كاریگه‌رییه‌كانی ده‌ستدرێژی سێكسی له‌سه‌ر منداڵ

شۆخان رۆسته‌م
08/11/2021

 
ئەو کاتەی کە تەمەنم 7ساڵان بوو ، هەرکاتێک  دەڕۆیشتم لەدوکانی سەرکۆڵانەکەمان شتێک بکڕم، خاوەن دوکانەکە دەیوت تۆ کچێکی زۆر جوانی و توند لەباوەشی دەگرتم و ئازاری دەدام و منیش دەترسام ڕام دەکرد، تاکو وام لێهات ئیتر نەچم بۆ دوکانەکە ئێستا تەمەنم 28ساڵەو ئەوترسە لەناخم ماوەو ،ناتوانم زەواج بکەم وهەموو پیاوێکم لەپێشچاوکەوتووە، بوەتەهۆی ئەوەی کە لەزۆر لەقۆناغەکانی ژیان دوابکەوم، زۆر هەوڵمداوە زاڵبم بەسەر ترسەکەمدا هەر لەخوێندنەوەی سەدان کتێبی دەروونی تاکو بەشداریکردن لەدەیان کۆرسی چارەسەری دەروونی، هەروەها سەردانی کردنی مەلاو شێخ و دوعا کردن، بەڵام هیچ سودێکیان پێ نەگەیاندووم بەڵکو بووە بە مۆتەکەیەک و ژیانی داگیرکردوم .
ئەمە وتەی ڕۆشنای تەمەن 28ساڵانە ، کە هەموو ژیانی بووە بە قوربانی حەزێکی نێرینەی دوکاندارێك. دەستدرێژی یەکێکە لەخراپترین و کاریگەرترین ڕووداوەکان لەسەر دەروونی قوربانیەکە ،وەکاریگەریه‌کەی قوڵترو زیاترە لەسەر دەروونی ئەو مناڵانەی رووبەرووی دەستدرێژی دەبنەوە، و کاریگەری دەکاتە سەر هەموو جومگەکانی ژیانی قوربانیەکە، بەهۆی قورسی کاریگەریە دەروونیەکە قوربانی ناتوانێت رووداوەکە  بۆ کەسانی تر بگێرێتەوە.
ئەو منداڵانەی کەرووبەرووی دەستدرێژی دەبنەوە، توشی کۆمەڵێک کێشەی دەروونی دەبن وەک ترس، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و لەدەستدانی متمانە کە زۆرجار بۆ ماوەیەکی درێژ یاخود تاکۆتایی تەمەن لەگەڵیان دەبێت، چونکە مناڵ ناسکترە بەرامبەر رووداوەکان. وەهۆکاری بێدەنگی مناڵان بەرامبەر ئەو دەستدرێژیەی کە روویداوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە زۆرجار مناڵ نازانێت کە چ شتێکی بەرامبەر کراوەو ناتوانێت باش وخراپی رووداوەکە هەڵبسەنگێنێت، یان هەرەشەکردن لەمناڵ هۆکارێکی ترە بۆ بێدەنگبونیان ، زۆرجاریش نەبونی هۆشیاری جنسیە لەمناڵاندا.
بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی دەستدرێژی بۆ سەرمناڵان چ کچ یان کوڕ پێویستە سەرەتا مناڵان هۆشیاربکرێنەوە سەبارەت بەئەندامە تایبەتەکانی جەستەیان ، و لەلایەن دایک وباوکەوە ئاگاداربکرێنەوە و فێریان بکرێت کە هەرکاتێک رووداوێکی لەو شێوەیە روویدا پێویستە متمانە بە دایک وباوکیان بکەن وئاگاداریان بکەنەوە و لەهیچ شتێک نەترسن.

ڕێنمایی بۆ دایکان و باوکانی ئازیز:
هەرکاتێک منداڵەکەت توشی دەستدرێژی بویەوە هیچ کاتێک بەهۆی ترس لە ئابروو ،عەیبە و کۆمەڵگا ،بێدەنگی هەڵمەبژێرە بەرامبەر ئەو تاوانە، چونکە بێدەنگی دایکان و باوکان و سزانەدانی تاوانباران ئەبێتە هۆی زیاتر تەشەنەکردنی ئەو دیاردە قێزەونە، وە ببن بە پشتیوانی مناڵەکانتان و ژینگەیەکی لەباریان بۆ دروست بکەن و دڵیان بدەنەوە سەردانی دکتۆری پسپۆربکەن بۆ چارەسەری گرێ دەرونیەکان، زانیاری کۆبکەنەوە کەچۆن مناڵەکانتان پارێزگاری لەخۆیان بکەن بەرامبەر دیاردەی دەستدرێژی، بەئومێدی کۆمەڵگه‌یەکی تەندروست و دوورلەدەستدرێژی و ئازار.


Designed and developed by AVESTA GROUP