شاناز زاهیر تێکستێکی رەنج سەنگاوی دەکاتە گۆرانی

هونەر
14/12/2020

خانمە گۆرانیبێژ شاناز زاهیر دوای ماوەیەک دابڕان دووبارە بەرهەمێکی نوێی بەناوی "فڕین" بڵاوکردەوە، کە لە تێکستی رەنج سەنگاوییە.

ئەم بەرهەم نوێیەی هونەرمەند شاناز دوای ئەوە دێت، کە ناوی خۆی لە لۆکە گۆڕی بۆ شاناز و لەمبارەیەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، کە گەڕاوەتەوە سەر ناوە راستەقینەکەی خۆی، کە شاناز بووە.

گۆرانییە نوێیەکەی شاناز ، کە بەناوی  "فڕینە"، لە ئاوازی نەوید زەردیە و تێکستەکەشی لەلایەن رەنج سەنگاوی دانراوە،  دابەشکردنی میوزیکی گۆرانییەکەش لەلایەن ئەفشین شوکری ئەنجامدراوە، میکس و ماسترینگ لەلایەن مەجید کازمی جێبەجکراوە.

شاناز لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی خۆیدا لەبارەی ئەم کلیپە نووسیویەتی"کلیپە لە ناخی دڵەوە بۆ ئێوە دروست کراوە، بەشانازییەوە پێشکەشی ئێوەی گوێگرانی شیرین و خۆشەویستی کوردستانی دەکەم، هیوادارم کلیپی فڕین، کە یەکەم بەرهەمی ئەم ئەلبوومەیە چێژبەخش بێت بۆتان و لەئاست چاوەڕوانیتان بێت".

ئەم ڤیدیۆکلیپە لە چەناڵی یوتیوبی نەوید زەردی بڵاوکراوەتەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 131 هەزار ڤیوی هەبووە، هەر کۆمپانیای نەوید زەردی گۆرانییەکەو ئەلبوومێکی گۆرانی بەرهەمهێناوە.

شاناز زاھیر، کە لە نێو خەڵکدا بە لۆکە ناسراوە، خەڵکی شاری سلێمانییە، لە منداڵیە‌وە حەزی بۆ گۆرانیگوتن هەبووە‌. بەڵام لە ساڵی 2008 بەشێوەیەکی فەرمی یەکەمین بە‌رھە‌می خۆی وە‌ک کلیپ بە‌ناوی "ترس" بڵاو دە‌کاتە‌وە،  یە‌کێکە لە گۆرانی ناو ئە‌لبوومی "sms" بوو، کە لەساڵی 2009بڵاوی کردەوە. ئەوکات پێشوازیە‌کی زۆر باشی  لێکرا، هەروەها لە‌ ساڵی 2010وەکو باشترین لاوی ساڵ ھە‌ڵبژێردرا، هاوکات لە‌ ھە‌مان ساڵدا دوو ئە‌لبومی بڵاو کردووە‌و خاوە‌نی زیاتر لە 15کلیپ و زیاتر لە 70 گۆرانییە.

تێکستی گۆرانییەکە
‎مەڵێ تەنیام
‎سەیری ئاوێنەکەت بکە، منی تێدام
‎دەستت بخە سەر سنگی خۆت، من لەوێدام
‎مەڵێ تەنیام 
‎سەیری پەنجەرەکەت بکە 
‎بەرامبەرت راوەستاوم
‎چاو ھەلبێنە من ئەتبینم، ئەھا چاوم
 
‎مەڵێ تەنیام
‎ئەوە نیە ھەرچی خەیاڵی دنیایە
‎كردوومە بە جۆلانە بۆت
‎ئەوە نیە لە ناو ھەورا ئەتخەوێنم
‎بۆنی باران ئەدەی لە خۆت
 
‎ھەمو عومرم لە ئەلبوومەکەی تۆدایە
‎بۆ ناڕۆی ھەلیبەیتەوە
‎لە ناو زەنگی ماڵەكەتدام
‎بۆچی ناڕۆی دەرگاکەم لێ بکەیتەوە
 
‎کووپەکەی منیش  دابنێ  بەرامبەرت
‎کاتێ قاوە ئەخۆیتەوە
‎خۆ من لە چاوەکانتدام
‎لە بیرتبێ، ئەگەر بگریت ئەمشۆیتەوە
 
‎پێبکەنە حەزم لە بریسکەی دانتە
‎وەکو منداڵ
‎حەزم لە ھەڵماتی روونی چاوەکانتە
‎ھێندەی سەرما بردەڵەیەک من حەزم لە گەرمی گیانتە
‎خۆزگەم بەو مۆمەی ئەسووتێ و
‎ئێشکگری شەوەکانتە
 
‎مەڵێ تەنیام
‎بڕوابکە سەفەری من ، سەفەر نیەو ھەر ھەنگاوە
‎لە ھەرکوێ بم ، سەرم لەسەر شانوو ملت بەجێماوە
 
‎مەڵێ تەنیام
‎ھەستە بفڕە
‎فڕین کەنگێ باڵی ئەوێ
‎من ھەرکاتێ بیرتبکەم
‎باوەشێکت ھەر تەنھا خەیاڵی ئەوێ.
 
رەنج سەنگاوی

Designed and developed by AVESTA GROUP