شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و دەستکەوتەکانی لە بواری کۆمەڵایەتیدا

د.ڤیان سلێمان
12/09/2022

شۆڕش چەمکێکی گشتییە لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بەمەبەستی گۆڕان لە قۆناخێکەوە بۆ قۆناخێکی تر لە ئەنجامی خواستی جەماوەری بەرفراوان بۆ کۆتاییهێنان بە بارودۆخێک بەهۆی بوونی ستەم و نادادپەروەری و دواکەوتوویی.
بەهۆی خواستی داگیرکاری و دەستدرێژی وڵاتانی دەوروبەر شۆڕش و جووڵانەوە چەکدارییەکان بەشێکی دانەبڕاو بوون لە مێژووی گەلی کوردستان، بەڵام وێڕای فاکتەری دەرەکی و نا بەرامبەری هێز، فاکتەرەکانی خێڵایەتی و ناوچەگەری و نا یەکگرتوویی ناوخۆیی هۆکاری ئەوە بوون کە جووڵانەوەکان درێژەیان نەبێت و بە ئاکام نەگەن.
یازدەی ئەیلوولی هەر ساڵێک بە شانازییەوە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەریەتی باوکی ڕۆحی نەتەوەیی کورد بارزانی نەمر دەکەینەوە، شۆڕشی ئەیلوول وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە بارودۆخی کوردستان و عێراق و بووە مایەی دەستکەوتی گەورەی مێژوویی بۆ گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە. هەروەها کاریگەری ڕیشەیی لەسەر ژیان و چۆنیەتی بیرکردنەوەی هاونیشتمانییان هەبوو، شۆڕشی ئەیلوول نەک تەنیا شۆڕشێکی چەکداری بوو بۆ ڕزگاری لە داگیرکەر و ستەمکار بەڵکوو لە هەمان کات شۆڕشێکی هزری و کۆمەڵایەتیش بوو.
شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێکی سەرتاسەری گشتگیر بوو کە لە کاتێکدا گوزارشتی لە خواستی سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی دەکرد، هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی، هەڵگرانی بیروباوەڕی سیاسی جیاواز، پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان و هەر دوو ڕەگەزی مرۆڤ ئافرەت و پیاو بەشدارییان لە شۆڕشدا کرد، ئەوەش وای کرد شۆڕش هەموو چوارچێوەکانی ناوچەیی و شێوەزار و خێڵ تێپەڕێنیت و شوناسێکی سەرتاسەری بە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان ببەخشێت کە شوناسی کوردستانی بوو.
شۆڕشی ئەیلوول هۆکار بوو بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشتی و تەبایی کۆمەڵایەتی و گەشەسەندنی مافی تاک بە تاکی سەرجەم پێکهاتەکان و سەرەتایەک بوو بۆ کرانەوە و زەمینەسازی بەرەو کۆمەڵگەی جیهانی و کۆتایی هێنان بە دۆخی چەقبەستوویی کۆمەڵگە.
لەگەڵ بەرپابوونی شۆڕشی ئەیلوول و لە سنووری قەڵەمڕەوی شۆڕش چەندین بڕیار بە مەبەستی چاکسازی کۆمەڵایەتی و بەرجەستەکردنی مافەکانی ئافرەت دران و کۆمەڵێک چاکسازی لە شێوەی چەند یاسایەک بۆ ڕێکخستنی ژیانی دانیشتووان ڕاگەیەنران، لەو چاکسازییانەش وەک نەهێشتنی ئەو دیاردە ناڕەوایانەی کە مافی ئافرەتیان پێشێل دەکرد وەک مارەیی و بە شودانی بە زۆر و ژن بە ژن و گەورە بە بچووک، ڕێنەگرتن لە دڵخوازی کوڕان و کچان و سەربەست کردنیان لە پێکهێنانی ژیانی هاوسەری، ڕێکخستنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی یەکسان، چەسپاندنی پێکەوە ژیانی ئایینی و یەکسانی و یەکتر پەسەند کردن لە ناوچەکانی قەڵەمڕەوی شۆڕش، لەسەر ئاستی سیاسی پلەی ئەندامێتی سەرکردایەتی بۆ ئافرەت تەرخان کرا، ئەمەش وێڕای ڕۆڵی ئافرەت لە شۆڕشی ئەیلوول کە ئافرەتانی کوردستان شایستەترین ڕۆڵیان گێڕا.
ئەو بڕیار و چاکسازییە کۆمەڵایەتییانەی کە لە سەردەمی شۆڕشدا ئەنجامدران و بناغەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ بنەما و بەهاکانی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و سەردەمی نەمر شێخ عەبدولسەلام بارزانی کە ڕێگەی نەدا مافی ئافرەت پێشێل بکرێت و ئەو دیاردانەی نەهێشت کە لە شکۆی ئافرەت کەم دەکەنەوە، دواتر بارزانی باوک درێژەی پێدا و ئێستاش ڕابەر و پێشەنگی نیشتمانیمان سەرۆک بارزانی پارێزەر و درێژەپێدەریەتی، هەر ئەو هەنگاوانە بوون بە بناغە بۆ ئەوەی جیاواز لە هەموو ئەم ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئافرەتی کورد لە ئافرەتانی هەموو نەتەوەکانی تر مافی هاوشانی و یەکسانی زیاتر هەبێت، هەر ئەو هەنگاوانەش بوون بە بناغە بۆ هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە لە ئێستادا ئێمەی ئافرەتانی کوردستان پێی گەیشتووین.


Designed and developed by AVESTA GROUP