ئافرەتانی گوندنشین، بوون بە سەرچاوەیەکی گرنگ له‌ به‌دیهێنانى ئاسایشی خۆراک

پرسی ئافرەتان
24/10/2022

 
     پێکه‌وه‌ ژیان و کارکردنی هاوبەش لە گوند و لادێکاندا بە خاڵێکی گرنگ دادەنرێت بۆ بەرهەم داری و گەشەدان بە گوند و لادێکان و کاری هه‌ره‌وه‌زی هونه‌رێکه‌ زیاتر له‌ بواری کارکردن و ئه‌زمونه‌کانی ژیان مرۆڤ کەڵکی لێوەردەگیرێت .نەتەوە یەکگرتوەکان رۆژی ١٥ ی ئۆکتۆبەر ی هەر ساڵێک وەک رۆژی جیهانی ئافره‌تانی گوندنشین دیاری کردووە. ڕۆژی جیهانی ئافرەتانی گوندنشین لە ١٥ی ئۆکتۆبەردایە، ئەم ڕۆژە تایبەتە بە ملیۆنان ئافرەت کە لە شوێنە دوور و گوندو لادێکاندا دەژین ئاهەنگ دەگێڕن بۆ ئەو دەستکەوت و بەشدارییە گرینگەی کە هەیانە لە زیادکردنی بەرهەم و ئاوەدانی گوندەکاندا کە بەرەو گەشەپێدانیان بردووە لە بواری کشتوکاڵی و ئاژەڵداریدا.
ئافرەتە ماندووەکانی لادێ و دێهاتەکانی کوردستانیش هەمیشە ڕؤلیان گێراوە، ئەم توێژەی ئافرەتانی گوند و دێهاتەکانی کوردستان ماندوو نەناسانە کاریان کردووە، شان بە شانی باوک و براو هاوسەرەکانیان زەحمەتی و ناڕەحەتیەکی زۆریان بینیوە .جگە لە کارو بارو ئیشی ماڵ و پەروەردە کردنی منداڵ، ئەرکی کاری دەرەوەشیان ئەنجامداوە.کە بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو هەمیشە ڕۆڵی تایبەتی خۆیان هەبووە بۆ هاوکاریکردنی برا پێشمەرگەکانی کوردستان لە شاخ و کێوەکان و بەشداریەکی کارایان هەبووە لە شۆڕشەکاندا.سەرەڕای هەموو ئەمانە ئەم توێژەی ئافرەتان بێ بەش بوون لە کۆمەڵە مافێکی سەرەتایی کە مافی هەموو کەسێکە بێ جیاوازی بۆنموونە خوێندن و فێربوون. ڕێژەی نەخوێندەواری لە گوندەکاندا لە ڕابردوودا زۆر بوو بەلام تا ڕادەیەک توانراوە قوتابخانە بکرێنەوە لە گوندەکان بۆ ئەوەی سوود مەند بن لەم بوارە. ئافرەتانی لادێ نشین بوونەتە سەرچاوەی ژیان و نەهێشتنی هەژاری ونەداری لەگوندەکان و پەرەدان بە بواری کشتوکاڵ .ئافرەتانی گوند لە گەشەپێداندا ئەو ڕۆڵە گرنگ و بایەخدارە دەیگێڕن لە باشترکردنی بژێوی گوندەکان و خۆشگوزەرانی گشتی. ئافرەتان بەشێکی بەرچاو لە هێزی کاری کشتوکاڵی پێکدەهێنن، بەشدارییەکی بەرچاو لە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و ئاسایشی خۆراک و بەڕێوەبردنی زەوی و سەرچاوە سروشتییەکان، و بنیاتنانی خۆڕاگری کەشوهەوا دەکەن.
 ئافرەتان کاریگەری پلە یەکیان هەبووە بۆ دووبارە ژیانەوەی گوند و دێهاتەکان بە بەردی بناغەی پێشکەوتنی ئابووری ئاسایشی خۆراک دادەنرێن ،چونکە بەشی زۆری دەستی کارەکان لە گوند و دێهاتەکان هێزی دەستی کاری ئافرەتن ،ئافرەتان جێگەی بایەخن ،چونکە سەرچاوەی سەرەکی دەستەبەرکردنی خۆراکن .ئافرەتانی گوندنشین سەرچاوەیەکی باشی ئابوورین لە هەردوو بواری (کشتوکاڵی و ئاژەڵداری)دوو لە بنەما بەهێزەکانی ئاسایشی خۆراکن و لە گوندەکان بەرهەمی نایاب تر و بە تێچووی کەم فەراهەم دەکەن بۆ بازاڕ و کۆمەڵگا.
بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان خراونەتە ڕوو ،ئافرەتانی ناوچە گوندنشینەکان بە شێوەیەکی ناڕێژەیی بەدەست هەژاریەوە دەناڵێنن. یەک ملیار کەسی جیهان کە بەردەوامن لە ژیان لە بارودۆخێکی قبوڵ نەکراوی هەژاریدان، بە شێوەیەکی زۆر لە ناوچە گوندنشینەکاندا چڕبوونەتەوە. ڕێژەی هەژاری لە ناوچە گوندنشینەکان لە زۆربەی ناوچەکاندا زیاترە لە ناوچە شارییەکان ،جووتیارە ئافرەتەکان وەک جوتیارە پیاوەکان بەرهەمدار و کاران بگرە چالاکتریشن بەڵام کەمتر توانای دەست ڕاگەیشتنیان هەیە بە زەوی و شتومەکی کشتوکاڵی و هەروەها ئامێرە پێشکەوتوویان نیە بۆ زیاد کردنی بەرهەمەکانیان و کار ئاسانیکردن بۆ کاری کشتوکاڵی ڕۆژانە.
ئافرەتان توانای سەرەکین بۆ گەشەپێدانی ئابووری گوندەکان، جیهان نزیکەی نیوەی دانیشتووان لە ئافرەتان پێکهاتوون و کۆی گشتی ئەو ئافرەتانی گوندنشین نزیکەی یەک لەسەر سێی هێزی کار پێکدەهێنن، بانکی نێودەوڵەتی کاری سەرەکی بەرنامەکانی لە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیدا دابینکردووە کە ئاماژەی داوە بەوەی پێویستە سوود لە تواناو هێزی ئافرەتان وەربگرن و هەوڵ بدرێت بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدان بە توانای ئافرەتان و گەشەپێدانیان لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە .
ئەندامانی ئافرەت لە ناو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری لە مافەکانی ئافرەتانی گوندنشین دەکەن پشتگیری لە سەرکردایەتی و بەشداریکردنی ئافرەتانی گوند و لادێکان دەکەن، لە داڕشتنی یاسا و ستراتیژی و سیاسەت و بەرنامەکان لەسەر هەموو ئەو پرۆسانەی کە کاریگەرییان لەسەر ژیانیان هەیە. هەروەها جەخت دەکەنەوە لەسەر ڕاهێنان و تۆکمە کردنیان و ئەزموون وەرگرتنیان لە بواری تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی کەلەگەڵ پێداویستییەکانیاندا بگونجێت و ئامێرە کشتوکاڵیە پێشکەوتووەکانیان پێی ببەخشرێت.
مێژووی ڕۆژی جیهانی ئافرەتانی لادێ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی (١٩٤٥)ەوە کاریان لەسەر کردووە بۆ پاراستنی ئاشتی و دۆستایەتی لە نێوان هەموو وڵاتانی جیهاندا. نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین پڕۆژەی مرۆیی ئەنجامداوە و چەندین بڕیاری بۆ پاراستنی ژینگە دەرکردووە. نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کرد بۆ بەرزکردنەوەی خۆشگوزەرانی ئافرەتانی گوندنشین. لە ساڵی ١٩٩٥ لە میانی چوارەمین کۆنفرانسی جیهانی ئافرەتان لە پەکین لە چین بیرۆکەی بەهێزکردن و ڕێزگرتن لە ئافرەتان خرایەڕوو. بەو پێیەی ١٦ی تشرینی یەکەم وەک ڕۆژی جیهانی خۆراک بەڕێوەچوو، پێشنیار کرا کە ١٥ی تشرینی یەکەم وەک ڕۆژی جیهانی (ئافرەتانی گوندنشین) بەڕێوەبچێت بۆ بەرزنرخاندنی بەشداری ئافرەتان لە گوندەکان لە کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی خۆراک و سەلامەتی خۆراکدا.

رێژین قاسم محمود

Designed and developed by AVESTA GROUP