بۆکان: دوای شەهیدبوونی هاوسەرەکەم، بە کاری دەستی منداڵەکانم بەخێودەکەم
لە ڕووبەڕووبونەوەی
چەکدارانی داعش هاوسەرەکەی شەهید بوە، ماوەی ساڵێکە بۆکان، بە کاری دەستی چنینی جلوبەرگی
کوردی و ئێکسسواراتی رازاندنەوەی ئافرهتان بژێوی سێ منداڵەکەی پەیدا دەکات، بۆ ئەم
کارەش رێگری هاتۆتە پێشی، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: "ئیرادەم بەرزە قسە و رێگرییەکان
نەیانوەستاندنم چونکە دەبێت ئێمەی ئافرتان چاوەڕێی دەستی کەس نەکەین و خۆمان بەهێزبین".
بۆکان محەمەد، خانمێکی دانیشتوی قەزای
کەلاری سەربە ئیدارەی گەرمیانە پێش هەشت ساڵ هاوسەرەکەی کە پێشمەرگەبوە لە شەڕی دژ
بە چەکدارانی داعش شەهید دەبێت، رووبەڕووی ژیانێکی سەخت دەبێتەوە بەتایبەت کە هێشتا
منداڵی سێیەمی چاوی بە دونیا هەڵنەهێنابوو، دواتر بەهۆی ئەوەی دۆخی موچەخۆرانی
کوردستان کەوتە قۆناغێک کە بە چەند مانگ جارێک نیوەی موچەکەیان وەردەگرت بۆکان هێندەی
دیکە باری ئابوری سەخت دەبێت.
ئەو دەڵێت: دوای شەهیدبونی هاوژینکەم
من چومەوە ماڵی باوکم لە نهۆمی دوەمی خانوەکەیان نیشتەجێبوم لەگەڵ سێ منداڵەکەم، کە
موچە بەو شێوەی لێهات شەرمم دەکرد داوای پارە لە کەس بکەم بۆیە بیرم کردوە خۆم
کاربکەم بۆ ئەوەی بۆ پێداویستی رۆژانە پێویستم بە کەس نەبێت، ئەوە بو داوای پێنج سەد
هەزارم لە دایکم کرد بۆ ئەوەی دەستبەکاربکەم.
پاش ئەوە بۆکان هەندێک کەلوپەلی تایبەت
بە کەرەستەی موورو جوانکاری جلوبەرگی خانمان دەکڕێت دەست بەکاری چنینی جلی کوردی،
کڵاو زەڕ، ملۆانک، دەستبەن و چارۆک و چەند بەرهەمێکی دیکەی بە دەست چنراو.
"سەلماندم
کارکردن عەیبە نیە"
بۆ ئەم کارەی بۆکان،
روبەڕی بەربەست و رەخنە دەبێتەوە، بەڵام بۆ خاتری ژیانی منداڵەکانی دەستبەرداری
کارەکەی نابێت لە بارەیەوە وتی: ئەگەرچی بەربەست هەبو کە من نابێت کاربکەم عەیبە،
بەڵام تێمپەڕاند و سەلماندم ئەوە عەیبە نیە سەربەرزییە، ئێمەی ئافرەت دەبێت بەهێزبین
دایکم بۆ کارەکەم بو بەپشتیوانێکی زۆرباشی منە کە دێمە دەروە ئەو ئاگەداری منداڵەکانم
دەبێت، بەم شێوەیە لەگەڵ موچەی شەهیدانەی هاوژینکەم ژیانێکی سەربەرزانەم بۆ مناڵەکانمان
دابینکردوە".
بۆکان، بەرهەمەکانی
لە پێشەنگاکاندا نمایش دەکات ئەو ئێستا لەگەڵ گروپی خانمانی دەست رەنگی کەلار،
کاردەکات بەرهەمەکانی لە شارەکانی کوردستان لەگەڵ هاوکارەکانی نمایش دەکات.
لە ئەنجامی شەڕو روبەڕوبونەوەکانی چەکدارانی
داعش بەرامبەر بە پێشمەرگە لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە تاوەکو ساڵی (٢٠٢١) بە پێی ئامارەکانی
وەزارەتی پێشمەرگە نزیکەی (٣٠٠٠) پێشمەرگە شەهید بون لەو ژمارەیە دەیان خێزانیان کەوتونەتە
بارودۆخێکی ئابوری سەخت، بۆکان نمونەی یەکێکە لەو ئافرەتانەی کە توانیویەتی ئازایانە
بجەنگێت لەگەڵ گۆڕینی باردۆخی ئابوری خێزانەکەی.
ههوراز / گهرمیان