توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان، سیما وهۆکارەکانی

هێشوو دارا
26/11/2021


ڕۆژانە لەجیهاندا ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتان ڕوبەروی جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی دەبنەوە، ئەمەیش کارێکی ناشارستانیانەیە بەرامبەر ئافرەتان دەکرێت، بێگومان ئەم توندوتیژیانە کۆمەڵێک شوێنەواری خراپ لەسەر ئافرەتان جێ دەهێڵن و دەببنە هۆی تێکشکاندنی ئافرەتان لەڕوی دەرونی و هەروەها جەستەییەوە.
ئێمە وەک کۆمەڵگایەکی موسڵمان کە بروامان بەئاینداری و سروتەکانی ئیسلام هەیە، ئەوە دەزانین کە بەپێی ڕێنماییەکانی ئاینی ئیسلام و نێگەیشتنی هاوچەرخ بۆ ئاین ئەوە دەزانین خوای گەورە و هەروەها پێغەمبەری خودا محمد(د.خ)لە چەندین ئایەتی قورئانی و فەرموودەدا توندوتیژیان دژی ئافرەتان حەرام کردووە.
بەڵام لە جیهاندا بەگشتی و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتان ڕوبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە و ئەوماف وئازادیانەی تەنانەت ئاین و یایاساکان پێیان داوە لێی زەوت دەکرێت.
مەبەست وهۆکاری توندوتیژیەکان زۆرن، هەندێک لەودوندوتیژیانە بۆ کەمکردنەوەی پێگەو ڕۆڵی ئافرەتە لە کۆمەڵگەداو هێڵانەوە و سەپاندنی سیستمی پیاو سالاری وپەروازخستنی ئافرەتانە، بێ گومان خاوەنی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە زۆرهەڵەن، چونکە ئافرەتان وەکو پیاوان شایستەی هەموو شتێکی باش و شایستەن لەکۆمەڵگەدا و تواناکانیان کەمتر نیە لە هی پیاوان، بەڵکو ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێ باشتر لەپیاوانیش دەتوانن ڕۆڵ ببینن، بۆیە هیچ گومانی تیانیە کە ئەوماف و ئازادیانەی بۆ پیاوان ڕەوایە بۆ ئافرەتانیش بەهەمان شێوە ڕەوایە و دەبێ بپارێزرێن.
کۆمەڵێک هۆکار هەیە لە کۆمەڵگەدا وادەکات ئافرەتان دووچاری توندوتیژی ببن، کە خۆی دەبینێتەوە لە چەند لایەنێکدا و لەکۆتاییشدا چەندین جێکەوتی دەرونی و جەستەیی لەسەر ئافرەتان بەجێ دەهێڵن، بە کورتی ئاماژەیان پێ دەکەین:
هۆکاری کۆمەڵایەتی:
هەندێك لەو هۆکارانە ڕووخساری کۆمەڵایەتیان هەیە، کە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و بیروبۆچونی جیاواز و هۆکاری ئایینی جیاواز، کە ئەمانە هەندێکیان کاریگەری نێگەتیڤ دروست دەکات لەسەر ڕەوشی ئافرەتان لە کۆمەڵگادا. لەبەرئەوەی لە جیهاندا هەندێک بیروبۆچونی ئایینی وەها هەیە کە وادەکات یەکسانی نێوان ژن و پیاو نەهێڵێت لە مافەکاندا، یاخود تەفسیرکردنی هەندێ دەقی پیرۆز بەشێوەیەک کە ڕێگربێت لەگەیشتنی ئافرەتان بەەمافەکانی خۆی.
وە هەندێک جار لە کۆمەڵگەدا وەها پەروەردەی تاك دەکرێت کە کۆمەڵێک کار و کۆمەڵێك بوار هەیە بۆ پیاوان ئاساییەو دەبێت بکرێت بەڵام بۆ کچان و ژنان نەشیاوە، ئەمەش هەر لە منداڵیەوە ڕەگەزی نێر بەتایبەتی لەسەر ئەم بنەمایانە گەورە دەکرێن و دواجار کە گەورە دەبن باوەڕیان بە ماف و ئازادی ئافرەتان نابێت و جیاکاری لەگەڵ دایك و خوشك و کچەکانی خۆیاندا دەکەن ئینجا لەگەڵ خێزانەکانیشیان، کە ئەمەش لە کۆتاییدا دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی سەرهەڵدانی زۆربەی کێشەکانی کۆمەڵگا.
بۆ نمونە ئەو بیروڕایەی پێی وایە ئافرەتان تەنیا دەبێت لە ماڵەوە خەریکی خواردن دروستکردن و منداڵ  بەخێو کردن بن و ئافرەت نابێت بچێتە دەرەوە و داوای مافەکانی خۆی بکات، وە پیاوان هەموکات دەبێت خاوەن دەسەڵاتی یەکەم بن بەسەر ئافرەتاندا، کە ئەمانە هەندێک جار کۆمەڵێک جێکەوتی دەرونی خراپ لەسەر ئافرەتان بەجێ دەهێڵن و هەندێک جار خۆکوشتنی ئافرەتانیشی لێ دەکەوێتەوە.

-هۆکاری سیاسی:
لە کۆمەڵگا پیاوسالارەکاندا چەندین جۆری توندوتیژی دژی ئافرەتان ڕودەدات لەلایەن پیاوانەوو، بەڵام  لەسەری سزا نادرێن و تاوانباران قوتاریان دەبێت.
ئەمە لەبەرئەوەی هیچ یاسایەک نیە لەو وڵاتانەدا سزای پیاوانی توندوتیژیکاری پێ بدرێت، ئەمەش وادەکات توندوتیژی دژی ئافرەتان وەک شتێکی ئاسایی لێ بێت و هەمیشە ئەوەی پیاوان بیانەوێت بەرامبەر ئافرەتان بیکەن و بەشێوەیەکی خراپ لەگەڵ خێزانەکانیان هەڵسوکەوت بکەن بە لێدان بێت یان زەوتکردنی مافەکانیان بێت چونکە پیاوان لەوکاتەدا ترسیان لەوە نیە سزا بدرێن چونکە لە وڵاتەکەیدا هیچ یاسایەک نیە سزای پێ بدرێت.
-هۆکاری ئابوری:
زۆر جار خراپی باری ئابوری هۆکارە بۆ زیادبوونی توندوتیژی بەرانبەر بە ئافرەتان، بێ گومان ئەوە ڕوونە کە خراپی باری ئابوری یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی زیادبوونی توندوتیژی، بەتایبەت لە خێزاندا ولەنێوان ژن و مێرددا، بەتایبەتی تریش لەنێوان ئەو ژن و مێردانەدا کە لە تەمەنێکی منداڵیدا هاوسەرگیریان کردوە و سەرچاوەیەکی باشی بژێوی ژیانیان نیە، یان ئەو خێزانانەی ئافرەتەکە بێ کارە و بژێوی تەنها پیاوان پەیدای دەکەن.
هەروەها هەژاری هۆکارێکی تری زیادبوونی ئامارەکانی توندوتیژیە، یەکێکی تر لە هۆکارە ئابوریەکانی توندوتیژیی نەبوونی ئابوریەکی سەربەخۆیە بۆ ئافرەتان کە وایان لێ بکات ئەو پێداویستیانەی ئافرەت هەیەتی ودەیەوێ دابینی بکات لە کاتی نەبوونی ئابوریەکی سەربەخۆ بۆ ئافرەتان وادەکات چاویان لە دەستی خێزانەکانیان بێت وەک باوک برا یان هاوسەرەکانیان.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستوە ئەو ئافرەتانەی لەتەمەنێکی زودا هاوسەرگیریان کردوە و دواتر ڕوبەڕوی توندوتیژی دەبنەوەو بڕیاری مانەوە دەدەن لەهەمان ماڵدا لەگەڵ هاوسەرەکانیان سەرەڕای ئەو هەمو توندوتیژیەی بەرامبەریان دەکرێت لەپێناو دەستکەوتنی سەرچاوەیەکی ماددی بۆ بەردەوامیدان بە ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان کە لەلایەن هاوسەرەکانیان دەستیانەوە دەکەوێت، لەکاتێکدا ئەمانە ئامادەن چەندین جۆری توندوتیژی بەرامبەریان بکرێت قبوڵی بکەن، وە پاشان دەبێتە هۆی دروست بونی نەخۆشی دەرونی بۆیان، کە هەندێکیان بە مردن و خۆکوشتن کۆتایی دێت.
هۆکاری دەرونی:
هەندێک جار توندوتیژی هۆکارێکی تری هەیە، کە فاکتەری دەرونیە، ئەویش وەك فاکتەرێك دەبێتە هۆی زیادبونی ئامارەکانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان، ئەم فاکتەرە خۆی دەبینێتەوە لە بەکارهێنانی وشەی نەشیاو و شکاندنەوەی ئافرەتان لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا، کە ئەم بەکەم تەماشاکردنە دەبێتە هۆی بریندارکردنی هەستی ئافرەت و هەستێکی وەهای بۆ دروست دەبێت کە خۆی بەکەمتوانا و ناشایستە دێتە بەرچاو و وەك کەسایەتیەکی نزم تەماشای ڕەگەزی خۆی دەکات، بەجۆرێك دەبێتە هاوەنی دەرونێکی تێکشکاو و بێ بەرهەم. ئەم شێوازەی توندوتیژی کەمکردنەوەی پێگەی ئافرەتی لێدەکەوێتەوە لە خێزان وکۆمەڵگادا، وە کەمکردنەوەی باوەڕ بە خۆبوونی ئافرەتان لە ناو کۆمەڵگەدا بەدوادا دێت و ئافرەتان دەبنە بار بەسەر کۆمەڵگاوە لەبری ئەوەی ببێتە هاوبەش لەپێشخستنی کۆمەڵگادا.
هۆکاری کەسی:
چەندهۆکارێکی کەسی و خودی هەیە کەدەبێتە هۆکاری زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان وەک نەبوونی کەسایەتیەکی بەهێز کە وابکات ئافرەتان لەبری وەك تەواوکەر تەماشای ڕەگەزی بەرامبەر بکات کەچی بەترسەوە تەماشا دەکات، ئەو ترسەی کە لە ڕەگەزی بەرانبەر هەیانە وایان لێدەکات هەمیشە سڵ بکەنەوە لە هەماهەنگی و هاوکاری و کاری پێکەوەیی. یا خود ئەو قسە و ڕوانگانەی کۆمەڵگا هەیەتی لەبارەیانەوە دەبنە ڕێگر و توندوتیژی بۆیان، وەك ئەوەی هەندێک لە ئافرەتان ڕوبەڕوی کۆمەڵێک ڕەخنەو تەنز دەبنەوە لە کۆمەڵگادا لەسەر هەر شتێک کە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە، بۆ نمونە لەسەر شێوازی گۆڕینی جل و بەرگ بێت یاخود شێوازی قسەکردن یان تەنانەت شێوە و شکڵی خودی ئاغرەتەکە لەڕوی جەستەییەوە، جا هەرکاتێک ئافرەت کەسایەتیەکی بەهێزی نەبوو و نەیتوانی ڕوبەڕوی ئەم شتانە ببێتەوە لە کۆمەڵگەدا، ئەوا ڕوبەڕوی زۆرترین توندوتیژی دەبێتەوە لە کۆمەڵگەداو پشت لە هەمو ئەومافانە دەکات کە پێویستە بە دەستی بهێنێت.
هەمو ئەوبابەتانەی سەرەوە هۆکاری سەرەکین بۆ زیادبونی توندوتژی دژ بە ئافرەتان کە لە هەموو جیهان و لە کوردستانیش بوونی هەیە، پێویستە ئەوەش بڵێین کە توندوتیژیەکان لە چەن فۆرمێکی جیاوازدا دەبینرێت وەک توندوتیژی جەستەیی کە ئەمە دیارترین جۆری توندوتیژیە بەرامبەر ئافرەتان دەکرێت لە نمونەی لێدان بە دەست یان لە ڕێگەی هەر شێوازێکی تری لێدان یان سوتان یان خنکان، وە جۆرێکی تریش توندوتیژی مەعنەویە وەک ڕێگری کردن لە ئافرەتان بۆ خویندن و هێشتنەوەیان لە ماڵەوەو بەزۆر بە شودانیان لە تەمەنێکی منداڵیدا.
جۆرێکی تری توندوتیژی، توندوتیژی سێکسیە کە بەرامبەر ئافرەتان دەکرێت، لە نمونەی گێپەڵی سێکسی و هەڕەشەکردن بە ئابڕوبردن و ناوزڕاندن و بەکارهێنانیان بۆ مەرامی تایبەت و بازرگانی پێوەکردنیان.
لە کۆتاییدا دەڵێین بۆ کەمکردنەوەی ئامارەکانی توندوتیژی بەرانبەر ئافرەتان پێویستە بەهەموو شێوازێک لە کۆمەڵگەدا بگیرێتەبەر بۆ کەمکردنەوە و بنەبڕکردنی هۆکارەکانی توندوتیژیەکە، هەروەها هەوڵدان بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بەرانبەر ماف و پێگەی ئافرەت، وەك بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە کۆمەڵگەدا لەڕێگە جیوازەکانەوە، وە پێویستە خودی ئافرەتان لە ڕێگای بەرنامەی تەلەفزیۆنی و کۆڕو سیمینارەکانەوە هۆشیار بکرێنەوە. لەکایەی سیاسیشدا ڕۆڵ و پێگەی گرنگ بە ئافرەتان بدرێت بۆئەوەی هەست بە گرنگی و ڕۆڵی خۆی بکات و ڕوبەڕوی هەموو ئاستەنگیەکانی ژیان و کۆمەڵگا ببێتەوە و زاڵ ببێت بەسەر بەربەست و کۆسپەکانی بەردەمیدا، لە کۆتاییشدا ببێتە هاوبەشێکی بەهێز و ئەکتیڤ لەگەڵ ڕه‌گەزی نێر بۆ پێشخستنی کۆمەڵگا و چارەسەرکردنی گرفتە جۆراوجۆرەکان.


Designed and developed by AVESTA GROUP