ڕۆڵی ئافرەت لە بەهێزکردنی ئینتیمای نیشتمانی

د.ڤیان سلێمان
05/09/2021

 
چەمکی ئینتیمای نیشتمانی ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندی و وابەستەیی تاکە بە نیشتمان، پابەندی ڕۆحی تاکە بە نیشتمان، بەرجەستەکردنی پرەنسیبەکانی هاونیشتمانیبوونە، بەشداری هاونیشتمانییە لە گەشەپیدانی نیشتمانەکەی و شانازیکردنیەتی بە پیرۆزی و ڕەمزەکانی و ڕێزگرتنە لە یاساکانی. هەرێمی کوردستان، بەهۆی بوونی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی مەزهەبی و ناسەقامگیر لەڕووی سیاسی و کراوە بەڕووی دەستێوەردانی دەرەکی و ساز بۆ پێکدادانی بەرژەوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان. هاوکات بەهۆی بوونی چەندین فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی و خاڵی بەهێز و لاواز، دەتوانین بڵێین بارێکی تایبەتی هەیە. هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی یاسایی و یەکەیەکی سیاسی و جوگرافی بەرهەمی  قوربانیدان و تێکۆشانی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکان و چەندین پرۆسەی کۆمەڵکوژییە لە نمونەی ئەنفال و کیمیاباران، هەربۆیە خواستی لەمێژینە و جێی هیوای هەر کوردستانییەکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرە، هەرێمی کوردستان سەرزەمینی پێکەوەژیانی پێکهاتەیەکی هەمەجۆرە لە نەتەوە و ئایینە جیاجیاکانی مرۆڤایەتیی، توندوتیژی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە و هەموو نەتەوە و ئایینەکان بەوپەڕی ئازادی گوزارشت لە بوون و ڕەسەنایەتی خۆیان دەکەن. هاوکات سیستەمێکی فرەحیزبیی و دیموکراسی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە، کە هەر حیزبە و ئەجێندا و بەرنامەی تایبەت بەخۆی هەیە، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە دەسەڵات، وێڕای ئەوەش پێکدادانی بەرژەوەندی و ئەجێندا جیاوازەکان و دەستێوەردانی دەرەکی، هەوڵی بەبەرنامە بۆ لاوازکردنی ئینتیما، خواست و مەبەستەکانی نەمانی ئەم قەوارەیە و دروستکردنی قەیرانی جۆراوجۆر و کێشە و ئاستەنگی دیکەش بوونی هەیە. سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان هەرێمی کوردستان توانیویەتی پارێزگاری لە سەقامگیری باری ئەمنی و بەرەوپێشچوون لە سێکتەرە جیاوازەکان بکا و ڕێگەی نەداوە خەونی زڕی نەیارانی ئەم قەوارەیە بێتەدی.

بەلەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو فاکتەرانە لە خاڵە بەهێزەکان هاوکات لاوازەکان، دەتوانم بڵێم هەرێمی کوردستان لەهەر دەوڵەت و هەرێمێکی دیکە زیاتر پێویستی بە یەکگرتوویی و هەست و بەرپرسیاریەتی هاوبەشی هاونیشتمانییەکانی هەیە،  هەربۆیە ئەگەر ئینتیما و وابەستەیی بۆ نیشتمان بۆ هەر گەلێکی خاوەن دەوڵەت پێویستی و لەپێشینەبێ، ئەوا بۆ ئێمەی کوردستانیان چەند جار زیاترە و دەبێت لە سەرەوەی  هەر ئامانج و مەبەستێکمان بێ و ناسنانەی کوردستانی کۆکەرەوەی هەموو جیاوازییەکانمان بێ.




ئافرەتی کورد بە درێژایی مێژوو بەشێکی سەرەکی پێکهێنەری شۆڕش و ڕاپەڕینەکان بوون. ئافرەتی کورد لە ئافرەتانی هەر نەتەوەیەکی دیکە زیاتر قوربانی داوە و لە پرۆسەکانی کۆمەڵکوژی لە نمونەی ئەنفال و کیمیاباران پشکی گەورەی بەرکەوتووە، ئافرەتان و دایکانی بارزانی نمونەی بەرجەستەی ڕۆڵی قوربانیدان و پەروەردەی نەتەوەیی و تواناداری ئافرەتی کوردن، لە دوای ڕاپەرینیش سەرەڕای هەموو بەربەستە کۆمەڵایەتی و کولتورییەکان ئافرەتان هاتنەنێو کایەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کولتوری و کۆمەڵگەی مەدەنی. هەربۆئە ئافرەتی کورد ڕەگەزی سەرەکی بەردەوامی و سەرکەوتنی شۆڕشەکان و کۆڵەگە و ستونی بەرزڕاگرتنی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی بوون.

ئافرەت وەک ڕەگەزێکی سەرەکی پێکهێنەری کۆمەڵگە و وەک دایک و پەروەردەکار ڕۆڵێکی سەرەکی لە پەروەردەی نەوەکان هەیە و یەکەم مامۆستای مرۆڤە، هەستی هاوڵاتیبوون یاخود هاونیشتمانیبوون ئەو هەستەیە کە مرۆڤ پابەندی خۆشویستن و پابەندی بە نیشتمان دەکات، ئەو هەستەش لە سەرەتاکانی تەمەن لە دەرون و بیری منداڵدا دەچێنرێت کە فێری هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و دڵسۆزی و دەسپاکی و ڕێز و یەکسانخوازی دەکرێت و تاکێکی دڵسۆز بە خاک و نیشتمان و ئاکار بەرز باردەهێنرێت، ئەوە دایکە کە یەکەم مامۆستای مرۆڤە و هەر ئەوە دەتوانێت مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و یەکسانخواز و مرۆڤدۆست پەروەردە بکات. هەروەها ئافرەت وەک ڕەگەزێکی سەرەکی پێکهێنەری کۆمەڵگە ڕۆڵی گەورەی بۆ پاراستنی نیشتمان و سێکتەرەکانی گەشەپێدان و کایەکانی ژیان هەیە، هەربۆیە ڕۆڵی ئافرەت ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیە و ه هێزی ئافرەت یان وزەی متبووی ئافرەتە کە دەتوانێت کۆمەڵگە بە ئاڕاستەیەکی دروست ببات و لە ڕەگەوە بیگۆڕێت، بەڵام ئەمە کەی دەبێت و چۆن ئافرەت دەتوانێت ئەو ڕۆڵە خوزراوە بگێڕێت؟.

کاتێک کە هۆشیاری خۆی زیاد بکا و خۆی لە دۆخی بەرهەمهێنانەوەی هزری پیاوسالاری دەرباز دەکات، منداڵی خۆی بە پەروەردەی یەکسان گۆش بکا و بەدووربێت لە پەروەردەی ڕەگەزی، خۆی بە ئەرکدار بزانێ لە پرۆسەی سیاسی و بواری ئابوری و هیچ بوارێکی دیکەش بە تەنها بۆ پیاو بەجێنەهێڵێت، بەڵام ئەمەش کاتێک دەبێت کە خودی ئافرەت لە پەروەردەیەکی سەردەمی بەهرەمەند بێت و لە پەراوێزخراوی و نایەکسانی و هەڵاواردن ڕزگاری بێت. لەو ڕێگەیەشەوە بەشێوەیەک ئاستی مەعریفیی بەرزبکرێتەوە کە دایکێکی هۆشیار بێ و توانای پێگەیاندنی نەوەیەکی مرۆڤدۆست و یەکسانخواز و نیشتمانپەروەری هەبێت، کە هاوژینێکی یەکسان و هاوئەرک و ماف بێ نەک پاشکۆ و گوێڕایەڵ، کە ڕێگە کراوە بێت لە پێشیدا بۆ بەشداری هاوتا و کارا لە سەرجەم کایەکان، لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە قەرەبووی ئەو ستەم و جیاکارییە مێژووییەی بۆ بکرێتەوە کە دووچاری بووەتەوە و بەپاشی خشتووە و لە چەندین بوار و کایەی گرنگ دووری خستۆتەوە یان ڕۆڵی لاواز کردووە. چونکە بە دڵنیاییەوە دایکێکی لاواز لەڕووی کەسایەتی ناتوانێت نەوەیەکی بەهێز پەروەردە بکات، کۆمەڵگەش بەبێ ئازادی ئافرەت ئازاد نییە، بۆیە پەروەردەی ئافرەتان ڕۆڵێکی مەزنی نیشتمانی هەیە.


Designed and developed by AVESTA GROUP