توندوتیژی و بەردەوامییەکانی

لیا سیف الدین
22/02/2023

 
توندوتیژی دژی ئافرەتان پەیوەست نیە بە کات و شوێنەوە ، لە ھەموو کۆمەڵگەکاندا ئەم دیاردەیە هەیە جا چی کۆمەڵگەی پێشکەوتووبن چی کۆمەڵگەی دواکەوتوو، بێگومان لە جۆر و ئاست و ئامرازەکانی توندوتیژیدا لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەلگەیەکی دیکە جیاوازی هەیە ، بۆ نمونە لە ولاتێکی وەک ئێران یان ئەفغانستان توندوتیژی لەسەر جۆری جل و بەرگ و سەر روتکردن توندە و رەنگە کوشتن یان زیندانی کردنی لەدوابێت بەلام ئەم جۆرە لە توندوتیژی لەولاتێکی ئەمریکای لاتین یان هیندستان یان ناوەراستی ئەفریقا نەبێت بەلکو لەوێ جۆری تری توندوتیژی هەبێت ، وێرای ئەم جیاوازیەش زۆرێک لە توندوتیژیەکانی دیکە رەنگە وەک یەک بن یان نزیک لەیەک وەکو توندوتیژی خێزانی و توندوتیژی و دەستدرێژی سیکسی و تادوایی ،  ئافرەتان  لە کۆمەڵگەدا لە لایەن باوک، برا، ھاوسەر، کەسوکاری نزیک وەک خاڵ و مام و تەنانەت ئامۆزا و خاڵوزاش بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بەپێی دەرەنجامی لێکۆلینەوەکان جگە لەوەی کە کاریگەری نێگەتیڤ و خراپی دەبێت لەسەر ئافرەتان وەک تاک ، کاریگەرییەکی زۆر خراپ و مەترسیداریشی دەبێت لەسەر  خێزان و کۆمەڵگە ، دەبێتە ھۆی ئەوەی کە شیرازەی خێزان و کۆمەڵگەش لێک بترازێت.

لەگەڵ فراوانبوونی کۆمەڵگە و زیادبوونی ئامرازەکانی تاوان و هاتنە ناوەوەی کلتووری جیا جیا و تێکەڵ بوونی بە کلتووری کورد کێشە کۆمەڵایەتییەکان زیادیان کردوە بەجۆرێک کە خەریکە لە کۆنترۆڵ دەردەچن، کوشتنی ئافرەتان بە بیانووی جۆراوجۆر زیادبووە ، جیاوازی لە نێوان تاوانباراندا دەکرێت، زۆرجار بکوژانی ئافرەت براونەتە زیندان و جارێکیتر بە لێبوردنێکی تایبەت ئازاد کراون ، حوکمی یاسا جێگەی خۆی نەگرتووە ، لەبەرئەوەی کە سزا وەکو خۆی جێبەجێ ناکرێت و تا ببێتە عیبرەت و پەند بۆ کەسانی تر تا تاوان بەرامبەر بە ئافرەتان  دووبارە نەکرێتەوە ..
‎بەکورتیەکەی رۆژ دوای رۆژ توندوتیژیەکان بەرانبەر ئافرەتان لە زیاد بووندایە و جۆری توندوتیژیش لە زیادبووندایەو هۆکارو پاساوی ئەم توندوتیژیانەش لە زیادبووندایە ، بەشێک لە م توندوتیژیانەش بەداخەوە پەل دەهاون بۆ کوشتن ، هۆکاری ئەمانەش بەشێکی دەگەرێتەوە بۆ هۆشیاربوونەوەی ئافرەتان بەمافەکانیان و چیتر قبوڵ نەکردنی بن دەستی و سوکایەتی پێکردن و ماف پێشێلکردن و وەک مرۆڤ سەیر نەکردنیان لەلایەن پیاوانەوە ،بەشەکەی تریشی دەگەرێتەوە بۆ داخراوی کۆمەڵگه‌ و زاڵی کلتووری خێڵ و مێشک داخراوی بەشێک لە پیاوان ، بەشەکەی دیکەشی پەیوەستە بە کێشە ئابووری و کۆمەلایەتیەکانی دیکەوە کە پیاو و ئافرەت هەردووکیان تێیدا بەر ئەو توندوتیژی و کوشتنە دەکەون ، چارەسەر بۆ کەمکردنەوەو بنەبڕ کردنی ئەم دیاردانەش چەسپاندنی یاسایە وەک خۆی و رێگریکردنە لە دەربازبوونی تاوانکاران بە کەفالەت و سوڵحی عەشایەری و پاساوی جۆراو جۆر لەلایەک ، لەلایەکەی تریش پرۆسەی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگه‌یە بەماف و ئازادیەکانی هەردوو رەگەز و مافەکانی مندال و ئەندامانی خێزان لە دایەنگه‌وە بۆ زانکۆ و ریفۆرمکردنێکی بنەرەتیە.


Designed and developed by AVESTA GROUP