هۆشیاری ئافره‌تان له‌سه‌ر یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی

پرسی ئافرەتان
06/12/2021



پرسی ئافرەت پرسێکی جیهانییە و توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان کێشەیەکی قوڵەو لە هەموو جیهان و کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی بوونی هەیە و ڕەنگی داوەتەوە ، له‌ هەرێمی کوردستانیش بەدەر نیە لەو کێشەو گرفتەی کەڕووبەڕووی ئافرەتانمان دەبێتەوە بەڵام بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان ،ڕێوشوێنی یاسایی و کارگێڕی پێویست بۆ ئەو مەبەستە گیراوەتەبەر. حکومەتی هەرێمی کوردستان ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی بەرەنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان بە فەرمی ناساندووە و چالاکی و مەراسیمی تایبەتی بۆ ڕێکدەخات.

سەبارەت بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە ھەرێمی کوردستان لێدوانمان لە
پارێزەر ( هەورین خدر ئیسماعیل) وەرگرت بەم شێوەیە بۆمان هاتە دوان:

ئێمە یاسایاکمان هەیە کە  یاسای بەرەنگار بونەوەی توندوتیژی خێزانیە یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠١١، کە لە دە(١٠) ماددە پێکهاتووە، یەکێکە لەو یاسایانەی کە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ سنووردار کردنی دیاردەی توندوتیژی خێزانی لە نێو کۆمەڵگەدا دەری کردووە، ئەو توندوتیژییەی کە لە لایەن تاکە کەسێکەوە دەرهەق بە کەسێکی تر کە پەیوەندییەکی خێزانی دەیانبەستێتەوە، وەک پەیوەندی هاوسەرێتی یاخود خزمایەتی تاوەکو پلە چوار یاخود ئەو کەسەی بەپێی یاسا خراوەتە پاڵ خێزانەکەی ئەنجام دەدرێت.
کە لە (ماددەی دووەم ) باسی توندوتیژی خێزانی کراوە کە پەیوەستە بە هەركەسێك كە وابەستەی پەیوەندی خێزانی بێت توندوتیژی لە چوارچێوەی خێزان لێی قەدەغە دەكرێت لەوانەش توندوتیژی (جەستەیی‌ و سێكسی ‌و دەرونی)... کۆمەڵێک لەم كردارانەش لای خوارەوە وەك نمونە بە توندوتیژی خێزانی دادەنرێت: (زۆر لێكردن لە هاوسەرگیری، هاوسەرگیری ژن بە ژن‌و بە شوودانی بچووك، بەشوودان لە بری خوێن، تەڵاقدانی بە زۆر، بڕینی پەیوەندی خزمایەتی، زۆر لێكردنی مێرد لە ژنەكەی لەسەر لەشفرۆشی‌و داوێن پیسی كردنە پیشە، خەتەنەكردنی مێینە، ناچاركردنی تاكەكانی خێزان لەسەر وازهێنان لە فەرمانبەریەتی یان كار بەبێ‌ ڕەزامەندی خۆیان، ناچاركردنی منداڵان لەسەر كاركردن‌ و سواڵ كردن‌و وازهێنان لە خوێندن، خۆكوشتن بەكاریگەری توندوتیژی خێزانی، لەبار بردن بەكاریگەری توندوتیژی خێزانی....هتد)  هەروه‌ها لە مادەی (٥-٦-٧) سزاکان دیاری کراون، واتە هەرکەسێ کردەوەی توندوتیژی ئەنجام بدات بەپێی ئەم مادانە سزا دەدرێت.
لە پرسیاری ئەوەی کە ئایا ئافرەتان کاتێک ڕووبەڕووی توندو تیژی دەبنەوە چۆن داوای یاسایی تۆمار بکەن ؟ وە چ هاوکاریەکیان پێشکەش دەکرێت و ڕۆڵی بەڕیوبەرایەتیەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان  و خێزانی چیە لەو حاڵەتەدا ؟
لە وەڵامدا ووتی :
بە ڕاستی ئافره‌تان زانیاریان زۆر کەمە لەو بارەوە بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم کە بەشێکی زۆری ئافره‌تان ترسیان هەیە و دەڵین ناوێرین بێن بۆ دادگا داوا تۆماربکەم و کێشەکەم گەورەتر دەبێت . بەڵام لە راستیدا لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی توندوتیژی و دادگا ئاسانکاریەکی زۆریان بۆ دەکرێت، هەوڵ دەدرێت بە نهێنی کێشەکەی بۆ چارەسەر بکرێت، چونکە لەسەر داوای ئافرەتەکە پەڕاو دەکرێتەوە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکەی.
سەرەتا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان دەکات ،لەوێ سکاڵای خۆی تۆمار دەکات بەرامبەر ئەو کەسەی توندوتیژی بەرامبەر ئەنجام داوە، هەر لە بەڕێوەبەرایەتیەکە هاوکاریەکی زۆر دەکرێت پێش ئەوەی داواکەی بچێتە مەحکەمە، کە ئەمە قۆناغێکی زۆر گرینگە  بەپێی جۆری توندوتیژیەکە هاوکاری پێشکەش بە ئافرەتەکە دەکرێت. زۆربەی کات کێشەکان لە ناو بەڕێوەبەرایەتی چارەسەر دەکرێن ،بەلام لە ئەگەری چارەسەر نەبوونی کەیسەکە ڕەوانەی دادگا دەکرێت بۆ لێکۆلینەوە.

لە ژێر ڕۆشنای ئەم بابەتە چەند دیمانەکمان ئەنجامداوە لەگەڵ ئافرەتێکی قوربانی دەستی توندوتیژی خێزانی  کە ڕووبەڕووی بۆتەوە هەر تەمەنی هەرزەکاریەوە : 
(ر . ع . ک )، ناوی ئافره‌تێكی قوربانی توندوتیژی خێزانیە تەمەنی ٢٣ ساڵە لە ڕانیە دەژی، یه‌كێكه‌ له‌ قوربانیانی دەستی هاوسەرەکەی و خاوەنی منداڵێکە ، لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیری کردوە باسی لەوە کرد ووتی : زۆر حەزم بە خوێندن بوو بەڵام لە لایەن باوکمەوە ڕێگەم پێنەدرا درێژە بە خوێندن بدەم بۆیە بە ناچاری وازم لە خوێندن هێنا لە تەمەنی ١٧ ساڵی بۆ ڕزگاربوونم لە دەستی باوکم هاوسەرگیریم ئەنجامدا، بەڵام نەمزانی ژیانێکی تاڵم دەبێت و خۆزگەم بە ماڵی باوکم دەخواست ،لەگەڵ ماڵی خەسوو خەزوورم دەژیام و منیان کرد بە خزمەتکاری خۆیان دواتر ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیانم ناخۆشتر بوو هاوسەرەکەم خراپتر بوو خیانەت زەوجی بەرامبەرم کرد و قسە و جنێوو سوکایەتی پێکردنی دنیای پێکردم جگە لەوە لێدان و ئەشکەنجە دانیشی کرد بە پیشەی، بۆیە بە ناچاری ماڵەکەیانم جێهێشت و رۆشتمەوە بۆ ماڵی باوکم ، باوکم دەری کردم ووتی دەبێ قبوڵی بکەی و بچیتەوە ماڵی مێردت ، بۆیە چووم بۆ ماڵی مامم لەوێ ووتم لێی جیادەبمەوە  تاکو ئەمڕۆش کێشەکەم هەر وا ماوەتەوە چاوەرێم باوکم و مامم ڕەزامەندی دەر ببڕن لەسەر جیابوونەوەم لێی، منداڵەکەشیان داواکرد و پێم دانەوە چونکە کەس قبوڵی نە دەکردم لە ماڵی بمێنمەوە ،بۆیە داواکارم لەم ووڵاتە زیاتر قەدری ئافرەت بگیرێت و ئەوانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.

چی بکرێت بۆ ئەوەی کردەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان بنبڕ بکرێت؟
لە كۆتاییدا پێویستە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بەناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا فراوانتر بکرێت و ڕۆڵ و پێگە و گرنگی ئافرەت نیشان بدرێت  لە پەروەردەکردنی خێزان و کۆمەڵگا ،چونکە ئافرەت سمبولی جوانی و میهرەبانیە پێویستە ئەوپەڕی ڕێز و بەهاو مافی خۆی پێ بدرێت ،هاوكاری زیاتری ئافرەت بکرێت  و لەلایەن بەرێوەبەرایەتییەكانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان ، لە رووبەروبوونەوەی كێشەكان و هەروەها وشیاركردنەوەی كۆمەڵگا بۆ دووركەوتنەوە لە توندوتیژی، ژمارەیەك فەرمانگەو رێكخراو و مامۆستای زانكۆ و مامۆستای ئاینی و چالاكوانانی مەدەنی و نوسینگەكانی سەر بەرێوەبەرایەتیەکانی توندوتیژی و گرنگی پێگەی ئافرەت زیاتر نیشان بدەن ، هەروەها سزای توندی ئەکەسانە بدەن لە ڕووی ئاساییەوە کە توندوتیژی ئەنجام دەدەن.


ڕێژین قاسم محمود

Designed and developed by AVESTA GROUP