ئافرەت و دەربازبوون لە کۆت و بەندی نەریتە کۆمەڵایەتییەکان

د.ڤیان سلێمان
23/10/2021

داب و نەریتەکان بریتین لەو باوەڕ و ڕێوڕەسمانەی کە هزر و تێڕوانینی مرۆڤەکان لە قۆناخ و سەردەمەکانی پێشووتر باوەڕیان پێیبووە و لە ژیانی ڕۆژانەیان پراکتیزیان کردوون، بەوپێیەش بوونەتە بەشێک لە باوەڕی کۆمەڵایەتی و کولتوری کۆمەڵگە و  لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە گواستراونەتەوە و بوونەتە سەرچاوەی کردار و ڕەفتار و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤیان ئاڕاستە کردووە. لە باسکردنی ئەم بابەتە تەنها مەبەستم لەو داب و نەریت بەها کۆمەڵایەتییانەیە، کە بوونەتە هۆکاری گرفت و دەردەسەری و سەدان ڕووداوی دڵتەزێن، واتە مەبەستم لە چەمکی داب و نەریت بەشێوەیەکی گشتی نییە، چونکە داب و نەریت لایەنی ئەرێنی هەم نەرێنی هەیە، مەبەستم ئەو نەریت و یاسا کۆمەڵایەتییانەیە کە لە خودی مرۆڤ زیاتر پیرۆزکراون و هەندێ جاریش ژیانی مرۆڤ بە تایبەت ئافرەت کراوە بە قوربانی پاراستنیان، یان بە هۆکاری ئەو داب و نەریتانە ئافرەت لە مافی بەشداریکردن لە ژیانی گشتی بێبەش کراوە، یان بەپشتبەستن بەو نەریتانە هەندێک کار و پیشە بۆ ڕەگەزێک قبوڵ دەکرێ و بۆ ڕەگەزێکی دیکە قبوڵ ناکرێ یاخود دەبێتە جێی سەرنج و ڕێگریشی بۆ دروست دەکرێ.
ناچارکردنی ئافرەت بە پابەندبوون بە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان یان چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە لە ئافرەت و سەرنج خستنەسەر ڕەفتار و ھەڵسوکەتەکانی و گەمارۆدانی لەنێو کۆمەڵێک چەمکی لە شێوەی ڕەفتاری گونجاو بە ئافرەت، نەکەی یان نابێ و  شەرم و عەیبە و دەرنەچوون لە نەریتی باو، ئەو چوارچێوانەن کە لەژێر ناوی ئادابی گشتی و ترادیسیونی باو ئافرەتیان کۆت و بەند کردووە و ڕێگاکانی دەرکەوتن و سەرکەوتنیان لێگرتووە، چەندین ساڵ و دەیە و سەدەیە ئافرەت لەژێر ناو و بە پاساو و بۆ پابەندی بەو نەریتانە بەند دەکرێ و لێیدەدرێ و دەکوژرێ و ناچار بە خۆکوشتن و خۆسوتاندن دەکرێ. ھێزی ئەم نەریتانە بەشێوەیەک کاریگەرییان لەسەر بیروباوەڕی کۆمەڵگە ھەیە و بەشێوەیەک دەستیان پێوەگیراوە و پیرۆزکراون کە لە سەرووی ھەموو پیرۆزییەکانی دیکەی کۆمەڵگە دانراون تەنانەت ئایینیش.
سیستەمێکی کۆمەڵایەتی باوکسالاری خزمایەتی پەیوەندی خوێن  باڵادەستی ئەقڵی خیڵ و هەژموونی پیاو لە خێزاندا، تا ئێستەش لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی کوردستانین. دەتوانم بڵێم زۆرینەی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە ئافرەت دەکرێن تەنانەت تاوانەکانی کوشتنیش پالنەری سەرەکییان ئادابی گشتی و نەریتی باوە، خۆشەویستی شەرمە و شکاندنی نەریتەکانە، سکاڵاکردن لە پیاو دەرچوونە لە ئادابی گشتی، چوونە بازاڕی کار بەپێی پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگەپێدراو نییە، لە نەریتی کۆمەڵگەی کوردستانیدا ئافرەت پێگەگەکی  یەکسانی بەرامبەر بە پێگەی پیاو نییە، ئەوەی بۆ پیاو ئاسایی و ڕێگەپێدراوە بۆ ئافرەت نائاسایی و قەدەغەکراوە.
ئێمەی ئافرەتی کورد، لەمڕۆدا بەشێکی زۆر لەو نەریتانەمان شکاندووە و گۆڕانکاریمان لە تێگەیشتنە کۆمەڵایەتییەکاندا کردووە، بەشێک لەو بەهایانە گۆڕانکارییان تێدا کراوە و کۆمەڵگە بەشێک لە پێشکەوتنەکانی قبوڵ کردووە، لەمڕۆدا ئەگەر بەشێوەیەکی یەکسانیش نەبێت، بەڵام ئافرەت لە هەموو سێکتەرەکانی کار و کایەکانی ژیان و پنتێکی کۆمەڵایەتیدا بوونی هەیە، دیارە چەندین فاکتەر ڕۆڵیان لەو گۆڕانکاریانەدا هەیە، لە هۆکارەکانی جیهانگیری و گۆڕانکارییەکانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەڵام بیرمان نەچێت داینەمۆی گۆڕانکارییەکان خودی ئافرەت و قوربانیدانیەتی بۆ ئازادی و ماف و ئەرکی یەکسان. شکاندنی تابوەکان و بەزاندنی شورای کولتور و تەلبەندی داب و نەریتە، بۆیە بە خۆشحاڵییەوە ئافرەت سەرمەشقی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کولتورییەکانە، ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر بەها و باوەڕ و چەمکەکان هاتووە و تاڕادەیەک تێگەیشتنی کۆمەڵگەی ئێمەی بۆ زۆرێک لەو بەها و باوەڕانەدا هێناوە و زۆرێک لەو نەریتانەی شکاندووە کە ساڵانی پێش بەوشێوەیەی ئێستا نەبوون، لە هەمووی گرنگتر گۆڕانکاری بەسەر هەژموونی پیاوسالاری لە خێزاندا، بەرزبوونەوەی ڕێژەی سکاڵاکان و بێدەنگنەبوونی ئافرەت لە ئاست ستەم و ڕازینەبوون بە نایەکسانی، چوونەدەرەوەی ئافرەت بۆ بازاڕی کار و سێکتەرەکانی دیکەی ژیان، هەرئەوەش واتە ئازادی ئافرەت و بەشداری یەکسانی لە کۆی کایەکانی دەسەڵات و بوارەکانی ژیان گەرەنتی دیموکراسی و گواستنەوەمانە بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو.


Designed and developed by AVESTA GROUP