​ پەیامی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە ٤٧ ەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم

کوردستان
12/05/2021


لە چل و حەوتەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم، سڵاو و درود بۆ ڕۆحی بەرزەفڕی دەنێرین. لەیلا قاسم لە قۆناخێکی هەرەسەختی مێژووی گەلەکەمان، لە پایتەختی زۆرداری و ستەمەوە لەپێناو ئازادی کوردستان چالاکی و ڕێکخستنی سیاسی بەڕێوەبرد و سەری بەرزی بۆ فشار و ئەشکەنجەی  ستەمکارانی بەعس دانەنواند. بە سرودی ئەی ڕەقیب و بروایەکی پۆڵاین بە کوردایەتی و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی چووە بەر پەتی سێدارە و هەرمان و نەمری هەڵبژارد. بەوەش سەلماندی کە ئافرەت نەک هەر دەتوانێ ئەرکی خۆی بەرامبەر نەتەوە و نیشتمان بەجێبێنی، بەڵکو پێشڕەو و پێشەنگی تێکۆشانە.
نەبەردی لەیلا قاسم و خۆڕاگری و ڕادەستنەبوونی بۆ ئیرادەی ڕژێمی دیکتاتۆر بوو بە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ بەهێزبوونی بڕوای نەتەوەیی و تێکۆشانی ئازادیخوازیی و پەیوەستی هەزاران لە ڕۆڵەکانی نیشتمان بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و کوردایەتییەوە، هەربۆیە یاد و بیرەوەری هەمیشە بە نەمری دەمێنیتەوە.
بۆئەوەی ئاسۆی ڕزگاری نەتەوەیی و خەباتی پیرۆزمان بۆ کوردستانێکی یەکسان ڕووناک و درەوشاوەبێ، ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستیمان بەو باوەڕ و ئازایەتیەیە کە لە دەرون و باوەڕ و ئەزموونی خەباتی لەیلا قاسمدا هەبوو تا بتوانین لە ئاست ئەرکی پیرۆزی ڕزگاری نەتەوەیی و کاریگەری ڕۆڵی ئافرەت بین لەو بوارە سەرەکییەی ژیانی گەلەکەمان.
ئێمە لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، شانازی بە لەیلا قاسم دەکەین و یاد و بیرەوەری بەرز و پیرۆز ڕدەگرین و پەیمان دەدەین کە هەمیشە شوێنپێهەڵگری هەنگاوەکانی ڕێی تێکۆشانی ڕزگاری و سەرفرازی ئەو سمبولە باڵایەی خەباتی کوردایەتی و ئازادی کوردستان دەبین.
درود بۆ ڕۆحی لەیلا قاسم و هەڤاڵانی شەهیدی و گشت شەهیدانی کوردستان و سەروەری شەهیدان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشەلەیاد.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
١٢/٥/٢٠٢١

Designed and developed by AVESTA GROUP