دەسەڵاتی سفر

خانزاد سەعدی عەلی
22/12/2020

دەسەڵاتی سفر: ئەو دەسەڵاتەیە کە بەپێی یاسا و دەستوور، عورف و عادەت، فەرهەنگ و کلتوور، زمان و ئەدەبیات هیچ دەسەڵاتێکی دیاریکراوی نییە، بەڵام لە واقیعدا دەسەڵاتێکی ڕەها و کاریگەری هەیە و زۆر جار لە سەرووی هەموو دەسەڵاتەکانە.
لە دوای پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و گەیشتنی ئينتەرنێت و شەپۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ کوردستان؛ "دەسەڵاتی سفر" لەسەر دەستی کۆمەڵە گەنجێکی (نەزان و بێسەواد، بێ بڕوانامە و عیلم و مەعریفە، بێ بیرۆکە و پلان، بێ دیدگە و ئامانج) لەنێو کۆمەڵگەیەکی ڕۆژهەڵاتیی پیاوسالاری سەرمایەدار دروست بوو، ئەو کۆمەڵە گەنجە لەژێر ناوی "مۆدێل، شاجوان، فاشن و مێیکئەپ ئارتست، کارساز/بزنسکار، بێژەر، رۆژنامەوان، هونەرمەند و...) دوور لە تایتل و کارە سەرەکییەکە؛ تەنها خەریکی نمایشکردنی روخسار و بازرگانیکردن بە جەستە و پڕكردنی بە بۆتۆكس و فیلەر و دەیان نەشتەرگەری جوانكاری و پێشبڕکێکردن لەسەر گرانبەهاترین لەشولار و كێ زۆرترین پارەی پێدەدا؛ لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵەکانی تیڤی ناوخۆ و ئاسمانی و کەناڵی تایبەت لە یوتیوب و هۆیەکانی دیکەی گەیاندن  و بڵاوکردنەوە؛ خۆیان خزاندە نێو هەموو ماڵێکی کوردستان و دەرەوەش بەبێ ئەوەی هیچ لە یاساو ڕێسای ئەو کارانە و چۆنییەتی بەکارهێنانی لە ڕێگەی تەکنۆڵۆجیای سەردەم و سۆشیەڵ میدیا ڕەچاوبكەن. بە کورتی، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و چاولێکاری دروستبوون و  پشکی شێریش بەبەر کچان و ژنان کەوت.

هۆکاری دروستبوونی ”دەسەڵاتی سفر” لە کوردستان و عێڕاق و چەند وڵاتێكی هاوشێوەی دەوروبەر لەلایەن ئەو نوخبە سەقەت و سەرلێشێواوە، دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی دەسەڵاتێکی گەندەڵ و نا سیستماتیک، حوکمڕانییەکی پەرتەوازە و فرە حزبی ناکۆک، تێکەڵبوون و تەداخولی دەسەڵاتەکان بەیەکتری، نەبوونی یەكسانی و دادپەروەریی، نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە ڕێگریکردن بەو جۆرە کارانە، قەیرانی دارایی و سیاسی، شەڕ و ناکۆکییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، خراپیی سیستمی پەروەردە، نەبوونی هەلی كار، نا هۆشیاری خێزان و کۆمەڵگە، كاڵبوونەوەی پەیوەندیی خێزان و لێکترازان، بێ سانسۆری و بەربڵاوی ئینتەرنێت و هۆیەکانی گەیاندن، زۆربوونی باندەکانی لەشفرۆشی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ، زۆربوونی یانەی شەوانە و کازینۆ و باڕەکان بە نهێنی و ئاشکرا، فراوانبوونی بازاڕ و زۆربوونی کاڵای بازرگانی، زۆربوونی سەنتەر و كلینیكی نەشتەرگەری و جوانكاری، لە هەمووشیان زیاتر حەز و ویستی ئەو نوخبەیە بە دەسەڵات و ناوبانگ و دەوڵەمەندبوون بە ماوەیەکی کورت و بێ ماندووبوون.

لە ئەنجامدا ئەو کچ و ژنانە وەکو نێچیر دەکەونە تۆڕی زۆرێک لەو سەرمایەدار و سیاسییە نێرانەی کە بۆ مەرامی بازرگانیکردن بە ژنان و تێرکردنی حەز و غەریزەکانیان ئەو ئافرەتانە ئیستیغلال دەکەن و بە ماوەیەکی کورت و لەبەرانبەر پارەیەکی زۆر و گەیشتن بە ئاواتەکانیان؛ دەیانكەنە کۆیلەی خۆیان و جگە لە نامۆبوون و دوورکەوتنەوەی ئەو ئافرەتانە لە خانەوادە و ژیانێکی ئاسوودە و لەدەستدانی شکۆ و بەها پیرۆزەکانی مرۆڤ؛ هەندێک جار بزردەبن یان بە تراژیدیا لەناو دەچن، یاخود باجی ئەو ناوبانگ و دەوڵەمەندبوون و جەستەفرۆشتنە بە قورسی دەدەنەوە و دەبنە قوربانی هەمیشەیی ئەو پیاوانە! بەڵام قازانجی هەرە گەورەی زۆربەی ئەو کچ و ژنانە ئەوەیە کە دەتوانن ئەو پیاوانە کۆنتڕۆڵ بکەن و ڕۆلی کاریگەریان هەبێت لەسەر بەرزترین ئاستی دەسەڵات و بڕیاردان، هەروەها دەستێکی باڵایان هەیە لە شێواندنی بزاڤی ئازادی و یەكسانی ژنان و لەكەداركردنی ئافرەتانی كوردستان بە گشتی.

ئەو جۆرە دەسەڵاتەی ئەو کچ و ژنانە ناودەنێم "دەسەڵاتی سفر" چونکە زۆرجار لە دەسەڵاتی یەکەم تاکو پێنجەمیش بەهێزتر و بەربڵاوترە، لە کاتێکدا بە فەرمی بوونی نییە و لە واقیعدا بوونی هەیە و زۆریش کاریگەرە. ژمارەی "سفر"یش دووسەرەیە، ئەگەر لەپێش ژمارە دابنرێ؛ ژمارەكە زۆر زیاد دەكات ئەگەریش لە پشتی ژمارە دابنرێ؛ هیچ بەهای نابێ، هەروەها سفر لەگەڵ هەر ژمارەیەکی دیکە کۆبكرێتەوە ژمارەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر جارانی هەر ژمارەیەک بكرێ، ژمارەکەش لەگەڵ خۆی دەکاتەوە بە سفر.


Designed and developed by AVESTA GROUP