کێشەی ئەمڕۆی ئافرەت لە هەرێمی کوردستان

هه‌ژێن لوقمان
پێش 3 هەفتە

کێشەی ئەمڕۆی ئافرەت لە هەرێمی کوردستان

نێرسالاری و جیاکاری کردن لەنێوان رەگەزی نێر و مێ، مێژوویەکی دێرینی هەیە لەنێو کۆمەڵگای کوردیدا، بەشێکی زۆری کێشە کۆمەڵایەتییەکانیش، لێیەوە سەرچاوەیان گرتووە؛
پاش گەیشتنی شۆڕشی ئەلیکترۆنی و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان
و ئاشنا بوون بەکلتوری کۆمەڵگاکانی تر و زیاد بوونی پێداویستیەکانی ژیان و هەوڵ و کۆششی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە پرسی ئافرەتان، لە کۆمەڵگای کوردیدا، تا ڕادەیەک لە هەندێک ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بار و دۆخی ئافرەتان و ژیانیان ڕووی لە باشی کردوە، بەڵام لە هەندێک بەشی تری ناوچەکەدا، زیانی بە ژیان و باردۆخی ئافرەتان گەیاندووە، چونکە بیر کردنەوەی تاکی کۆمەڵگای ئێمە هێشتا گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتوە کە ئەم بەرەو پێش چوونەی جیهان پەسەند بکات، لەبەر ئەم هۆکارەش ئەو مافانەی کە لە ئەمڕۆدا کۆمەڵگا بە ئافرەتی دەدات ئەقڵیەت و بیر کردنەوەی خێزانەکەی ناتوانێت پەسەندی بکات، چونکە هێشتا زۆرێک لە خێزانەکان، لەژێر هەژموونی کلتور و نەریتە کۆنەکانن و ناتوانن بە ئاسانی دەستبەرداریانبن، بۆیە لێرەدا ئەوەی دەبێتە قوربانی و باجەکەی دەدات خودی ئافرەتە، کە زۆر کات بە گیان و ژیانی خۆی باجەکەی دەدات.
 بۆیە ئێمە پێویستمان بە بڵاو کردنەوەی هۆشیاری هەیە لەسەر ئەم بابەتە بۆ زیاتر ئاشنا کردنی کۆمەڵگا بە مافەکانی ئافرەتان و یەکسانی ڕەگەزی و قوبوڵ کردنی یەکتر، وە پێویستە لە منداڵیەوە منداڵەکانمان لەسەر ئەم شێوازە پەروەردە بکەین، سێکتەری پەروەردە ڕۆڵی سەرەکی هەیە پەروردە کردنی تاکەکانمان لە تەمەنی منداڵیدا، بە تایبەت لە قوتابخانەکاندا، پێویستە هۆشیاری بدرێت بە قوتابیان، وە لەسەر ئەو سیستەمە پەروەردە بکرێن، بەیەکتر ئاشنا بکرێن وە ئەوەی ئافرەت و پیاو هەردوکیان دوو مرۆڤی ئاساین وە بەیەکتری نامۆ نین، دەتوانن هاوڕی بن وەک چۆن لەگەل ڕەگەزی خۆیان هاوڕی دەبن، بۆ ئەوەی تاکێکی تەندروست و بیر کردنەوەیەکی تەندروست بە کۆمەڵگا ببەخشیت لە کۆتایدا،  تاکێکی مرۆڤ دۆرست بێت و سودی بۆ کۆمەڵگا هەبێت.


Designed and developed by AVESTA GROUP