كۆتای ژنان

پرسی ئافرەتان
20/09/2021

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕێژەیەك دانراوە بۆ ژنان و بەپێی دەستور نابێ (٢٥٪)ی کۆی کورسیەکانی پەرلەمان کەمتربێت، کە دەکاتە (٨٣کورسی)، جا ئێستا بەزمانی گشتی بەم ڕێژەیە دەڵێن(کۆتای ئافرەتان) کە ڕاستیا خۆێ (ڕێژە)یە و جیایە لە کۆتا، بەڵام تازە واڕۆیشتووە.

 ئەو (٨٣) کورسیەی ڕێژەی چەسپێنراوی ژنان بووە بە بنەمای دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن و هەموو عێراق بووە بە (٨٣ بازنەی هەڵبژاردن)، وە دەبێت لە هەر بازنەیەك بەلایەنی کەمەوە ئافرەتێك ببێتە ئەندامی پەرلەمان، ئەمەیش بەپێی یاسای ژمارەی (9)ی ساڵی 2020ی هەڵبژاردنی پەرلەمان.

 ئەگەر لە هەر بازنەیەکی هەرڵبژاردندا ئافرەتێك بە حەقی خۆی دەنگی هێنا و کورسی بردەوە، ئیتر کۆتا نامێنێ و پەنا نابرێتە بەر کۆتای ژنان، بەڵکو گشت کاندیدەکان دەچنە کێبەرکێی گشتیەوە بۆ بەدەستهێنانی کورسی.
لە هەر بازنەیەك ئەگەر ژن بە حەقی خۆی و لە کێبەرکێی گشتی دەرنەچوو، ئەوا دوای یەکلاکردنەوەی کورسی پیاوەکان، دواهەمین کورسی دەدرێت بەو ئافرەتەی زۆرترین دەنگی هێناوە لەناو کاندیدە ژنەکان ئەگەرچی دەنگەکانی کەمتریش بێت لەو کاندیدە پیاوانەی کە ماون و کورسیان بەرنەکەوتووە.

هەروەها دەکرێت ئافرەت بەحەقی خۆی چەند کورسی بازنەکە ببات و هیچ ڕێگریەك نیە کە تەنانەت گشت کورسیەکانی بازنەکەیش ئافرەتان دەربچن بە حەقی خۆیان و پێش پیاوان بکەون و هیچ پیاوێك دەرنەچێت، بەڵام بەپێچەوانەوە هەرگیز ناکرێت لەبازنەیەك گشت کورسیەکان پیاوان بیبەن.
 بۆ نمونە : لە بازنەیەکی دیاریكراودا كە ژمارەی كورسیەكانی (5 کورسی)بێت، كورسیەكی تەرخان دەبێ بۆ ڕێژەی ئافرەت ودەبێت بەلایەنی كەمەوە ئافرەتێك لەو بازنەیەدا دەربچێت، ئەگەروادانێین بازنەكە (100)هەزار دەنگی دروستی تیادا درابێت و کاندیدەکانیش (10) كاندید بن، (6پیاو) و (4ژن)، وە دوای هەڵبژاردن دەنگەکانی بازنەكە بەكێك لەم دوو حاڵەتەی ناو وێنەكە دابەشبوون، ئەوا لە هەر حاڵەتەكدا بەو شێوەیە دەبێت كە لە وێنەكەدا ڕونمان كردووەتەوە، حاڵەتی یەكەم جێبەجێكردنی كۆتایە و حاڵەتی دووەمیش ئەوەیە كە كۆتا جێبەجێ ناكرێت و پێویستمان بەكۆتا نیە.



دڵشاد نامیق فه‌ره‌ج

Designed and developed by AVESTA GROUP