەڵ باوکیان دەژین ڕووبەرووی تووندوتیژی دەبنەوە لەلایەن باوەژن یاخود (زڕدایک)
هەندی جار ڕووبەڕووی مەرگ و ئازاردان و دەرکردن لەماڵیش دەبنەوە. ئەم بارودۆخەش
منداڵ بێزار وماندوو دەکات، بەردەوام وای لێدەکات ترسی لە داهاتووی خۆی هەبێت وەك
چۆن دایک و باوکی شکستیان هێناوە لە ژیانی هاوسەریان و توشی چەندین کێشە بووینەوە لەگەڵ
یەکتری و دووچاری ناسەقامگیری خێزانی بووینەوە. لەگەڵ ئەمەشدا جیابوونەوە و کێشەی
بەردەوامی نێوان هاوسەران کاریگەری لەسەرکەسایەتی منداڵ دەبێت، والەمنداڵ دەکات
بەردەوام ترس و دڵەڕاوکێی لە دەستدانی کەسەنزیکەکانی لا دروست بێت. هەروەها کەسایەتییەکی
لاواز و شەرمن و شەرانگێزی لێ دروست دەبێت بەهۆی نەبوونی گەشەپێدانی پێویست بە
هاوبەشی دایک و باوك لە پەروەردەکردندا.
ئەڤین ئەحمەد قادر
مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی کۆمەڵناسی خێزان