پیاو نە خاوەنی ئافرەتە و نە بەرپرسە لە هەڵسوکەوتەکانی

د.ڤیان سلێمان
30/05/2022

لە سیستەمی پیاوسالاریدا ئافرەت وەکوو موڵکی پیاو دادەنرێت و هەموو پرسێکی تایبەت بە ئافرەت پیاو خاوەنداری لێ دەکات، خاوەنداری پیاو لە ئافرەت یاخود بە موڵککردنی ئافرەت لەلایەن پیاوەوە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و هاوکاتە لەگەل هاتنە کایەی کۆمەڵگەی باوکسالاری و بە درێژایی هەر سێ قۆناخی کۆیلایەتی، فیوداڵی و سەرمایەداری ، بەو پێیەش باڵادەستی پیاو لە کایەکانی ئابووری و کولتووری و سیاسەت و پاوانخوازی لە تەواوی بوارەکانی ژیان چەسپاند، و بوو بە بنەمای کۆمەڵێ  بڕوا و تێز، کە ئافرەتیان بە کەمتر لە پیاو دادەنا، گوایە ئافرەت کەم ئاوەزتر و لاوازترە لە پیاو، بۆیە ناتوانێت کاروباری ژیانی خۆی بەڕێوە ببات و پێویستی بە پیاوە بیپارێزێت و کۆنترۆڵی ڕەفتارەکانی بکات، کە هەر ئەوەش بنەمای سەرهەڵدانی خاوەنداری بوو، کاتێک پیاو خۆی بە عاقڵتر و بەهێزتر لە ئافرەت دەبینی، مافی بە خۆی دا کە خۆی بە خاوەنی ئافرەت بزانێت، ئەوەش مافی بڕیاری لە ئافرەت سەندەوە و کەسایەتی سەربەخۆی ئافرەتی بەرەوڕووی ئاستەنگ کردەوە و دەتوانین بڵێین بوو بنەمای سەرهەڵدانی پرسێک بە ناوی پرسی ئافرەت کە تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە. سیمۆن دیبۆڤوار دەڵێت  »هیچ خوێندنەوە و شیکارییەکی زانستی نییە کە لە ڕێگای ئارگیومێنت و تێزە زانستییەکانەوە پێمان بڵێت کە ئافرەت لەبەر لاوازی و کەم هۆشی، دەبێت وەک ڕەگەزی دووەم تەماشا بکرێت، بەڵکوو مێژوویەکی بەربەریمان هەیە کە بە وردی ئیشی لەسەر بە کەم زانین و چاوپۆشی کردن لەسەر توانا عەقڵی و جەستەیییەکانی ئافرەت کردووە«  لە ڕاستییدا ئەوەی کە بوو بە هۆی ئەم جیاوازییە درەنگ دەرچوونی ئافرەت بووە لە چوارچێوەی بازنەی ئەرکەکانی بە پێی تایبەتمەندییە بایۆلۆجییەکانی لە چاو پیاو. لەمڕۆشدا ئەگەرچی ئافرەت  توانا هزری و جەستەیییەکانی خۆی وەک مرۆڤێکی تەواو سەلماندووە، بەڵام تا ئێستاش سەرەڕای گۆڕانکاری و پێشکەوتنی زۆر، ئافرەت بەرەوڕووە لەگەڵ نایەکسانی و نادادپەروەری، ڕێگەى پێ نادرێت خاوەن بڕیاری خۆی بێت و متمانە بە تواناکانى خۆی بکات و بڕیار لەسەر ژیانى خۆی بدات، بەڵکوو کاتێک ئافرەت ئەو هەوڵە دەدات بەرەوڕوو دەبێتەوە لەگەڵ چەندین ئاستەنگ و ئاڵنگاری.
مافی بڕیار و مافی خاوەنداری خود دوو مافی سەرەکین بۆ سەلماندنی پێگە و ئەنجامدانی ڕۆڵ لەناو کۆمەڵگە و بنەمای سەرەکین بۆ سەربەخۆیی کەسایەتی؛ بە پێچەوانەوە لە کاتی نەبوونی ئەم دوو مافە کەسێک یاخود کەسانێکی وابەستە و شوێنکەوتەمان دەبێت، بێگومان پرسی ئافرەت چەند بۆ ئێمەی ئافرەت گرنگە، دەکرێت بڵێین دوو ئەوەندە بۆ خێزان و دواتر کۆمەڵگە گرنگتریشە، ئەمەش لە پێناو سەقامگیری و گەشەسەندنی کۆمەڵگە، بەو پێیەی کاتێک ئافرەتانی هەر کۆمەڵگەیەک وابەستە و پاشکۆی ڕەگەزەکەی دیکە بن، چی چاوەڕوانییەک لە نەوەکانی ئەو کۆمەڵگەیە و ڕەوتی گەشەسەندن لەو کۆمەڵگەیە دەکرێت!

لە هەر باسێکدا تەوەر مافی ئافرەت بێت دەگەڕێینەوە سەر توندوتیژی، چونکە پرسی ئافرەت هەموو تەوەرەکانی بەیەکەوە پەیوەستن، لێرەدا دەکرێت بڵێین نەبوونی مافی خاوەنداری و مافی بڕیار هۆکاری سەرەکین بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی دەرهەق بە ئافرەت، چونکە نەبوونی ئەم دوو مافە کاریگەرە لەسەر لاوازی شوناس و کەسایەتی و لێرەشدا سزادان ئەگەرێکی کراوە دەبێت لە لایەن دەوروبەرەوە. دیمەنەکە لێرەدا بەو شێوەیە کاتێک مافی خاوەنداری و مافی بڕیار لە دەستی خودی ئافرەت نەبێت و لە دەستی پیاو بێت، ئەو کاتە ئافرەت دەبێتە کەسایەتییەکی لاواز و کەسی لاوازیش هەمیشە مافی پێشێل دەکرێت و توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، ئەو کاتە پیاو بڕیار دەدات ئافرەت چی بیروڕایەکی هەبێت و چی کارێک دەکات و چی پیشەیەک هەڵدەبژێرێت و تەنانەت کەی دەبێت بمرێت و کۆتایی بە ژیانی بهێنرێت، وەکوو لە تاوانەکانی کوشتنی ئافرەت بە پاساوی پاراستن و گەڕانەوەی شەرەف لەلایەن پیاوانی هەرە نزیک لە ئافرەتەکە ئەنجام دەدرێت تەنانەت وەکو لە چەند کەیسێکی کوشتنی ئافرەت بینیمان لە جیابوونەوەشدا، لە کاتێکدا ئەو جیابوونەوەیە لەسەر خواستی ئافرەت بێت، ئەو پیاوە هاوسەری پێشووتری دەکوژێت، چونکە جیابوونەوە بە مافی خۆی دەزانێت، کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مافی خاوەندارییەی بە پیاو دراوە و ئەو هەستی خاوەندارییەی لە دەروون و بڕوای پیاودا چێنراوە، بەوەی ئەو خاوەنی ئافرەتە و بەرپرسە لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی.
بەو پێیەش هیچ ڕێگەیەکی دیکە لە بەردەم ئافرەتدا نییە، جگە لە تێکۆشان بۆ گەڕاندنەوەی مافی خاوەنداری و وەرگرتنەوەی لە دەستی پیاو، کە دەتوانین بڵێین لەمڕۆدا ئافرەت بەشێکی لەو مافەی بۆ خۆی گەڕاندووەتەوە.


Designed and developed by AVESTA GROUP