ھاوسەرگیری پێشوەختە ،ھۆکار و لێکەوتەكانی
ئهو جۆرە ھاوسەرگیرییە ناتەندروستەیە کە لەڕوی
( دەروونی - تەندروستی - جەستەیی)ەوە کەسەکە
ئامادە نییە بۆ ھاوسەرگیری. ئەم جۆرە لە هاوسەرگیری دوور لە بنەماکانی مافی
مرۆڤ و دوور لە بنەما یاساییەکان ئەنجام دەدرێت، پێشێلکردنێکی ئاشکرای مافەکانی
منداڵ و ئافرەتە و ھۆکارێکیشە بۆ دروستبونی کێشە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان کە
دواجار بە کوشتن یان خۆکوشتن و خۆسوتاندن یان ھەڵوەشاندنەوەی خێزان یاخود خیانەتی
هاوسەری (وەک تۆڵە کردنەوە ) کۆتایی دێت .
ھۆکارەکانی
ھاوسەرگیری پێشوەختە چین ؟
١- کەمی ھۆشیاری کۆمەڵگە دەربارەی لێکەوتە خراپەکانی ھاوسەرگیری پێشوەختە :
ئەمەش پەیوەندی بە کلتورو دابونەریتە کۆمەڵایەتیەکانەوە
ھەیە، کۆمەڵگەی ئێمە ھێشتا لەو بیرە چەق بەستوەدا ماوە کە دەبینێت منداڵەکانیان (
بەتایبەتی کچان ) وردە وردە گەورە دەبن ئیتر ترس لەوەی توشی کێشەیان نەکەن و شەرەفی
خیزان و بنەمالەکە لەکەدار نەکەن خێرا دەیان دەن بە شو و لەکۆڵ خۆیان دەکەنەوە .
٢- نەبونی داھاتی سەربەخۆ:
زۆربەی کچان بێکارن و خاوەن داھاتی سەربەخۆی
خۆیان نین، چونکە باوک یان برا ڕێگە نادەن کچ یان خوشکیان کار بکەن ، ئەمە وایکردوە
کە کچهكان چاوەڕێی دەستی باوک یان برا بن
تا پێویستی ڕۆژانەیان بۆ دابین بکەن و پارەیان
بدەنێ، لە ڕوی ئابوورییەوە فشارە بۆ باوک و براکان، لە ڕووی دەروونییشەوە فشارێکی
ناخۆشە بۆ کچ کە هەندێکجار هەست دەکەن باوک و براکانیان خێریان پێدەکەن ، ئەمە وایکردوە
بەشێک لە کچان هاوسەرگیری پێشوەختە بەهەموو خراپیەکانییەوە بەباشتربزانن لەو بارودۆخەی
تێیدا دەژین لە ژێردەستی باوک و برادا .
. ٣-جێبەجێنەکردنی یاسا وەک خۆی ھۆکارە بۆ زیادبونی ھاوسەرگیری پێشوەختە :
ھەرچەندە کاری یاسا دابینکردنی ئەرک و مافی
ھاوڵاتیانە و سەپاندنی سزایە بەسەر سەرپێچی کاراندا ، بەڵام چاوپۆشی کردن لە جێبەجێکردنی
سزاکاندا ھەیە ، جیا لەوە تاکی کۆمەڵگەی ئێمە ھۆشیاری کەمە دەربارەی ئەو یاسایانەی
لە دادگاکاندا هەن و کاریان پێدەکرێت، ھەربۆیە ئەمجۆرە هاوسەرگیرییە زۆرکات لە دەرەوەی
دادگاکان ئەنجام دەدرێت.
٤- ترسی کچان لە ھەڵکشانی تەمەنیان و قەیرە بونیان : ھۆکارە بۆ ئەوەی کچان لە تەمەنێکی زۆر کەمدا بیر
لە پرۆسەی ھاوسەرگیری بکەنەوە ، لەبەرئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆربەی پیاوان ئارەزوی
ئەوە دەکەن کە ھاوسەرگیری لەگەڵ کچانی کەم تەمەندا بکەن و کەمتر بەلای کچانی تەمەن
هەڵکشاودا دەچن .
٥- بونی توندوتیژی لەناو خێزان
دا :
ھۆکارە بۆ ئەوەی کچان لە تەمەنێکی کەمدا پەنا
بەرنەبەر ھاوسەرگیری بۆئەوەی لەو بارە ناخۆشە خێزانی و سایکۆلۆژیە
ناخۆشە و لەو ژینگە پر توندوتیژیە دوور بکەونەوە.
٦- کاریگەری ھاورێ و کەسانی
دەوروبەر:
کاتێک ھاورێ و کەسانی دەوروبەر کاریگەریان لەسەر
ژیانی تایبەتی دروستکرد دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی چاو لە ھاورێ بکات، یاخود بە قسەی
ھاورێ و کەسانی دەوروبەر بکات بیر لە ھەبوونی ھاورێی کوڕ یان بیر لە خۆشەویستی
بکاتەوە لە تەمەنێکی زۆرکەمدا کە دواجار کاریگەری خراپ لەسەر ژیان دروست دەکات ، بۆیە
باشترین شت ئەوەیە کە ( ھیچ کاتێک ھاورێ کاریگەری نەبێت لەسەر ژیانی تایبەتیتان).
٧- بەداخەوە هۆکارێکی دیکەی هاوسەرگیری پێشوەختە ئاینە:
لە ئاینی ئیسلامدا رێگە دراوە بە هاوسەرگیری
پێشوەختە کە ئەمەش والە خێزانەکان و دایکان و باوکان دەکات کە نەک رێگر بن لەو پرۆسەیە
بەپیچەوانەوە زۆربەی خێزانەکان هاوسەرگیری پێشوەختە وەک بەجێهێنانی ئەرکێکی ئاینی
تەماشادەکەن .
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان بەدیار کەوتوە ڕێژەی
ئەو کەسانەی کە داوای جیابونەوە ئەکەن لە ٪٧٠ ئەوانەن کە تەمەنیان لە نێوان (١٥
-٢٥) ساڵی دایە، بەمەش بۆمان دەردەکەوێت کە ڕێژەی جیابونەوەکان لە تەمەنێکی زۆر کەمدایە.
ئامانجی گشتی
ئێمە لەم بابەتە ئەوەیەکە :
١- کەمکردنەوەی ھاوسەرگیری
پێشوەختە
٢- کۆمەڵگە ھۆشیار بکرێتەوە
لە دەرئەنجامە خراپەکانی ھاوسەرگیری پێشوەختە
٣- پێویستە ئێمە ببینە دەنگی ئەوکەسانەی کە بونەتە قوربانی ھاوسەرگیری پێشوەختە .
٤-ھۆشیارکردنەوەی دایکان و باوکان لە تێکدانی ژیانی کچەکانیان بەهاوسەرگیری پێشوەختە
٥-بەکارھێنانی سۆشیاڵ میدیا لەلایەن منداڵەکان لەژێر چاودێری دایکان و باوکان
و لایەنی پەیوەندی دارگرنگە .
٦- جەخت کردنەوە لەسەر ئەو
یاسایانەی بۆ رێگری لە ھاوسەرگیری پێشوەختە داندراون .
ئامانجی تایبەتی ئێمە ئەوەیە کە کچان دەبێت تەمەنی
یاسایی خۆیان تەواو بکەن و چێژ لە ژیانی منداڵی و هەرزەکاری خۆیان ببینن و دواتر کە
عەقڵ و جەستە و دەرونیان کامڵ بو ئەوکات بیر لە ژیانی خێزانی و هاوسەرگیری بکەنەوە.
لە کۆتایدا داوا کارم لەژێر ھیچ کاریگەریەکدا
کچان ھاوسەرگیری پێشوەختە نەکەن تا ئەوکاتەی خوێندن تەواو دەکەن و دەگەن بە داھاتی
خۆیان، ھەروەھا بیانوی دانەمەزراندن و نەبونی
کار نەکەنە ھۆکار ، لەبەرئەوەی ئەگەر خوێندن تەواو بکەن ئاستی ڕۆشنبیریان زیاتر دەبێت
تێکەڵاویان لەگەڵ خەڵکدا زیاتر دەبێت، زیاتر چاک و خراپە لێک جیا دەکەنەوە، و دەوروبەرباشتر
دەناسن و ئەزمونی زۆر شت دەکەن لە ژیاندا، بەمەش کە گەشتنە تەمەنێکی گونجاو و یاسایی
باشتر دەتوانن بەرپرسیارێتی ئەو ژیانە بگرنە ئەستۆ کە هاوسەرگیری دروستی دەکات .