گرفتی دەروونی و كاریگه‌ری خه‌مۆكی له‌سه‌ر ئافره‌تان

هەمەجۆر
25/10/2021

گرفتی دەروونی بارودۆخێکی‌ دەروونیە کە لە تاکدا دروست دەبێت ،کە دەبێتە هۆی تێكچوونی میزاج و تێكچوونی  خەو و بیركردنەوەی بەردەوام و بێزاریەکی زۆر و تێکچوونی  رەفتاری تاک و درووستبوونی خەمۆكی .  نەخۆشییەکانی پەیوەندیدار بە تەندروستی دەروونی، کێشەی تەندروستین کە بە قووڵی کاریگەری لەسەر ژیانی تاکەکان دروست دەکەن و دەبێت بە چاودێرییەوە چارەسەر بکرێن لەلایەن پزیشک و پشپۆڕی دەروونیەوە.
زۆرێک لە نەخۆشییە دەروونییەکان، کە بە گۆڕینی بارودۆخی ژیان و ئەو گۆڕانکاریانەی کە ڕوو دەدەن ڕۆژانە کاریگەریەکی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر دەروونی تاک ، ئەمەش بە تەنها لە ووڵاتێکدا ڕەنگی نەداوەتەوە بەڵکو لە هەموو جیهاندا ڕێژەکەی لە زیادبووندایە تەنانەت لە ووڵاتە پێشکەوتووەکانیش دا ئەم گرفتە دەروونیانەی تاکی تێدا بەربڵاوە. خەمۆکی ((DEPRESYON
خەمۆکی، کە یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکانی دەروونی، کە گرفتێکی دەروونی بەربڵاوە و باو و جدییە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر هەست و بیر و هەڵسوکەوتی تاکەکان هەیە. خەمۆکیش وەک حاڵەتێکی بێ هەستی پێناسە دەکرێت بەرامبەر بە ڕووداوە دڵتەزێنەکان یان چالاکیە چێژ بەخشەکان.
زۆربەی کات لەوانێیە تێبینیمان کردبێت کە کەسێکی خەمۆک هەست بەو ڕووداوە خۆش و ناخۆشەکان ناکات، کە لە دەورووبەرو ژینگەی ئەودا ڕوودەدەن، هەروەها توێژەران پێیانوایە خەمۆكی زیاتر دیاردەیەكی دەروونییە و نەخۆشیەكی جەستەیی نییە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە چەندین نەخۆشی جیاوازی جەستەیی هەیە كاریگەریان هەیە لە سەر دروستبوونی خەمۆكی.

ئەو هۆکارانە چین کە وا دەکات ئافره‌تان تووشی خەمۆکی ببن ؟
 لێرەدا هەوڵدەدەین باس لە چەند حاڵەتێک بکەین کە وا دەکات ئافره‌تان نیگەران بکات ، هۆکارەکانی خەمۆکی لە ئافرەتاندا زۆربەی کات بەهۆی  گۆڕانکاری هۆرمۆنی دروست دەبن ، وەگۆرانکاری  ژیان و دروست بوونی بارودۆخی پڕ لە سترێس و تەنگەژە و ئاڵۆزی شێوازی ژیان و فشارە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن کاریگەریەکی ڕاستەوخۆیان هەبێت  لەسەر ئافره‌تان ،وە پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانەیان تووشی خەمۆکی دەبن لەماوەی سوڕی مانگانە تووشی حاڵەتێکی توندی خەمۆکی دەبنەوە کە تەنانەت زۆربەی کات بەهۆی خەمۆکی و بێ ئومێدی بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە ڕەنگە لە ئافره‌تێكه‌وه‌ بۆ ئافره‌تێكی دیکە گرفتە دەروونیەکان بگۆڕدرێن ، بەڵام بەشێکی زۆریشیان هاوشێوەن. وە بەشێکی زۆری ئافره‌تان لە ئیستادا تووشی ئەم گرفتە دەروونیە بوونەوە و کاریگەری نەرێنی لەسەریان دروست بووە زۆربەی کات کردە خۆ کوژیەکانی لێ دەکەوێتەوە   .
دوای بەدوا داچوون گفتووگۆکردن لەگەڵ چەند ئافره‌تێك لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین کە ڕووبەڕووی ئەم حاڵەتە بوونەتەوە بەم جۆرە بۆمان دووان:
 لەنێو ژوورەکەیان دەمێنەوە و گۆشەگیربوون هەست ناکەن کە شوێنێک هەیە لە دەرەوە بۆ ئەوان کە بۆی  بچن . یەکێک لەو ئافره‌تانە کە تەمەنی ٣١ساڵان بوو  بە ناوی (ف.ح.م) ووتی:
من زیاتر لە ٣جار هەوڵم داوە خۆم بکوژم و کۆتای بە ژیانی خۆم بێنم ،چونکە هەستمکردووە لەم ژینگەیەدا زیادەم ،هیج کاتێک هەستم بە دڵخۆشی و گۆڕانکاری نەکردووە لەم ژیانەدا ،هەر شتێک هەوڵم بۆی دابێت بۆم دەستەبەر نە بووە ،کە ئەمەش تووشی بێ ئومێدی کردووم .هەمیشە پرسیار لە خۆم دەکەم کە بۆچی بژیم ؟ لە کاتێکدا هیچ شتێک نیە بۆ دڵخۆشی من .بۆیە تووشی خەمۆکی بووم . لە پرسیارێکدا کە ئاراستەمان کرد بۆچی هەوڵت نەداوە بچیت بۆلای پسپۆری دەروونی ڕێنمایت بکات ؟
لە وەڵامدا ووتی : چۆن دەچم دوای پێم دەڵین دەروونی تێکچووە.
  چەند ئافره‌تێكی تریش بە هەمان شێوە هەستیان بەوە کردووە کە تووشی گرفتی دەروونی بوون، بەڵام  ئاماژەیان بەوە داوە کە بچن بۆ لای پسپۆڕی دەروونی تووشی تانە و توانج دەبن لە لایەن کۆمەڵگه‌و و کەسانی چواردەوریان بە داخەوە  کە ئەمەش بە گرفتێکی گەورە دادەنرێت ،چونکە زۆربەی کات بە هۆی تەشەنەسەندنی ئەم حاڵەتە دەروونیە تاکەکانی کۆمەڵگا تووشی کردەوەی خۆکوژی دەبن بەر لە وەرگرتنی چارەسەر. نیشانەکانی خەمۆکی چین؟
1.هەستی غەمگینی، گریانی بێ هۆکار ، هەستکردن بە بۆشای رۆحی و نائومێدبوون لە هەمووشتێک.
 ٢- هەست کردن بە تاوان، سەرکۆنەکردنی خۆی بۆ شکستەکانی ڕابردوو.
٣-بیرکردنەوەی بەردەوام و چڕکردنەوەی شتەکان ، بڕیاردانی نەرێنی.
٤-  حەز نەکردن بە قسەکردن و تێکەڵ نەبوون لەگەڵ چواردەوورو گۆشەگیربوونی بەردەوام و توڕەبوونی بەردەوام، لە هەموو کەسێک و لە هەموو شتێک دەبێتە هەست بە  بێزاری بەردەوام  و توڕەبوون دەکات.
٥- بەردەوام هەستکردن بە ماندوێتی و تەمەڵی بەشێوەیەک زۆربەی کات لەناو جێگەدا بەسەر دەبات بە بێئەوەی بخەوێت.
٦-  ئارەزووی گەڕان و چونە دەرەوەی نامێنێت و ئارەزوی سێکسی کەم دەبێتەوە.

پێویستە لەسەر هەر یەکێک لە ئێمە کە هەستمان بە گرفتێکی دەروونی کرد لە خۆماندا  ، دەتوانین چارەسەری دروست وەربگرین و بۆ ژیانێکی تەندروستتر و چێژبەخش تر  بۆ خۆمان دروست بکەین. بۆ ئەوەی ڕێگە لە کاریگەرییەکانی نەخۆشیە بگیرێت. ئەگەر نیشانەکانی هەر نەخۆشیەکی دەروونیت هەیە، دەتوانرێت پەیوەندی بە پزیشک یاخود پسپۆری دەروونی بکرێت ، دوای دەستنیشانکردنی بارودۆخەکە  دەست بە پرۆسەی چارەسەرکردن بکرێت.


ئامادەکردنی : ڕێژین قاسم محمود

Designed and developed by AVESTA GROUP