گرنگی و سوودی سۆشیال میدیا بۆ ئافره‌تان لە بواری پێگەیاندنی توانا و بەرزکردنەوەی ئاستی مه‌عریفیان

پەروەردە و پێگەیاندن
24/01/2022


بۆ هەموو کەسێک دەرگایەکی کراوەیە، چونکە هەر کەسێک ئارەزوومەند بێت و پێویستی بێت دەتوانێت زۆر بە ئاسانی لە رێگەی ئەکاونتی خۆیەوە یاخود لاپەرە ئەلیکترۆنییەکان و سایتە جیاوازەکانی سۆشیال میدیا بە گشتی سوودمەند بێت لە ئەپەکانی وەک (فەیس بوک و تویتەر و ئینستگرام و سناپ چات و تیلیگرام و واتس ئەپ و ڤایبەر و ھتد) کە ھاوکاری بەرێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی کۆمەڵگەی کردوە وە ھەر کۆمەڵگەیەک بە پێی تایبەتمەندی خۆی سوود و زیانی لێ وەرگرتووە ،هەموو ئەوزانیاریانەی کە دەیەوێت دەتوانێت بەدەستی بهێنێت یاخود زانیاری ببەخشێت.
گەر بە وردی سەیری بكەین، دەبینین هەر تاكێك بۆخۆی ئەكاونتێكی تایبەت بەخۆی هەیە كە دەتوانێت چی بوێت وەری بگرێت و چی دەوێت بڵاو دەكاتەوە ،بەپێی پێداویستی ڕۆژانەی خۆی دەتوانێت بەکاری بهێنن.

ئایا سۆشیاڵ میدیا کاریگەری هەبووە لەسەر خۆ پێگەیاندنی ئافرەتان لە بوارە جیاوازەکاندا ؟
لە وەڵامدا دەتوانین بڵین بێگومان کاریگەریەکی باشی هەبووە و پانتایەکی فراوانی گرتووە لە ژیانی ئافره‌تاندا،چونکە بەشێکی زۆری ئافرەتان لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە توانیویانە خواست و ویستەکانیان بپێکن .

١- لە ڕووی پێگەیاندنی ئاستی مەعریفی:
بەشێک لە ئافره‌تان بە مەبەستی زانست و وەرگرتنی زانیاری خۆ پێگەیاندن و فێربوونی زمان و بەرزکردنەوەی ئاستی مەعریفیان سوودێکی باشیان لێی بینیوە ،تەنانەت توانراوە لەڕێگای ئۆنلاینەوە بەشداربن لە بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرزی ئەکادیمی بکەن کە بە شێوازی ئۆنلاین ئەو دەرفەتەیان بۆ ڕەخساوە و توانیویانە لە ووڵاتێکی تر بڕوانامە بەدەست بهێنن ،جگە لەوە بتوانن هەر لە ڕێگای ئۆنلاینەوە بەشداری لە خولی پێگەیاندن بکەن و بەشداربن لە وۆرک شۆپ و سیمیناری زانستی ،چونکە لەم کاتەدا گرنگیەکی زۆر بەم بوارە دەدرێت و چەندین تۆڕی فراوانی بەستنی وۆرک شۆپ و سیمینار پەرەی پێدراوەو دروست بووە.
٢- گرینگی سۆشیاڵ میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە پێگەیاندنی بواری ئابووری بۆ  بوون بە خاوەن ئابووریەکی سەربەخۆ:
جگە لەم سوودە مەعریفیانەی باسمانکردن لە ڕووی ئابوورییەوە پاش دروستبوونی ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بازاڕی ئۆنلاین لای بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان جێگای سەرنج و خواستی هاووڵاتیانەو، تا ڕادەیەک بازاڕە ئاساییەکانی گرتۆتەوە، هەرچەندە تا ئێستا سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنیش نیە، بەڵام بە کاش ئەو پرۆسەیە ئەنجامدەدرێت.
ئافرەتان تا ڕادەیەکی باش توانیویانە ئەو هەلە بقۆزنەوە بۆ دۆزینەوەی کار یاخود کارکردن لە بواری بازاڕی ئۆنلایندا ،بۆ پەرەپێدانی ئاستی پیشەیی خۆیان و سوود وەرگرتن لەو توانایەی کە هەیانە .
ئەو ئافره‌تانەی دەیانەوێت ببن بە خاوەن بزنسی سەربەخۆی خۆیان دەتوانن سەرەتا لە ڕێگەی کاری ئۆنلاین دەست پێبکەن پاشان کاروپیشەکە فراوان بکەن بۆ ناو بازارەکان و ببن بە خاوەن دووکان و جێگای سەربەخۆی ، چونکە فرۆشتنی ئۆنلاین تەواو ئاسانە و لە هەمووشی گرنگتر پێویستت بە پارەیەکی زۆر نیە بۆ ئەوەی دەست پێ بکەیت. حەزو خولیاکانی خۆت لە چیدا دەدۆزیەوە دەتوانی ئەم کارە هەڵبژێری، بۆ نموونە چەندین ئافره‌تان بینیوە کاری (رستن و چنین دەکەن لە ماڵەوە ،یاخود کاری گوڵفرۆشی دەکەن، یان کاری جومەلەی هێنانی کاڵا لە دەرەوە بە شیوازی ئۆنلاین ،کاری شیرنی دروستکردن و نانکردن و دروستکردنی خواردنە جیاوازەکان وخواردنی کوردەواری)کە لە ڕیگای پەیج و ئەکاونتەکانیان بەرهەمەکانیان ساغ دەکەنەوە. یاخود گرنگی دان بەبواری تر کە حەزو خولیای خۆت تێدا دۆزیوەتەوە.
لە ئێستاشدا گرنگیەکی زۆری پێ دەدرێت لە لایەن ئافره‌تانەوە، زۆرێک لە ئافره‌تان بوون بە خاوەنی بزنسی خۆیان و ئابووریەکی سەربەخۆیان هەیە .کە ئەمەش بووە بە دەرفەتێکی باشی دروستبوون و پشت بەستن بە تواناو لێهاتووی خۆیان کە پێویستیان بە ڕەگەزی بەرامبەر کەمتر بێتەوە،

خاتوو فریشتە صابر لە شاری ڕانیە باسی کارەکەی خۆیمان بۆ دەکات و دەڵێت :
سەرەتای کارەکەم  بەشێوازی ئۆنلاین  دەست پێکرد کە کاری (رستن و چنینە)سەرەتا لە ماڵەوە کارەکانم دەکرد، بەڵام پەیجێکم دروستکرد بۆ ساغکردنەوەی کارە دەستیەکانم  دوای ئەوەی خواستێکی زۆر هەبوو لەسەر بەرهەمەکانم ، بیرم لەوە کردەوە کارەکەم لە ماڵەوە بهێنمە دەرەوە و  بۆ ئەوەی ئاسانتر و باشتر کارەکانم ئەنجام بدەم بە مەبەستی فراوانکردن و دەستکەوتی زیاتر کارەکەم  فراوان  کرد ،لە ئێستادا خاوەن دووکانی خۆمم ،بەڵام وازم لە کاری ئۆنلاینێش  نە ‌هێنا لە ئیشتاشدا کاری فرۆشتن ئەنجام دەدەم لە ڕێگای دووکان و ئۆنلاین .
داوا لە هەموو ئافره‌تان دەکەم کە تواناو دەست و بازووی خۆیان بەکار بهێنن بۆ بە دەست‌هێنانی دەستکەوتی دارایی و بۆ بوون بە  خاوەن ئابووریەکی سەربەخۆ.

ئامادەکردنی : ڕێژین قاسم محمود

Designed and developed by AVESTA GROUP