سه‌رۆك بارزانی : داستانی په‌ڕینه‌وه‌ له‌ رووباری ئاراس، ڕەهەندی نەتەوەیی و مێژوویی و سیاسی و سەربازیی گەورەی هەبوو

کوردستان
18/06/2021

سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی پەڕینەوەی بارزانی نه‌مر و هاوڕێکانی لە رووباری ئاراس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ئەمڕۆ حەفتا و چوار ساڵ بەسەر داستانی مێژوویی پەڕینەوەی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە ڕووباری ئاراسدا تێدەپەڕێت. لە ١٨ـی حوزەیرانی ١٩٤٧ـدا دوای پەنجاوسێ ڕۆژ شەڕ و بڕینی سنووری ئێران و عێراق و توركیا و ڕووبەڕووبوونەوەی سوپا و چەکدارانی سێ دەوڵەت و پووچەڵکردنی هەڕەشەی دوژمنان لە ڕێڕەوێكی دوورودرێژ و سەختدا بارزانیی نەمر و یاوەرانی توانیان لە ڕووباری ئاراس بپەڕنەوە و بچنە خاكی یەكێتیی سۆڤییەت.
هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئەو داستانە ڕەهەندی نەتەوەیی و مێژوویی و سیاسی و سەربازیی گەورەی هەبوو و، كاریگەرییەكی یەكلاكەرەوەی لەسەر مانەوەی دۆزی ڕەوای كورد لەو كات و لە قۆناغەكانی داهاتوو بەجێهێشت.

سه‌رۆك بارزانی تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ لەدوای ڕووخانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد هەموو هەوڵی دوژمنان ئەوە بوو كە كۆتایی بە خەبات و تێكۆشانی گەلی ستەملێكراوی كورد بهێنن و ئیرادەی مرۆڤی كورد بشكێنن. بەڵام لەو داستانە مێژووییەدا ئیرادەی گەلەكەمان بەسەر پیلانی دوژمنان سەركەوت و ئەوە سەلمێندرا كە ئیرادەی بەرخودان و خۆبەدەستەوەنەدان لەنێو ڕۆڵەكانی گەلی كوردا هەر دەمێنێت و ئەو ئیرادەیە لە هەموو هێز و سوپا و پیلانێك بەهێزترە.

سه‌رۆك بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: " داستانی مێژوویی پەڕینەوەی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە ڕووباری ئاراس ڕەتكردنەوەی داگیركاری و بندەستی بوو و، ئومێدی مانەوە و خەباتی لە دڵی گەلی كورد بە زیندوویی هێشتەوە".

   

Designed and developed by AVESTA GROUP