سەرکردە کێیە؟ ئایا ئافرەتانی کورد تا چەند توانیویەتی ڕۆڵی سەرکردایەتیکردن لە کۆمەڵگه ببینن؟
سەرکردە ئەو کەسەیە کە خەڵک بەرەو ئامانجە
هاوبەشەکان ئاڕاستە دەکات و ئامانج دەگرێتە بەر و پرد لە نێوان تاکەکان دروست
دەکات، و هێز و مەعریفە پەرتەوازەکان کۆ دەکاتەوە ،و هاودەمی دروست دەکات واتە
کۆکەرەوەی هەموو بۆچوونەکانە، سەركردایەتی کردن هونەرێكە دەتوانرێت كاریگەری بخاتە سەر تاك و
کۆمەڵگه بە مەبەستی بەڕێوەبردنیان.
بەسەركردە
بوونی ئافرهتان لە باوەڕبەخۆبوون و دروستبوونی متمانە و هەوڵدان و خۆپێگەیاندن لە
بوارە جیاوازاکان و سوربوونیان لەسەر ئەم مافە بە خاڵی گرنگ و کارا دادەنرێت،
بەوەی كە ئافرەتانیش هاو شێوەی پیاوان دەتوانن ببن بە سەركردە، بۆ خزمەتکردن و
داکۆکی کردن لەماف و پێداویستیەکان کە لە كۆمەڵگەدا بوونیان هەیە. ئافرەتانی کورد هەمیشە بەشداربوون لە بزاڤی نەتەوایەتی کورد و شان
بەشانی پیاوان چەندین کاریان کردووە و هەمیشە دەست و بازووى ئافرەتانی کورد رێ
نيشاندەر و يارمەتى دەربوون بۆ خزمەتکردن و پێشاندانی ئەو ئازایەتیەی کە
هەیانبووە بۆ سەركەوتن بەسەر
كۆسپەكانى ژيانيدا . هەوڵ و ماندووبونێکی زۆریان کێشاوە هەوڵیانداوە ڕۆڵی
سەرکردەیەکی دڵسۆز بگێرن ،هەروەها توانیویانە نەوەی نوێ پەروەردە بكەن بۆ
بەرگریكردن لە خاك و نیشتیمان .
كورد
لەدێر زەمانەوە خاوەنی ئافرەتی سەركردە بووە ، وەك نموونەش ئاماژە بە (قەدەمخێر و
خانزادی میری سۆران و عادیلە خانمی جاف و حەپسەخانی نەقیب ، مەستورە كوردستانى، ئامينە خانى بارام بەگى جاف...هتد) ئەوانە و چەندین ئافرەتی بەتوانای
ترمان هەبووە كە لە لاپەڕەكانی مێژوودا ناویان بە زیندووی ماوەتەوە .
بەگشتی ئافرەتان دوای هەوڵ و تێکۆشانێکی بەردەوام لە وڵاتانی
پێشكەوتووی جیهاندا توانییان تا راددەیەكی بەرچاو مافەكانیان مسۆگەر بكەن و
تەنانەت لە دروستكردنی سیاسەتیشدا بەشداری بكەن کە ووردبینەوە لە پەیماننامە نیودەوڵەتیەکان بە
هیچ جۆرێک جیاوازیەک نابینرێ لە مافی بەژداری کردن لە نێوان ئافرەت وپیاودا ،
ئەگەر سەیری ریکەوتنە نیودەوڵەتیەکان بکەین دەبینین مافی داوەتە هەموو مروڤێک بەبێ
جیاوازی ڕەگەزی . لە كوردستانیش بەشداریی ئافرەت لە كاری سیاسی و ئەندامەتییان لە
ئاستەكانی باڵای حزبی و حكوومیدا تا راددەیەكی باش گەشەی كردووە بە بەراورد بە کۆن
،رەوشی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی بەرچاو هەنگاوی باشی بڕیوە و لە
ئێستادا ئافرەتان توانیویانە سەركردایەتییەكی باش و پێشەنگ بکەن لە هەموو
بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگا ڕۆڵ دەگێڕن. كاتێک ئافرەتان بڕوایان بە تواناو لێهاتووی
خۆیان هەبێت بێگومان دەتوانن ئامانجەكانیان بپێکن و ڕۆڵی ئافرەتێکی ئازاو سەرکردە
بگێڕن لە هەموو بوارەکاندا بە بێ هێج تروس و دڵەڕاوکێیەک.
سەبارەت بەم بابەتە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی خاتوو
"کاڵێ فەقێ وسو" کردووەو کە ئەندامی سەنتەری دیراسات و توێژینەوە و
ئەکادیمیای پارتیە و لەم بارەوە لێدوانمان
وەرگرتووە بەم جۆرە بۆمان هاتە دوان:
لهبارهی ئهوهی كه تا چەند ئافرەتانی
کورد توانیویانە رۆڵی سەرکردە بگێڕین و ئەو توانایە بەرجەستە بکەن، خاتوو كاڵێ دهڵێت: باوەڕ
بەخۆبوونی ئافرهت بە خۆی و تواناکانی خۆی لەپێشترین فاکتەری بەرەو سەرکەوتن و
پێشوەچونییەتی. سەرکردایەتیکردن تەنها لە چوارچێوەی سیاسی بوون
و سیاسەتکاریدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو لە بواری جۆراوجۆری (ئابوری و کۆمەڵایەتی و
پەروەردە و بەرێوەبردندا) دەکرێ سەرکردایەتی پتەو بوونی هەبێت. پرسی بە سەرکردەبوونی ئافرهت پرسێکی قوڵ و ورد و جێی
بایەخە کە هەڵدەقوڵێت لە باوەڕ بەخۆبوون و سور بوون و باوەڕهێنانی خودی ئافرەتان
بە خۆیان و دواتر کۆمەڵگه کە ئافرهتان وەکو پیاوان دەتوانن ڕۆڵی سەرکردایەتی
بگێرن و هەندێجار باشتریشن.
ئافرەتانی
سەركردە لە هەرێمی کوردستان رێژەیان چۆنە و لە چ ئاستێکدایە تا چەند رۆڵی کارا و
شایستەیان لە چارەسەری كێشەكاندا گێراوە؟ لهم لایهنهوه خاتوو كاڵێ ئاماژه بهوه
دهكات كه لە کوردستان هەرچەندە رێگەکان ئاسان دەردەکەون بەڵام بۆ
هەبوونی ئافرهتی سەرکردە یان گەیشتن بە پلەی سەرکردایەتی هێشتا هەوراز و نشێو و
لەمپەرەکانی زەق و بەرچاون. هێشتا عەقلییەتی پیاوانی ناو پارتە سیاسییەکان
بەو ئاراستەیە کە ئافرهتان لاوازترن بە بەراورد بە پیاوان بۆ ڕۆڵگێران و
کارتێکەری و کاریگەری لە ئاستی سەرکردایەتی سیاسی، جگە لەوە بەشێک لە ئافرهتانی
ناو سەرکردایەتییەکانی پارتە سیاسییەکان نەیان توانیوە نمونەی جوانی ئافرەتی سەرکردە
و پێشەنگ و خوڵقێەر نیشان بدەن کە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ هۆکارگەلێکی جیاواز،
هەروەها تێروانینی گشتی خودی کۆمەڵگاش هۆکارێکیترە کە ئافرهتان بە ڕێژەیەکی کەمتر
بونیان هەبێت لە پلە بەرزەکانی سەرکردایەتیکردن.
تا چەند
توانراوە سوود لە لێهاتوویی و زیرەکی ئافرەتان وەربگیرێت و ئەركی سەركردایەتی حزبی
و حكومیان پێ بسپێردرێت؟ لهم روانگهوه خاتوو كاڵێ تیشكی خسته سهرئهوهی كه لە مێژووی کورد دا بە درێژایی ژیانی
خەباتی شاخ و شار، ئەو ئافرەتانەی کە باوەریان بە توانا و کارامەییەکانی خۆیان
هەیە توانیویانه ئەرکی پیرۆز و مەزن بەرێوەبەرن، بەشێک لە ئافرهتان
سەلماندویانەکە ئەگەر لە پیاوان باشتر و وردترو بەهێزتریش نەبن هاوشانن لە
بەرێوەبردن و سەرکردایەتیی کردندا. مێژوی مرۆڤایەتی پێمان دەڵێ کە هاورێی و
هاوشانی و یەکسانی جێندەری بۆ تێپەراندنی رێگە قورسەکانی گەیشتن بە دیموکراسی
زەرورەت و پێویستن. بەشداری سیاسی ئافرهتان بۆ ئافراندن و
بڕیارەکانی نیشتیمانی و نەتەوەیی، تایبەتمەندی سەرەکی پێشکەوتن و بەهێزبوونی
وڵاتێکە، بۆیە هەوڵ بدەین کە بەربەستەکانی بەشداری سیاسی کەمتر بکرێنەوە. لە
هەرێمی کوردستان ئافرەتان بە شێوەیەکی بەرچاو هەنگاوی باشیان بڕیوە بەڵام گەیشتن
بە ئامانجەکان هێشتا ماویەتی و دەبێ بەردەوام بین.
دهپرسین تا چهند کار کراوە بۆ پێگەیاندن و ئامادەکردنی
ئافرەتان بۆ کایەکانی سیاسی و دەسەڵات و بەڕێوەبردن؟ كاڵێ فهقێ وسو لهوهڵامدا
دهڵێت: لە هیچ پارتێکی سیاسی هەرێمدا رێژەی بەشداری ئافرهتان بۆ
کاریگەری لە سەر بریاری سیاسی و هەبوونی ڕۆڵی سەرکردایەتی ناگاتە سەدا سی ٪٣٠ . بۆیە جگە لە ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر و
گونجاوتر لە لایەن پارتە سیاسییەکان بۆ بەشداری ئافرهتان لە سەرکردایەتیکردندا،
پێویستیشە خودی ئافرهتان لە کۆشش کردن بەردەوام بن و لە رێڕەوی دروست و
پەسندکراوی خۆپێگەیاندن دا نەوەستن، هەروەها پشتگیری و پشتیوانی ئافرهتان لە
یەکتر فاکتەرێکی تری پێویستیی ئەم رێگەیەیە.
ئامادەکردنی : ڕێژین قاسم محمود