يەك هەرێم يەك حوكمەت

هاوژین ڕەسوڵ
پێش 3 هەفتە

 
له‌ رۆژانی رابردوودا له‌ چوارچێوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌ی پزیشكیی میزۆپۆتامیا، سه‌رۆك بارزانی له‌ وتارێك ئاماژه‌ی به‌ زۆر پرسی هه‌نووكه‌یی و گرنگ كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی قسه‌ له‌سه‌ركردنه‌، ئاماژه‌ی به‌ پرسێكی زۆر هه‌ستیار كرد، ئه‌ویش كاركردنه‌ بۆ یه‌ك هه‌رێم و یه‌ك حكوومه‌ت بۆ كوردستان. بێگومان ئه‌و په‌یڤانه‌ی سه‌رۆك زۆر هه‌ڵده‌گرێ و مانای زۆری هه‌یه‌ بۆ قۆناغی ئێسته‌، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناغی حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی نوێدایه‌، پێویسته‌ له‌ ئێسته‌وه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ بكرێت یه‌ك هه‌رێم و یه‌ك حكوومه‌ت و یه‌ك په‌رله‌مانمان هه‌بێت.


 به‌تایبه‌تی ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و گۆڕانكاریی هه‌نگاو ده‌نێت و هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن، نه‌خشه‌ی سیاسیی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گۆڕانكاریی به‌خۆیه‌وه‌ ببینێ، مه‌رجی هه‌موو سه‌ركه‌وتن و به‌رگریكردنێكیش رێكخستنه‌وه‌ی ناوماڵی كورد و یه‌كگوتاری و یه‌كهه‌ڵوێستی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌، تا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رده‌م ئاڵنگارییه‌كان خۆی ئاماده‌ بكات و به‌ره‌نگاری هه‌ر پیلانێك ببێته‌وه‌ بۆ سه‌ر قه‌واره‌ی سیاسی و ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان.


ساڵانی رابردوو زۆر به‌ ئاشكرا هه‌ندێ كه‌س و لایه‌نی سیاسیی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، هه‌وڵی زۆریان دا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌رت بكرێت و حكوومه‌ت ئیفلیج بكرێت، بینیمان به رۆژی رووناك پیلان هه‌بوو تا به‌شێكی هه‌رێمی كوردستان بگه‌ڕێته‌وه‌ باوه‌شی به‌غدا و دنیایه‌ك كێشه‌ و ئاسته‌نگیش بۆ كابینه‌ی نۆ دروست كران، تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كارگه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر دروست بكرێت و هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌ سه‌نته‌ری گواستنه‌وه‌ی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ نێوان وڵاتانی هه‌رێمی.


به‌وه‌ش نه‌وه‌ستان، به‌ڵكو ده‌ست به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن، تیرۆركردن، هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ چه‌ندان كه‌س كرا، بێگومان به‌بێ پاڵپشتیی هێزی ده‌ره‌كی و هه‌بوونی پیلانێكی پێشتر داڕێژراو، ئه‌و هه‌موو تاوانه‌ ئه‌نجام نه‌دراون، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ په‌نا برایه‌ به‌ر تێكدانی ئارامی و ئاڵۆزكردنی ره‌وشی ته‌ناهیی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سووتاندنی بازاڕ و زیانگه‌یاندن به‌ ئابووری خه‌ڵكی كاسبكار و ره‌سه‌نی شاره‌كانی كه‌ركووك و هه‌ولێر و دهۆك، بێگومان به‌رده‌وامبوونی ره‌وشه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هیچ لایه‌نێكی سیاسی نییه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه‌.


هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی چیتر به‌رگه‌ی یاساشكێنی و په‌رته‌وازه‌یی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ناگرن، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ یه‌كڕیزیی ناوماڵی كورد هه‌یه‌، رێگه‌ به‌ هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن نه‌درێت ئیتر یاری به‌ چاره‌نووسی قه‌واره‌ی سیاسی و ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی بكرێت، هه‌روه‌ها به‌ یاسا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، سنوورێك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ دابنرێت كه‌ ده‌ستیان له‌گه‌ڵ هه‌ندێ وڵاتی ناوچه‌كه‌ و هێزی میلیشیا تێكه‌ڵ كردووه‌، له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌شدار ده‌بن له‌ كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌ت، شه‌ریكی نیوه‌ڕێگه‌ نه‌بن، وه‌ك له‌ كابینه‌ی نۆ بینیمان ته‌نیا له‌ ده‌ستكه‌وته‌كاندا هه‌ندێ لایه‌ن هاوبه‌ش بوون، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كاتێك حكوومه‌ت رووبه‌ڕووی قه‌یرانێك ده‌بووه‌وه‌، خۆیان ده‌دزییه‌وه‌.


دوای هه‌ڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبه‌ر، هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌ و قۆناغی نوێ هه‌نگاو ده‌نێت، كوردستان پێویستی به‌ یه‌ك هه‌رێم، یه‌ك حكوومه‌ت، یه‌ك په‌رله‌مان هه‌یه‌ بۆ پێشخستنی هه‌رێمی كوردستان و باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتییان.




Designed and developed by AVESTA GROUP