هێلین، دهرچووی بهشی ژمێریارییه و دوو ساڵە شوانكارەیه
هێلین
ماوەی دوو ساڵە لە گوندێكی دوورە دەستی كوردستان سهرقاڵی پیشەی خۆیەتی و بە
شوانكاری خەریكە، ئەو شوانكارییە تەنانەت نەبووەتە هۆكاری بێزاری و كاری سەخت بۆ
هێلین، بەڵكو رۆژ بە رۆژ زیاتر هێلین پەیوەست دەكات بە كارەكەیەوە و گوندە و پیشەكەی
لەلا خۆشەویستتر دەكات.
هێلین چیچۆ، ناسراوە بە هێلین
ئاڵانەیی، تهمهن 26 ساڵ، لە گوندی ئاڵانەی سەر بە ناحیەی حاجی ئۆمەران ماوەی دوو
ساڵە پیشەیەكی نوێی دۆزیوەتەوە و بووەتە شوانكاری قەل، هەموو رۆژێك لەگەڵ سپێدەدا
لە گوندە جوانەكەی ئاڵانە، كە پڕە لە دار گوێز، قەلەكانی بەرەو دۆڵ و نشێوەكانی
گوندەكەیان دەبات و لەناو گوڵ و گوڵزار و مێرگ و پیمەنەكانی ئەو گوندە قەلەكانی
دەلەوەڕێنێت.
هێلین بە روویهكی خۆشەوە بۆ (هێلین میدیا) ووتی:
ویستم جیاواز لە ئافرەتەكانی دیكەی ناوچەكەم، خاوەنی ئیش و كاری خۆم بم، بۆیە
بیرۆكەیەكی نوێ بە هزرمدا هات، ئەویش بوون بە خاوەنی كاری تایبەتی خۆم بوو لە
رێگای بەخێوكردنی پەلەوەر، بۆیە بە متمانەوە باسی پڕۆژەكەم بۆ باوكم كرد و ئەویش
بە خۆشحاڵییەوە پشتگیری كرد و دەستم پێكرد. گووتیشی: پارساڵ بە درێژایی ئەو
ساڵە لە دۆڵ و نشێوەكانی گوندەكەم خەریكی بە خێوكردنی قەلەكانم بووم، هەم كارەكە
بە باشی فێربووم و قازانجم لە ئیشەكەم كرد، هەمیش بووە رێگاخۆشكەر بۆ ئەوەی ساڵی
دواتریش درێژە بە كارەكەم بدەم و پڕۆژەكەم فراوانتر بكەم.
هێلین كە دەرچووی بەشی ژمێریارییە،
لە كۆلێژی ئابووری زانكۆی سەلاحەددین، دوای دەرچوونی لە كۆلێژ بیرۆكەی ئەوەی لا
دروستبووە كە خۆی خاوەنی سەرمایەی خۆی بێت و بتوانێت لەرێگای پڕۆژەوە ببێتە خاوەنكار
و بەرهەمەكەی بە بازاڕ بكات، هێلین لە بەردەوامی قسەكانیدا دەڵێت: جگە لە ئیش و
كاری رۆژانەم كە خەریكی مێگەلە قەلەكانم بووم، لەرێگای سۆشیال میدیاشەوە هەوڵمداوە
بەرهەمەكەم بە بازاڕ بكەم، بۆیە لەرێگای پەیجەكەمەوە كە فۆڵۆوەری زۆر بووە هەم
بەرهەمەكەم بە بازاڕ كردووە، هەمیش سروشتی جوانی گوندەكەم و كاروباری ژیانی
گوندەكەم بە بینەرانم ناساندووه.
سەبارەت بە متمانە بەخۆبوون و
پاڵپشتی، هێلین ئەوەش دەخاتەڕوو: هەر كەسێك متمانەی بەخۆی هەبێت دەتوانێت، ببێتە
خاوەنی كاری خۆی، من هەمیشە متمانەم بە خۆم هەیە، جگە لەوەش جورئەتم داوەتە بەرخۆم
و دەستم بەو كارانە كردووە كە زۆر سەختن، ئێستا پیشەی شوانكاری بووەتە كارێكی
ئاسان لەلام.
سەبارەت بەوەی ئەگەر لە داهاتوو
هێلین هاوسەرگیری بكات، هەر لە گوند دەمێنێتەوە یان دەچێتە شار و پیشەیەكی نوێ هەڵدەبژێرێت،
ئەو دەڵێت: ئەمە دەگەڕێتەوە سەر ئەو كەسەی كە چارەنووسی منی پێوە بەستراوەتەوە،
ئەگەر لە گوند بێت، بێگومان هەر لەسەر كارەكەم دەمێنمەوە و پڕۆژەكەم زیاتر فراوان دەكەم.
لە وەرزی زستانیش كه لە گوندەكەمان دەگەڕێینەوە، هەر دەست بە تاڵی دانانیشم،
بەڵكو خەریكی كاری رستن و چنین دەبم و بەرهەمی كاری دەستی و چنینەكەشم هەر لە
رێگای پەیجەكەمەوە دەفرۆشم.
پهرێز قادر ئهحمهد