ڕاگەیەندراوێک لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان

کوردستان
27/11/2020

بەشودانی کچێکی منداڵ لە گوندی خەتارێ مایەی ناڕەزایی و ڕەتکردنەوەیە، بەشودانی کچانی منداڵ لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ژمارە(٨) ساڵی(٢٠١١) لە خاڵی دووەمی ماددەی دووەم وەک توندوتیژی هەژمارکراوە و سزای بۆ دانراوە. وێڕای ئەوەش هاوسەرگیری دووەمە. بۆیە بە هەموو پێوەرێک ئەم حاڵەتە وێڕای پێشێلکردنی یاسا بەرکارەکان لە هەمانکات توندوتیژییە بەرامبەر مافی منداڵ هەروەها مافی ئافرەت، بۆیە بە توندی ئیدانەی دەکەین و داواکارین دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەم تاوانە بەزر بکرێتەوە و کاری جدی بکرێ بۆ هەڵوەشانەوەیی و سزادانی ئەوانەی دەستیان لەو پرۆسەیەدا هەبووە لە هەردوولای خێزانی کچەکە هەروەها ئەو پیاوەی کە ڕێگەی بەخۆی داوە منداڵێکی لە تەمەنی پەپولە لە دنیا و خەیاڵ و خەونی منداڵی دووربخاتەوە و تێوەیبگلێنێ لە پرۆسەیەکی وا پڕ هەوراز و بەرپرسیاریەتی کە سەرەڕای پێویستی تەواوکردنی تەمەنی یاسایی پێویستی بە پێگەیشتنی عەقڵی و ویژدانی هەیە و خودی ئەوانەش کە تەمەنی یاسایی و دۆخی پێگەیشتنیان تێپەڕاندووە هەندێ جار لە ئاست ئەو پرۆسەیە و ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانیدا نین.

وێڕای داواکاریمان بۆ ڕاگرتنی ئەو پرۆسەیە، داواکارین بە یەکجاری هەموو هاوسەرگیرییەکی خوار هەژدە ساڵی قەدەخە بکرێ و لە کاتێکدا یاسا ڕێگە بە هیچ پاساو و سازشێک نەدات بۆ ئەنجامدانی تەنها یەک حاڵەتیش، لە هەمانکات داواکارین هەموو ئەوانەی لە دەرەوەی یاسا لە ماڵەکاندا مارەکردن بۆ هەر کچێکی خوار تەمەنی هەژدە ساڵی ئەنجام دەدەن ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و بە تەواوی ڕێگری لەو حاڵەتانە بگیرێت.

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
٢٦/١١/٢٠٢٠

Designed and developed by AVESTA GROUP