ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای یەکێتی ئافرەتانی کوردستان

کوردستان
14/01/2021

ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢١؛ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بە سەرپەرشتی بەڕێز ئەڤین هروری ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی دەستەی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەڕێز کوردۆ ڕەشید بەرپرسی دۆسیەی ڕێکخراو لە دەستە و ئامادەبوونی سکرتێری یەکێتی ئافرەتان بەڕێز د.ڤیان سلێمان و گشت ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا؛ سازدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و ئاستەنگ و ئاڵەنگاریی و ڕۆڵ و ئەرکی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانی وەک گەورەترین و دێرینترین ڕێکخراوی ئافرەتان گفتوگۆ کرا و بەرچاوڕوونی درایە هەڤاڵان.
کاروباری کارگێڕی ڕێکخراوەیی و میکانیزمەکانی بەڕێوەچوونی کاروباری ڕۆژانە و ئەرک و ڕۆڵی کادران بۆ مەبەستی پێشخستنی ڕێکخراو گفتوگۆکرا و پێشنیاز و ڕاسپێری پێویست خرایەڕوو.
ئەرک و ئامانجەکانی ڕێکخراو لە ڕاستای پێشخستنی پرسی ئافرەت و بەهێزکردنی پابەندی نیشتمانی و خزمەتکردن بە ئەزمونی هەرێمی کوردستان وەک ئەرکی لەپێشینە و ئامانجی باڵا جەختی لێکرایەوە و گشت ئۆرگان و کادران ئەرکدارکران بە خستنەگەڕی وزە و تواناکان بۆ ئەو ئامانجانە.
ستایشی ڕۆڵی لەخۆبوردوانەی سەرجەم کادران لە ئەنجومەن و ناوەندەکان کرا و لە هەمبەر دڵسۆزی و پشودرێژییان ئەوپەڕی سوپاس کران و جەخت لە بەردەوامی و کۆڵنەدان کرایەوە.
کۆبوونەوە سڵاوی نارد بۆ گشت ئافرەتانی کوردستان و درود بۆ گیانی ئافرەتانی خۆبەختکردوو لە پێناو دۆزی ڕەوای نەتەوەیی و پرسی ڕەوای ئافرەت.
هەروەها کۆبوونەوە بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد ڕێزی نواند و یادی ئەوانی بەرز و بەشکۆ ڕاگرت.  

ئەنجومەنی باڵای یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
١٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢١
هەولێری پایتەخت

Designed and developed by AVESTA GROUP