یەکێتی ئافرەتان لە شەست و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا
ئەمڕۆ یەکێتی ئافرەتانی کوردستان مۆمی ٦۸ ساڵەی لەدایکبوونی
دادەگیرسێنێت. شەست و هەشت ساڵ لەمەوپێش ئەم ڕێکخراوە چووە پاڵ کاروانی بزووتنەوەی
ئافرەتانی جیهان لەلایەک و بزاڤی ئازادیخوازی گەلەکەی لەلایەکی دیکە. یەکێتی
ئافرەتانی کوردستان لە دڵی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان هاتۆتە بوون و
ڕێکخراوێکە شانازی ئەوەی پێ دەبڕێ کە بەشداری شۆڕش و خەباتی ڕزگاری گەلەکەی کردووە
و ڕۆڵی هەبووە لەبڵاوکردنەوەی هۆشیاری نەتەوەیی لە نێو ئافرەتان؛ هەروەها ڕێکخستنی
ئافرەتان و داکۆکیکردن لە مافەکانیان بە ئامانجی دەستەبەربوونی یەکسانی، بەوپێیەش هاتنە
دەرەوەی ئافرەت و ئامادەیی لە بواری گشتی و خۆڕێکخستنی لە فۆرمی ڕێکخراوەییدا.
لەو سەردەمەی کە ئەم ڕێکخراوە دامەزراوە زۆر قورس
بووە بۆ ئافرەت کە کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی بکات لە کۆمەڵگەیەکی نەریتپارێزی
پیاوسالار لە سنوورێکی جوگرافی داگیرکراو و دەورەدراو بە وڵاتانی داگیرکار کە
کەمترین بڕوایان بە مافی گەلان و دیموکراسی نەبووە. لێرەدا پێویستە ئاماژە بکەین
بەو ڕوانگەیەی لەوەها سەردەم و هەلومەرجێکدا هزری ئەوەی کرد ئەو بزاڤە ئازادیخوازە
بەبێ بەشداری و هاوبەشی ئافرەت ناچڵ و ناتەواوە، هەربۆیە زەمینەی بەشداری ئافرەتی
ڕەخساند. لێرەوە درود بۆ ڕۆحی ڕابەری بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بارزانی
نەمر کە لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی ئەو ڕابەرە مێژووییە ئەم ڕێکخراوە دامەزرا.
هەرلێرەدا پێویستە بە گرنگییەوە باس لە ڕۆڵی ئەو
پێشەنگانەی کە لەو سەردەمەدا دڕیان بە شەوەزەنگی ترسی داگیرکەر و ستەمی کۆمەڵایەتی
دا و هاتنە نێو کۆڕی تێکۆشانی یەکسانی مرۆڤایەتی و ئازادی نەتەوەیی بکەین. مێژووی
یەکێتی ئافرەتان پرشنگدارە بە ناوی سەدان ئافرەتی ئازا و ئازاد؛ کە بە بوێری و
ڕۆحی ئازادییان ڕێچکەی داب و نەریتی کۆنەپارێز و هزری نزمڕوانین لە ڕۆڵ و توانای
ئافرەتیان شکاند و بوون بە سەرمەشقی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ئافرەتانی کوردستان؛ هەربۆیە
پێویستە لە ئاست سەرچڵی و ئازاییان ڕێز بنوێنین.
دوای ئەو ماوە دوورودرێژە
و تا ئێستاش؛ یەکێتی ئافرەتان ڕێکخراوی جێ متمانەی زۆرترین ئافرەتانی کوردستانە.
ڕێکخراوی ڕەنگدانەوەی فرەیی و پلۆرالی هەرێمی کوردستانە بە گشت نەتەوە و ئایینە
جیاوازەکان، یەکێتی ئافرەتان شانازی بەوە دەکات کە ئافرەتانی گشت پێکهاتە ئاینی و
نەتەوەییەکان ئەم ڕێکخراوەیان بە نوێنەر و شوێنی گونجاوی خەباتکردنیان زانیوه. لایەنێکی دیکەی
درەوشاوەی کار و گوتاری ئەم ڕێکخراوە و دەرکەوتنی وەک ڕێکخراوی داکۆکیکار لە مافی
سەرجەم ئافرەتانی کوردستان و ڕەنگە هەر ئەوەش لە زۆر لە ڕێکخراوەکانی دیکە جیای
بکاتەوە، ئەوەیە؛ کە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان داکۆکیکاری بێ ئەملاو ئهولا و ڕاستەقینەی
مافی ئافرەتە و پرسی ئافرەتی لەخۆگرتووە بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی بیروڕای سیاسی
و ئایدۆلۆژیا. خاوەنداری لە کێشەی هەر ئافرەتێکی کوردستانی لەهەر ڕووبەرێکی
جوگرافی و سەر بە هەر بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیایەک بێت، کردووە.
یەکێتی ئافرەتان، ڕوانگەی
بۆ پرسی ئافرەت و گوتاری ڕێکخراوەیی لەسەر بنەمای تێکۆشان بۆ یەکسانی ئاڕاستە دەکا، بە تەواوی خۆی بەدوور دەگرێ لە
بانگەشەی توندوتیژی و چاندنی ڕق لە ڕەگەزەکەی دیکە، بیری پیاوسالاری بە سەرچاوەی
ستەمی سەر ئافرەت دەزانێ نەوەک پیاو، هاوکات لەگەڵ ئەوە نییە تەنها لایەنێکی پرسی
ئافرەت ببینرێ و بەردەوام وەک قوربانی پیشان بدرێ، بەوپێیەش بە دەسکەوتەکان شانازی
دەکا هاوکات چاوی لە ئاست کەموکورتییەکانیش داناخات و هەمیشە داکۆکیکاری سەرڕاست و
سەرسەختی پرسی ئافرەتە.
لەڕوانگەی هزری مرۆڤدۆستی
و دیدی ئافرەتانە لە فاکتەرە ئابووری و فکری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی
دروستبوونی پلەبەندی ڕەگەزی دەکۆڵێتەوە و لەژێر ڕۆشنایی چەمکە ئینسانی و هاوچەرخ و
ئایدیا پێشکەوتووەکان بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی کوردستانیانە؛ خوێندنەوەی بۆ
فاکتەرە ئاماژە بۆکراوەکان هەیە و میکانیزمی گۆڕین و کار لەسەر کردنیان لە
بەرنامەی کاری خۆی بە گرنگ دادەنێ.
لە دیدی یەکێتی
ئافرەتانی کوردستانەوە پرسی ئافرەت و پرسی ڕزگاری نەتەوەیی پرسێکی هاوئاست و
هاوتەریبە و لە خەبات بۆ ڕزگاری دەبێت ئەو دوو پرسە بە یەکسانی ئاڕاستەبکرێن و
یەکێکیان پێشی ئەوی دیکەیان نەخرێت. پێویستە ئافرەت هاوبەشێکی سەرەکی و یەکسان بێت
لە ناوەندەکانی بڕیاری سیاسی و سەرجەم دەسەڵاتەکان و گشت بوارەکان و سیاسەتی
یەکسانی جێندەری بە تەواوی لە سەرجەم جومگەکان ڕەنگ بداتەوە و بچەسپێنرێ.
گۆڕینی ڕوانگە و
تێڕوانینی کۆمەڵایەتی دەربارەی ڕۆڵ و توانای ئافرەت لە ئەرکە هەرە لە پێشینەکانی
ڕێکخراوەکهمانە و بڕوای
تەواومان بەوە هەیە کە تا ڕوانگە و دیدگای کۆمەڵایەتی بۆ ئافرەت و ڕۆڵی ئافرەت
نەگۆڕیت لە ڕوانگەیەکی ڕەگەزگەرای پیاوسالار بەرەو ڕوانگەی مرۆڤدۆستانە و
بەگرنگدانانی توانا و وزەی ئافرەت وەک هاوبەش؛ ئەستەمە کە گۆڕانکاری لە پێگەدا
دروست بێت.
توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت لە زۆر فۆرمدا و لەناو
بەشێکی سەرەکی لە پانتایی کۆمەڵایەتی و لەنێو زۆرێک لەو چەمکانەی ژیانی کۆمەڵایەتی
کۆمەڵگەکەمان پێک دەهێنن؛ بوونی هەیە و بەبێ گۆڕانکاری لەو چەمکانە هاوکات لەو
تێڕوانینەی لە هزری پیاودا بۆ ئەو تێگەیشتنانە دروست بووە؛ ئەستەمە بتوانرێ ئاستی
توندوتیژی و کوشتنی ئافرەت بە پاساوی پاراستنی شەرەف کەم بکرێتەوە و نەهێڵدرێ،
بێگومان بە پاڵپشتی یاسایەکی توند و هەمەلایەن کە خوێندنەوەی بۆ سەرجەم بوار و فۆرمەکانی توندوتیژی بەرامبەر
ئافرەت کردبێت، هەموو ئەوانەش بە پاڵپشتی ڕاگەیاندنێک کە كۆمەڵگە بخاتە
ژێركاریگەری هزری مرۆڤدۆستانە بەئاڕاستەی چاكسازی كۆمەڵایەتی و ڕۆنانی
پەیوەندییەکی مرۆڤانە لە نێوان هەردوو ڕەگەز.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لەو ڕوانگە و لەو
گۆشەنیگایانەوە لە پرسی ئافرەت دەڕوانێت کە لە سەرەوە ئاماژەمان پیکرد و بۆ
بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان لە ئەرک و دەرفەت و بەرپرسیاریەتی و پەیوەندییەکی
مرۆڤانەی دوور لە هزر و هەژمونی ڕەگەزی و بەشدارییەکی یەکسانی ئافرەت لە هەموو
سێکتەرەکانی کۆمەڵگە و تەوەرەکانی ژیان؛ بەرنامەکانی خۆی بەردەوامی پێ دەدات ئەوەش
بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و دروستکردنی فشار بۆ جێگیرکردنی دید و ڕوانگەمان بۆ پرسی
ئافرەت.