وەزارەتی تەندروستی: ئەمساڵ 20 تووشبووی ئایدز له‌هه‌رێمی كوردستان تۆمارکراون كه‌ 17 کەسیان بیانین

تەندروستی
01/12/2020

  ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی ئایدزە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیێنێت، لەکۆی 194 هەزار پشکنینی ڤایرۆسەکە لە ئەمساڵدا، تەنیا 20 تووشبوو تۆمارکراون کە 17 کەسیان بیانین. 
ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی نیشانی دەدەن، لە هەرێمی كوردستان لە ساڵانی رابردوه‌ تاوەکو ئێستا 305 تووشبووی ڤایرۆسی ئایدز تۆماركراون، لەو ژمارەیەش تەنها 52 تووشبوو لە هەرێمی كوردستان بوون و 253 تووشبوویان بیانی بوون، بۆ ئەم مەبەستەش كاری پێویست ئەنجامدراوە.

وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان "بەتایبەت گەنجان" دەکات، بەهۆی كرانەوەی هەرێمی كوردستان بە ڕووی وڵاتانی جیهان، خۆیان بەدووربگرن لە هۆكارەكانی تووشبوون بەو نەخۆشییە و رێكارەكانی خۆپارێزی جێبەجێ بكەن "كە بریتییە لە دووركەوتنەوە لە سێكسی ناشەرعی و بەكارنەهێنانی هەموو ئەو كەرەستانەی پیسن كە دەبێتە هۆی برینداربوونی پێست بەم هۆیەوە ڤایرۆسەكە دەگوازرێتەوە".

لە سەرتاسەری جیهان نزیكەی 40 ملیۆن كەس هەڵگری ڤایرۆسی HIV ین، زیاتر لە 600 هەزار كەسیش ساڵانە گیانلەدەست دەدەن، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت "خۆشبەختانە هەرێمی كوردستان بەهۆی كولتوورە جیاوازەكانی كە هەیە و ئەو رێكارانەی كە وەزارەتی تەندروستی دەیکات بۆ گەڕان و دۆزینەوەی تووشبووان، رێژەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بەم نەخۆشییە زۆر كەمە بە بەراورد بە زۆربەی وڵاتانی جیهان".

دڵخواز هه‌ولێری

Designed and developed by AVESTA GROUP