ئافرەت ده‌بێت خۆی دوور بخاته‌وه‌ لە بەکارهێنانی وەک کاڵەیەك

فه‌زیله‌ شۆرش
09/03/2023

  رۆژی جیهانی ئافرەتان سەرکەوتنی ئافرەتە بەسەرنایەکسانی، خۆپیشاندانی ئافرەتان لە نیویۆرک دژی خەرابی بارودۆخی کارکردن ونایەکسانی مووچەیان لە کار و گێچەڵی سێکسی له کاتی کار، وایکرد پێشنیاری رۆژی ٨ مارت کەببێتە رۆژێکی جیهانی ئافرەتان پەسند بکرێت ،بەڵام لە بەر بوون و مانەوەی نا یەکسانی تا رادەیەکی زۆر لە جیهان، خەباتی ئافرەتان لە هەموو جیهان تا ئەمرۆش بۆ دەستەبەربوونی مافی ئافرەتان بەردەوامه‌، ئافرەت و مافی ئافرەت لە هەموو جیهان پارێزراو نیە بە شێوەیەکی پێویست.
 لە وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ بوونی ئەم هەموو یاسایانە کە لە بەرژەوەندی ئافرەت و مرۆڤدایە، هێشتا مافی ئافرەت بە و شێوەیە نیە کە بڵێن ئافرەت لە ئەوروپا دەستەبەری هەموو مافەکانی خۆی بووە، راستە لە ووڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا و ئەسکەندەنافیە جەخت لە سەر مرۆڤایەتی پێش رەگەزایەتی دەکەن، بەڵام پێشلکردن لە مافەکانی ئافرەتانیش زۆر بە زەق دیارە و ئافرەت داد و بێدادە لە دەست ئەم پێشلکردنانە، هەر بۆیە ئەم هەموو رێکخراوەی ئافرەتان هەیە کە خەبات بۆ مافی ئافرەت دەکەن، نموونەی ئەم پێشل کردنانە، بە کالا کردنی ئافرەتە، بۆ رکلامکردنی کەلوپەل تا زۆرترین ژمارەی بفرۆشن ئافرەت بەکاردێت بۆ ئەم ریکلامە . لەبارەی مو چەی ئافرەتیش لە کار ، ئافرەت مووچەی کەمترە لە پیاو ،بە بیانۆی منداڵبوون و زووتر نەخۆش بوونی ئافرەتە. پێویستەئافرەت خۆی لە هەموو کارو پرۆژەی بە کاڵاکردنی دوور بخات و باوەری بە خودی ئافرەت بوون و تواناکانی خۆی هە بێت، گرنگە هەوڵی بەردەوام بێت بۆ پێگەی و مافەکانی ،کاتێک بەردەوام بوو لە خوێندن ، پێگەی خۆی بەرز دەکات و دەبێتە مرۆڤێکی تێگەیشتوو و مافەکانی زوو پێشل ناکرێت. کاتێک کە رۆژی جیهانی ئافرەتان ٨ مارت لە کوردستان بەرز رادەگرین، پێویستە ئەم رۆژە ببێتە رۆژێکی هاندەر و لەسەری بوەستین هۆ ئەوەی بزانین چۆن وبە چ شێوەیەکی دروست ئافرەت یەکسانی و پێگەی خۆی باشتر دەکات و چۆن سوود لەو هاوکاری و پاڵپشتیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هەیەتی بۆ دۆزی ئافرەت وەربگرین، کاتێک کە ئافرەتان لە رۆژی ٨ مارتی ساڵی ١٩٠٨ خۆپیشاندانیان رێکخست حکومەتی وولاتیان پالپشتیان نەبوو. کەواتە ئافرەتانی کوردستان زەمینەیان بۆ رەخساوە و پیشتیوانێکی گرنگیان هەیە بۆ گەیشتنیان بە مافەکان و یەکسانیان لە گەل پیاوان ،ئەوەی گرنگە خودی ئافرەت خۆیەتی کە خۆی دوور بخات لە بەکارهێنانی وەک کالەیەک.




Designed and developed by AVESTA GROUP