​ توندوتیژی زارەکی

شۆخان رۆسته‌م
16/06/2021

توندوتیژی زارەکی یەکێکە لە جۆره‌كانی توندوتیژی، بەڵام بەهۆکاری جیا جیا دەتوانین وەکو بابەتێکی جیاواز لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، ئەم بابەتە مانا و واتای  زۆری لە دەروونی خۆیدا هەڵگرتووە، هەرکە بڵێین توندوتیژی زارەکی یەکسەر ئەوە دێت بە مێشکمان واتا بەکارهێنانی وشەی ناشرین و ناشایستەو جنێودان، بەڵام ئەگەر وردتر لێی بکۆڵینەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە هەندێک دەستەواژە هەیە کەڕەنگە زۆر بەڕێزەوە بوترێت بەڵام لەناوەڕۆکدا پەیامی روخێنەری تێدایە و کاریگەری ناڕاستەوخۆ لەسەر ئەقڵی نائاگای مرۆڤ دەکات، بۆ نمونە کەسێک بەکەسی بەرامبەری بەڕێزەوە ئەڵێت (تۆ توانای ئەنجامدانی ئەم کارەت نیە) ئەم دەستەواژانە بەئەنقەست بەکاردەهێنرێن و ئامانجی روخاندن و سوکایەتی پێکردنی کەسی بەرامبەرە.
توندوتیژی بەرامبەر خود، واتا کەسێک کە لەدژی خۆی شۆرش بەرپادەکات، پێچەوانەی ئامانجەکانی خۆی دەجوڵێتەوە، وەتوندوتیژی زارەکی بەرامبەرخۆی بەکاردێنێت هەر لە روخاندنی خۆی لەناخەوە تادەگات بە هەوڵدان بۆ خۆکوشتن.
بەشێوەیەکی گشتی ئەگەربمانەوێت لەدیدگای دەروونناسانەوە لەم جۆرە توندوتیژیە بڕوانین هەندێک هۆکاردەبێتە هۆی ئەم جۆرە ڕەفتارە لەکەسەکاندا :
یەکەمین هۆکار شکستە، هەرکاتێک ناتوانن بەئامانجەکانیان بگەن و ئەو شتەی کە دەیانەوێت ناتوانن بەدەستی بهێنن ، دەست دەبەن بۆ کاری توندوتیژی کە توندوتیژی زارەکی یەکێکە لەو جۆرانە.
دووەمین هۆکار فێربوونە لەکۆمەڵگه‌وە ، کاتێک منداڵ یان گەنج یان بەتەمەن لەکۆمەڵگه‌یەک بژیت کەپڕبێت لەبەکارهێنانی وشەی ناشرین و سوکایەتی و جنێودان، بێگومان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئەو کەسانە دەبێت و فێر دەبن کە چیتر بەشێوەیەکی فراوان ئەو وشانە بەکاربهێنن. توندوتیژی زارەکی لەڕێگای زمانەوە بەکاردەهێنریت، زمانیش بەسروشتی خۆی فێری وشەکان دەبێت، کەواته‌ کاتێک ئێمە لەکۆمەڵگایەک بژین کە پڕبێت لە بەکارهێنانی ئەو وشانە بێگومان کاریگەری دەبێت لەسەرمان.
سێیەمین هۆکار، ناتەواوی باری دەروونی کەسەکانە واته‌ ئەو کەسانەی بەهۆی کێشەیەکەوە دەروونێکی نائارامیان هەیە و ئەوەی دەیانەوێت ناتوانن بەدەستی بهێنن بۆیە دەست دەبەن بۆ ئەم جۆرە ڕەفتارانە. بێگومان هۆکار زۆرە بۆ ئەم جۆرە ڕەفتارانە کەناتوانین لەچەند دێڕێکدا کورتی بکەینەوە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە توندوتێژی زارەکی هیچی کەمتر نیە لەتوندوتیژی فیزیکی، پێویستە هەموو هەوڵێکمان بدەین بۆ کۆمەڵگه‌یەکی پڕ لەئارامی و ئاشتی، یەکه‌مجار زمانی خۆمان پاکبکەینەوە، وە یارمەتی دەوروبەرمان بدەین کە وشەی جوان بەکاربهێنن.
باشترین کاریش ئەوەیە کەچوار دەورمان تێبگەیەنین کە جنێودان و سوکایەتیکردن ڕەفتارێکە کە خۆیان هەڵیانبژاردوە و بەدڵنیاییەوە دەتوانن بیگۆڕن.


Designed and developed by AVESTA GROUP