بۆ گەشەکردنێکی تەندروستی منداڵ، پێویستە دایکان شیری سروشتی بە منداڵەکانیان بدەن

پەروەردەی خێزان
06/08/2021

شیردانی منداڵ بە شێوازی سروشتی لەسەرەتای مانگەکانی یەکەمی لە دایکبوونی گرنگی زۆری هەیە ، هەربۆیە زۆرینەی دایکان لە سەرتاسەری جیهان بە گشتی و کوردستان بەتایبەت هەوڵی ئەوە ئەدەن تاکو منداڵەکانیان بە شیری سروشتی خۆیان بە خێو بکەن چونکە شیری دایک پرە لە ڤیتامیناتی سروشتی کە هەرگیز ئازار بە تەندروستی منداڵ ناگەینێت ودەبێتە هۆی گەشە کردنی بە شێوازی ته‌ندروست.

سەبارەت بە شیرپێدانی سروشتی دکتورە سەفین عەبدوالکریم دەڵێت : شیر پێدانی سروشتی گرنگی تایبەت بەخۆیەوە هەیە بۆ کۆرپەلەی تازە لەدایکبوو، هەروەها بۆ دایکانیش بەراورد لەگەڵ شیری قوتوو چونکە شیری دایک سروشتی ترە و پرە لە ڤیتامیناتی جۆراوجور کە منداڵ لە ڕێگای دایکییەوە بە دەستی دەهێنێت وئەم نزیکبوونەوە جەستەییە لە نێوان منداڵ و دایک روودەدات ئارامێکی زۆر بە منداڵ دەبەخشێت و دەبێتە هۆی گەشە کردنی منداڵێکی تەندروست لە هەموو روویەک بەتایبەت لە روی جەستە و لۆژیک ... وهەروەها دەبێتە هۆی بەهێز بوونی توانای کۆرپەلە، ئەگەری تووشبونی بە نەخۆشی کەمی (O2) کەم دەبێت ، ئەگەری تووشبونی بە سكچوون کەم دەبێت ،ئەگەری تووشبونی بە نەخۆشی شێرپەنجە و شەکرە کەم دەبێت و تووشی کێشەی مەعیدە نابێت .

هەروەها د.سەفین ئاماژەی بەوەش دا کە منداڵ بە هەردوو شیر گەورە دەبێت بەڵام باشترین شیر شیری سروشتی دایکەوتەنها لەچەند حاڵەتێک دایک ناتوانێت شیری منداڵەکەی بدات:
- لەو کاتەیە کە دایک تووشبوی نەخۆشی( ئایدزە )
- نابێت بە هیچ شێوازێک شیری منداڵەکەی بدات چونکە بەشێک لە ڤایرۆسەکانی نەخۆشیەکەی لە ڕێگای شیرەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکەی
- تووشبونی دایک بە نەخۆشی (سل) ی کارا ، لە حاڵەتێک کە چارەسەری نەبێت نابێت شیری منداڵی بدات .
- تووشبونی دایک بە نەخۆشی شێرپەنجە بە تایبەت لەکاتی بەکارهێنانی چارەسەری ( کیمیائی )
- بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر وەک (کۆکائین )
- منداڵی تووشبوو بە نەخۆشی بەرگەنەگرتن ( لاکتوز ) کە ئەمەش دەبێتە هۆی هەرس نەکردنی شەکر لە شیری دایک .

لەم حاڵەتانە دەبێت دایکان سەردانی پزیشکی پسپۆر بە منداڵان کەن تاکو باشترین و گونجاوترین شیری قوتوو پێیان بناسرێت و دوای ئەوەش دەبێ ئەو منداڵە لە ژێر چاودێری پزیشکەکەی تایبەت بەخۆی بێت بۆ زانینی باش بوونی شیرەکەو کاریگەر بوونی لەسەر گەشە کردنی منداڵەکە .
شیرخواردنەوە لەمنداڵێکەوە بۆ منداڵێکی دیکە جیاوازی تایبەت بەخۆیەوە دەبینێت ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ جەستە و ماوەی برسی بوونی منداڵەکە
بەڵام بە شێوازی گشتی دەبێت منداڵ لە نێوان ماوەی ساڵێک بۆ سێ ساڵ شیر بخوات یاخود زیاتر ئەمەش دەگەرێتەوە سەر توانای دایک و پێویستی جەستەی منداڵ بە شیر.

سەبارەت بەمەش هاوڵاتی ئاشتی فەتاح وتی : من دایکی 3منداڵم و هەموویانم بە شیرپێدانی سروشتی بەخێوکردوە چونکە لەوە دڵنیام کە شیری دایک باشترین شیرە بۆ گەشەکردنی منداڵ.

هەروەها هاوڵاتی هێڤا مەحمود وتی : لەسەرەتای لەدایکبوونی کورپەلەکەم پزیشکی خۆم ومنداڵەکەم پێ وتم باشترین ڕێگا بۆ شیرپێدانی منداڵەکەت ئەوەیە کە شیری خۆت بخوات، چونکە جگە لە سودمەندیەکانی بۆ منداڵەکەت بە دڵنیاییەوە سودیشی بۆ خۆت هەیە چونکە لە کاتی شیر پێدانی سروشتی کێشەی کێش لە دوای منداڵ هێنان لە دایک نامێنێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەمتر دەبێت،هەروەها دایکی شیردەر ئەگەری تووشبونی بە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک و هێلکەدان کەم دەبێت ، وئەمەش وای لێ کردم کە کورپەلەکەم بە شیری سروشتی خۆم بەخێوکەم هەربۆیە ئامۆژگەاری هەموو دایکان دەکەم گەشە بە شیر پێدانی سروشتی بدەن.


ئاماده‌كردنی:   ناوەندی ئەڵوه‌نی (ی .ئا .ك)

Designed and developed by AVESTA GROUP