سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان دەکات.

کوردستان
10/02/2021

ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/2/10 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە شاری هەولێر کرد.
سەرۆکی حکومەت بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بەسەرکردەوە، بەتایبەتی هێڵی گەرمی ژمارە 119 کە یەکێکە لە هۆبە گرنگ و چالاکەکانی سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی، کە ئامانجی یارمەتیدانی قوربانییانی تووندوتیژییە و بێ بەرامبەر و 24 کاتژمێر، پەیوەندییەکان وەڵام دەداتەوە و ڕینمایی یاسایی و دەروونیان پێشکەش دەکات.
سەرۆکی حکومەت، وێڕای دەستخۆشیکردن لە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیەکە کە ئەرکێکی پیرۆز ئەنجام دەدەن، ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دژی هەموو جۆرە تووندتیژییەکە و بەردەوام کار دەکات بۆ بنبڕکردنی گشت تووندوتیژییەک، گوتیشی هەموو هاووڵاتییەک بەرامبەر یاسا یەکسانە و پێویستە ئافرەتان ئازادانە بژین و بڕیار لە ژیانی خۆیان بدەن و مافەکانیان پارێزراو بێت .

Designed and developed by AVESTA GROUP