كەركوك.. ئافرەتێكی خاوەن پێداویستی تایبەت خاوەنی 29 بڕوانامەی نێودەوڵەتییە

ئافرەتە پێشەنگەكان
21/12/2022


فاتمه شەمسەدین، لەدایکبووی ساڵی 1993یە و دانشتووی شاری کەرکووكە و پیشەی شێوەکار و كاری بەرگدوورین و ئێکسسواراتی ئافرەتانە.

 فاتمەی شێوەكار لە سك ماکییەوە خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام ئەوە نەبووە بەربەست بۆ گەیشتن بە خەون و ئامانجەكانی و بەردەوام تێدەكۆشێت لەپێناویاندا.

فاتمە، لە دیدارێکی تایبەتدا باس لە وێستگەكانی ژیانی دەکات و دەڵێت: ”نەمتوانیوە وەك منداڵێکی ئاسایی بچمە قوتابخانە، بەهۆی ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەت بووم و هەربئەوەش وای کڕد ساڵانێکی زۆری دووربم لە خوێندن و کاری شێوەکاری هەڵبژێرم.”

فاتمە، بە حەسرەتەوە زیاتر دەگێڕێتەوە و دەڵێت، ”کاتێك منداڵ بووم ئارەزووی زۆری خوێندنم دەكرد و منداڵانی هاوتەمەنی خۆم دەبینی دەچوون بۆ قوتابخانە، بیانووی پێنووسم لە ماڵەوە دەگرت و ئەوانیش ڕۆژانە هاوکارییان دەکردم و ئەلف و بێیان فێر دەكردم و بەوشێوەیە وێنەی ئاڵۆز و گوڵ و ئەو شتانەم ئەکێشا و تاوەكو تەمەنم بوو بە 26 ساڵ و پاشان گەڕامەوە قوتابخانە و لە خوێندنی خێرادا توانیم تاوەكو قۆناغی 6ی سەرەتایی بە سەركەوتوویی ببڕم.

ئاماژە بەوەشدەکات، كە بەشداریی چەندین چالاکی خول و چالاکی کردووە و توانیویەتی ببێتە خاوەنی 29 بروانامەی نێودەوڵاتی و بەشداری لو چەندین پێشانگای هاوبەش و تایبەت بكات و وەك خۆی دەڵێت، لە ئایندەیەکی نزیكدا ئامادەکاریی  بۆ پێشانگایەكی گەورە دەكات.

ئامادەکردنی/ پەریهان عومەر

Designed and developed by AVESTA GROUP