گۆڕان لە هزر یان سیاسەت

دهۆك بەرۆژی
09/08/2021


 بە بۆچوونی فەیلەسووفی ئەڵمانی (ئیمانوێل کانت) ئەخڵاق دەستپێکی داینەمۆی هزرە و هزریش هەمـوارکردنەوەی  ژیانی مرۆڤەکانە، هەموو خەمێکی کانت بە تێڕوانینی من مەسەلەی عەقڵی مرۆڤەکان بووە وکارێکی یەکجار زۆری لەسەر  ڕەهەندی(Ethics)واتە ئەخڵاق کردووە و شۆڕشێکی گەورەی  هزریی لە سەردەمی خۆیدا کردە دیاریی مرۆڤایەتی.
ئەگەر لە کاتی ئێستادا کەسێك بیەوێت ئەو تێڕوانینەی (ئیمانوێل کانت) لەسەر کۆمەڵگەی کوردەواری جێبەجێ بکات، کارێکی زەحمەت نییە، بەڵام توێژینەوەیەکی ورد و کاتێکی زۆر پێویستە،ئەوەیش کە بەندە دەیەوێت باسی بکات ئەوەیە  کە ئایا کۆمەڵگەی کوردەواریی پێویستی بە گۆڕانی سیاسییە یان هزری؟
قسەیەك هەیە دەڵێت: "لە سیاسەتدا ئەوەی لەسەر حەق بێت، مەرج نییە بیباتەوە"،وەلێ من پێم  وایە کە لە عەقڵ  وهزردا ئەوەی لەسەر پێوەرێکی حەق بێت، مەحاڵە نەیباتەوە.لە زۆربەی بوارەکانی  ژیاندا،کۆمەلگەی کوردەواری دووچاری قەیرانێکی هزری بووەتەوە، بە ڕای(کانت)یش لۆژێك و عەقڵ ڕاستەوخۆ پێوەندی بە ئەخڵاقەوە هەیە، بەڵام ئایا لە کوردستاندا  کام ڕەوت کار لەسەر هزری تاکەکان دەکات.
ئەو بۆشاییەی ئێستا کەوتووەتە نێو کومەڵگەی کورده‌وارییەوە دەبێت لە  دەرەنجامی هەڵەی سیاسییەوە دروست بووبێت، یانیش هەڵەی (هزر)یی تاکەکان ، (دیل کارنگی)لە کتێبی (هێزی بڕیاردان لە مرۆڤ)بەروونی باس لەو چەمکەش دەکات و ئەو پێ وایە کە هێزی هزر لە مرۆڤدا بە تێپەڕبوون  بەچەند ڕێنماییەك، دەکرێت ببێتە بەشێك لە خزمەتکارەکانی مرۆڤایەتی، لە  ناویشیدا کۆمەڵگە.
ئەوەی ئێستا لە کوردستاندا بوونی نییە، شۆڕشێکی هزرییە، لێ گوناهی ئەوەیش بە پلەی یەکەم ناکەوێتە ئەستۆی سیاسییەکان، چونکە سیاسسیەکان بەردەوام نایانەوێت هزرێك بوونی هەبێت کە تەواو تەندروست بێت، بەڵام ئەدەبناس و توێژەر چینی ڕۆشنبیر و مامۆستای ناو زانکۆکان بەرپرسیاری یەکەمی دروستبوونی ئەو هزرە شلۆقەن، کە ئێستا بووەتە لەمپەر لە بەردەم  پێشڤەچوون و گۆران لە  ژیانی تاکی کورد دا.
 ئەوانەی گۆڕان دەکەن، دەبێت پێشڕەوبن لە  هزردا، ئەگەر ئەوەیش کرا، ئەو کاتە پێویستییان بەوە نابێت بانگەشە بۆ خۆیان بکەن، بە شێوەیەکی ڕاستە و ڕاست سیاسەت دەکەوێتە ژێر کاریگەری هزرە راستەکانەوە. فەیلەسوفی نەمساییش  (ولهیلم ڕایش)دەڵێت"کەس بانگهێشت ناکەم کە گوێ بۆ ڕاوبۆچوونەکانم  ڕادێرێت، ئەگەر  بیرکردنەوە و بۆچوونەکانم ڕاست بن، خۆیان دەگەیەننە  لای خەڵکی."
کەواتە لێرەدا بە روونی بۆمان ڕوون دەبێتەوە  کە  هرزی کۆمەڵگەی کوردەواری هەتاوەکو لەو بۆشاییەدا ڕزگاری نەبێت کە ئێستا تێیکەوتووە، ناکرێت گۆڕانی  تێدا بەرپابێت، ئەوەی کە ئێستایش هەیە تەنیا  گۆڕان لە دەموچاوەکانە بەهەمان بیرکردنەوەی ڕابردوو،هاوکات  دووبارە دەیڵێمەوە
"گۆڕان لە عەقڵ  وهزردا، گۆڕان لە بناغەی سیاسەتیشدا دروست دەکات، تا کار  لەسەر  ئەم چەمکەیش نەکەین، ئەستەمە کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنی دوور لە ئافرەتکوژی و مۆدێرن لە بیرکردنەوەدا بونیات بنێین.


Designed and developed by AVESTA GROUP