هاوسه‌رگیری نێوان شێخ جووقی و کچە 14 ساڵانه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌

کوردستان
28/11/2020

نوێنەری میر حازم، میری ئێزدییان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بە فەرمانی میر هاوسەرگیریی نێوان کچە 14 ساڵانەکە و شێخ جووقی سەلۆی تەمەن 51 ساڵان هەڵوەشاوەتەوە.

نوێنەری میر حازم لە کۆنگرەیەیکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "دوای ئەوەی لە راگەیاندنەکاندا هاوسەرگیرییەکە دەنگی دایەوە، زۆر پێی کاریگەر بووین، ئەمە کارێکی گەلێک هەڵەیە. لە ئایینی ئێزدییاندا ئەمە بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە کە کچێکی کەم تەمەن شوو بە پیاوێکی بەتەمەن بکات، سەرکۆنەی ئەو کارە دەکەین، سوپاس بۆ خودا ئێمە هەردوو لامان بڕوا پێهێنا و گەیشتینە چارەسەرێک و بە فەرمانی میری ئێزدییان ئەم هاوسەرگیرییەمان هەڵوەشاندەوە."

هاوسەرگیریی ئەو کچە کەم تەمەنە لەگەڵ پیاوە 51 ساڵانەکەدا لە سۆشیال میدیادا کاردانەوەی هاونیشتمانییانی لێکەوتەوە و، بەشێکی زۆریان ناڕەزایەتییان لەو بارەیەوە دەربڕی.

شێخ جووقی سەلۆ، ئەو پیاوە 51 ساڵەی مەروەی 14 ساڵانی لێ مارە کرابوو لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی: "هاوسەرگیرییەکە ناکرێت و من داوای لێبووردن لە گەلەکەم دەکەم."

کچەکە ناوی مەروە حاجییە و باوکی لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند: "ئەو پیاوە کچەکەی منی خواستبوو، بەڵام دوای ئەوەی کۆمەڵگە و خەڵکەکەمان ناڕازی بوون، لە بەر خاتری میر و خەڵکەکەمان ئەو هاوسەرگیرییەمان هەڵوەشاندەوە." هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی تەمەنی کچەکەیەوە گوتی: "کچەکەم 14 ساڵ و 8 مانگ بوو. "

شێخ جووقی سەلۆ تەحسین، پیاوێکی تەمەن 51 ساڵانی دانیشتووی کۆمەڵگەی دۆمیزە لە سنووری پارێزگای دهۆک و کوردی ئێزدییە، هاوسەرگیریی لەگەڵ کچێکی خوار تەمەن 18 ساڵان کردبوو بە ناوی "مەروە" کە دانیشتووی کۆمەڵگەی "خانکێ"ـیە.

Designed and developed by AVESTA GROUP